Erbil 11°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 16:42

دوای جەژنی قوربان دەنگ لەسەر ھەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەدرێت

کوردستان TV
100%

شڕۆڤەکاری سیاسی، خالید دەبونی لەبارەی ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سوننەکان سەبارەت بە پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت کە هیچ بەرەوپێشچوونێک لە پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەراندا نەبووە، چونکە لایەنە سیاسییە سوننەکان لەسەر ئەوە ڕێککەوتوون کە ڕێکنەکەون و ھاوکات شڕۆڤەکاری سیاسی، ئەسیر شەرع ئاماژە بەوە دەکات کە بەمزووانە لایەنە سوننەکان لەبارەی دەستنیشانکردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران دەگەنە ڕێککەوتن.

پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ناکۆکی خستووەتە نێو ماڵی سوننەکان و تا ئێستا ھیچ ئاسۆییەکی ڕوون نابیندرێت لەوەی لایەنە سوننەکان لەبارەیەوە بگەنە ڕێککەوتن.

ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سوننەکان لەبارە پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دوای ئەوە سەریھەڵدا کە ڕۆژی 14ی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو، دادگای باڵای فیدڕاڵی، ئەندامییەتی محەمەد حەلبووسی لە ئەنجوومەنی نوێنەران ھەڵوەشاندەوە و نزیکەی هەشت مانگە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بێ سەرۆکە.

لە دوای بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵی لەبارەی ھەڵوەشاندنەوەی ئەندامییەتی محەمەد حەلبووسی لە ئەنجوومەنی نوێنەران، ھەریەک لە ھاوپەیمانی تەقەدووم، ھاوپەیمانی سەروەریی کە بە دوو لایەنی سەرەکی سوننە لە پرۆسەی سیاسی عێراق دادەندرێن، سەرەڕای ئەنجامدانی زنجیرەیەک کۆبوونەوە و گفتوگۆ، بەڵام لەسەر کاندیدکردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران نەگەیشتنە ڕێککەوتن.

تا ئێستا زنجیرەیەک دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنەکە ئەنجامدراون، بەڵام بەھۆی ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سوننەکان نەتوانراوە کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران ھەڵبژێردرێت.

لەئێستادا ڕکابەرییەکە بۆ بەدەستھێنانی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران لە نێوان بەربژێری پارتی تەقەدووم، مەحموود مەشھەدانی و بەربژێری ھاوپەیمانیی سەروەریی، سالم عیساوی دایە.

ھەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پێویستی بە دەنگی 166 ئەندامی ئەنجوومەنەکە ھەیە، بەڵام ھیچکام لە بەربژێرەکان نەیانتوانی دەنگی پێویست بەدەستبھێنن، بۆ ئەوەی ببن بە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.

-" لایەنە سیاسییە سوننەکان لەسەر ئەوە ڕێککەوتوون کە ڕێکنەکەون"

شڕۆڤەکاری سیاسی، خالید دەبونی لەبارەی ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سوننەکان بۆ یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران ڕایگەیاند: "ھیچ بەرەوپێشچوونێک لەسەر ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سوننەکان نەبووە، چونکە لایەنە سیاسییە سوننەکان لەسەر ئەوە ڕێککەوتوون کە ڕێکنەکەون و پێدەچێت قەیرانەکە لەناو ماڵی سوننە چارەسەر نەکرێت، بەڵکو لەلایەن لایەنەکانی دیکەوە چارەسەر بکرێت".

خالید دەبونی  گوتیشی: "ئەوەی جێگای داخە ناکۆکییەکانی لایەنە سوننەکان ئەوەندەی لەسەر بەدەستھێنانی پۆستەکانە، لە بەرژەوەندی گشتی و پێکھاتەی سوننەدا نییە".

ئەو شڕۆڤەکارە سیاسییە ئاماژەی بەوەدا کە لایەنە سوننەکان، ھیچ پڕۆژەیەکی سیاسییان بۆ خزمەتکردنی پێکھاتەی سوننە نییە، بەڵکو پڕۆژەکانیان تەنھا بۆ بەدەستھێنانی پۆست و دەسەڵاتە و گوتی: "ساڵانێکی زۆرە ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سوننەکان درێژەی ھەیە و بەردەوام جیابوونەوە لەنێو ئەو لایەنانە ڕوودەدات و ئەو ھاوپەیمانیانەش کە لەنێوانیان پێکدەهێندرێن، لەسەر بنەمای بەرژەوەندی تەسکی حزبی و کەسین و، ئەوەی پەیوەندیدارە بە بەرژەوەندی و داواکارییەکانی پێکھاتەی سوننە، ئەوە لە دەرەوەی گرنگی ئەو لایەنانەیە".

خالید دەبونی وای بۆ دەچێت کە ناکۆکییەکان لەبارەی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران لەنێو ماڵی سوننەدا چارەسەر ناکرێت و گوتی: "پێم وا نییە ناکۆکییەکان لەبارەی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران لەنێو ماڵی سوننەدا چارەسەر بکرێت، بەڵکو لەلایەن لایەنەکانی دیکەوە لەناو ئەنجوومەنی نوێنەراندا چارەسەر دەکرێت، کێشەکە ئەوەیە کە ژمارەیەک لە لایەنەکانی سەربە چوارچێوەی ھەمانگی شیعە ھاوبەشن لە پەکخستنی ھەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەران، ئەوەی لە دانیشتنەکەی ئەم دواییەی ئەنجوومەنی نوێنەران ڕوویدا، بەڵگە لەسەر ئەوەی کە بەشێک لە لایەنەکانی سەربە چوارچێوەی ھەماھەنگی لەگەڵ ئەوەدان دۆخی ئێستا تا کۆتایی ئەم خوولەی ئەنجوومەنی نوێنەران تا دەگاتە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکانی داھاتوو، وەک خۆی بمێنێتەوە، بەمەش خواستی چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعە بۆ سەپاندنی ھەژموونی خۆی بەسەر جومگەکانی هەر سێ دەسەڵاتە سەرۆکایەتییەکە، بەدی دێت".

شڕۆڤەکاری سیاسی، خالید دەبونی لەبارەی سیناریۆکانی بەردەم یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران ڕوونیکردەوە کە پێویستە فراکسیۆنە سوننەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ داوا لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران بکەن، بۆ ئەوەی دانیشتنێکی تایبەت بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەن ئەنجام بدات و ئەگەر ئەو داواکارییە جێبەجێ نەکرا، ئەوە پێویستە ٥٠ ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران بە کۆکردنەوەی واژوو، داواکارییەکە پێشکەش بە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران بکەن و ئەگەر جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران ئامادە نەبوو، ئەوا دەتواندرێت سەرۆکێکی کاتی ھەڵبژێردرێت، بۆ ئەوەی وادەی ئەنجامدانی دانیشتنێکی تایبەت بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەن دیاریی بکات، ئەوەش بەپێی یاسا و دەستوور ڕێگای پێدراوە".

- " دوای جەژنی قوربان دەنگ لەسەر ھەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەران دەدرێت"

شڕۆڤەکاری سیاسی، ئەسیر شەرع لەبارەی ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سوننەکان بۆ یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، گوتی: "لایەن و ھاوپەیمانییە سوننەکان گەیشتووەنەتە ئەو بڕوایەی کە قۆناغەکە بۆ ئەوان مەترسیدارە و خەریکە بەڕەکە لەژێر پێیان دەرھێندرێت، دوای ئەوەی لە دەستنیشانکردنی بەربژێرێک بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران شکستیان ھێنا".

ئەسیر شەرع رایده‌گه‌ێنێت، دەنگۆی ئەوە ھەیە کە لایەنە سوننەکان بەمزووانە لەسەر دەستنیشانکردنی کەسێک بۆ جێگرەوەی محەمەد حەلبووسی کە لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەران دوور خراوەتەوە ڕێکدەکەون، چونکە لایەنە شیعەکان ھەڕەشەی ئەوە دەکەن کە ئیتر ناتوانن لەسەر بەردەوامی ناکۆکییەکانی لایەنە سوننەکان لەبارەی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، دان بەخۆیاندا بگرن و پشوو درێژبن، بۆیە لەوانەیە دوای جەژنی قوربان ئەگەر لایەنە سوننەکان لەبارەی نیشانکردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران نەگەنە ڕێککەوتن، ئەوا کەسایەتییەکی شیعە بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بەربژێر دەکرێت و ھەموو ئەگەرێکیش لە پڕۆسەی سیاسی لە عێراق لە ئارادایە لە کاتێکدا بەپێی ئەو نەریتییە سیاسییەی کە ساڵانێکە لە عێراق پەیڕەو دەکرێت، پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران مافی سوننەیە".

لە ساڵی 2005ەوە لەسەر بنەمای نەریتێکی سیاسیی لە عێراق کە بە "پشکپشکێنە" ناسراوە، پۆستی سەرکۆمار بۆ کورد، سەرۆکوەزیران بۆ شیعە و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ سوننە بووە.

گوتیشی: "نابێت ئەوەشم لەبیر بچێت کە لایەنە دەرەکییەکانیش کاریگەرییان لەسەر لایەنەکان لە عێراق ھەیە، بە تایبەتیش لەبارەی دەستنیشانکردنی کەسایەتییەکان بۆ پۆستەکانی ھەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق".

شڕۆڤەکاری سیاسی، ئەسیر شەرع ڕاشیگەیاند: "دەنگۆی ئەوە ھەیە کە بەمزووانە لایەنە سوننەکان لەبارەی دەستنیشانکردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران دەگەنە ڕێککەوتن و دوای جەژنی قوربان دەنگ لەسەر ھەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەران دەدرێت".

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.