Erbil 11°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 16:44

گەورەترین گۆڕی بەكۆمەڵی سەردەمی داعش لە عێراق هەڵدەدرێتەوە

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ یەكشەم دەست كرا بە هەڵدانەوە گەورەترین گۆڕی بەكۆمەڵی لە عێراق كە پێشبینی دەكرێ نزیكەی 1500 قوربانی دەستی چەكدارانی داعشی تێدابێت.

گۆڕە بەكۆمەڵەكە لەنێو بیرێكە كە بە (چاڵی علو عەنتەر) ناسراوە و دەكەوێتە شارۆچكەی تەلعەفەر لە رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا، بەگوێرەی زانیارییەكان پێشبینی دەكرێ نزیكەی 1400 تا 1500 تەرمی تێدابێت كە زۆرینەیان توركمانن و قوربانی دەستی چەكدارانی داعشن دوای دەستبەسەرداگرتنی ناوچەكە لە ساڵی 2014.

هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكە لەنێو چاڵەكە لەلایەن تیمێكی هاوبەشی عێراق و نێودەوڵەتی ئەنجام دەدرێت، هێنانەدەرەوەی تەرمەكانیش رەنگە ماوەیەكی زۆر بخایەنێ بەهۆی زۆری و گەورەیی كارەساتەكە.

لەبارەی هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكە پێشتر دەزگای شەهیدانی عێراق رایگەیاندبوو كە كاتی زۆریان پێویستە بەهۆی ئاڵۆزی و گەورەیی و قووڵی چاڵەكەوە، هەروەها تیمەكان دەبێت چوار نهۆم بچنە ژێر زەوییەوە بۆ گەیشتن بە تەرمەكان.  

راشیگەیاندبوو كە بەهۆی ئەوەی چاڵەكە پڕە لە مار و دووپشك و خشۆكە مەترسیدارەكان، ماوەی دوو هەفتەیە شارەزایان خەریكی كاركردنن لەنێو بیرەكەدا بۆ خاوێنكردنەوە و نەهێشتنی مەترسییەكان و ئاسانكردنی كاری تیمەكان بۆ دەرهێنانی تەرمەكان.

چالی علو عەنتەر تەنیا پێنج كیلۆمەتر لە شارۆچكەی تەلعەفەر دوورە و وەك دەگوترێت تیرەكەی 50 مەترە و قووڵییەكەشی 90 مەتر، چەكدارانی داعش سزای لەسێدارەدانی هاووڵاتییانیان تێدا ئەنجام دەدا بە مەبەستی شاردنەوەی تاوانە كۆمەڵكوژییەكانیان.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.