Erbil 15°C چوارشەممە 26 حوزەیران 22:19

گفتوگۆی نێوان لایەنە سوننەکان لەبارەی یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەن گەیشتووەتە بنبەست

کوردستان TV
100%


ڕۆژی 18ی ئەم مانگە لە کاتی بەڕێوەچوونی دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنەکە، گرژی لەنێوان ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی تەقەدوومی سوننە و ئەندامانی فراکسیۆنەکانی دیکەی سوننە دروست بوو کە بەھۆیەوە دانیشتنەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.

فراکسیۆنەکانی سوننە جگە لە فراکسیۆنی پارتی تەقەدووم، ھەوڵیاندا دانیشتنەکە بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنەکە بەردەوام بێت و بەھۆیەوە ناکۆکی لەنێوان ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی تەقەدووم و ئەندامانی فراکسیۆنەکانی دیکەی سوننە دروست بوو.

لە دانیشتنەکەدا ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنەکە لە کۆی 329 ئەندام، 311یان ئامادەبوون.

ناکۆکییەکان، گرژی و ئاڵۆزی نێوان ئەندامانی ھەردوو فراکسیۆنەکەی لێکەوتەوە و بە ھۆیەوە ئەندامی فراکسیۆنی پارتی تەقەدووم لە ئەنجوومەنی نوێنەران، ھەیبەت حەلبووسی بریندار بوو.

ھەریەک لە سالم عیساوی، تەڵاڵ زوبێعی، عامر عەبدولجەبار و مەحموود مەشھەدانی بۆ بەدەستھێنانی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران خۆیان بەربژێر کرد بوو، دواتر تەڵاڵ زوبێعی لە پڕۆسەکە کشایەوە و داوای کرد دەنگ بە مەحموود مەشھەدانی بدرێت.

دوای جیاکردنەوەی دەنگەکان، سالم عیساوی 158دەنگ، مەحموود مەشھەدانی 137 دەنگ و عامر عەبدولجەبار سێ دەنگی بەدەستھێنابوو، ھاوکات 13 دەنگیش پووچەڵ کرایەوە.

هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پێویستی بە دەنگی 166 ئەندامی ئەنجوومەنەکە ھەیە، بەڵام ھیچکام لە بەربژێرەکان نەیانتوانی دەنگی پێویست بەدەستبھێنن، بۆ ئەوەی ببن بە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.

گرژیی نێوان ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی تەقەدوومی سوننە و ئەندامانی فراکسیۆنەکانی دیکەی سوننە، بووە ھۆی ئەوەی کە دانیشتنەکە بۆ کاتێکی دیکە دوا بخرێت.

ئەندامانی فراکسیۆنی تەقەدووم، خۆیان بە براوەی دواخستنی دانیشتنەکە دەزانی و لەمبارەیەوە ھەیبەت حەلبووسی لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا ڕایگەیاند: "ڕێگا نادەین دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران ئەنجام بدرێت، تاکو مافی خۆمان بەدەست دەھێنینەوە".

ئێستا گفتوگۆکانی نێوان لایەنە سوننەكان لەبارەی یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەجۆرێک گەیشتووەتە بنبەست کە ھیچ ئومێدێک نییە بگەنە ڕێککەوتن.

 ناکۆکی نێوان لایەنە سوننەکان لەبارەی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، لایەنە شیعەکانی بەسەر دوو بەرە دابەشکردووە.

ناکۆکی نێوان لایەنە سوننەکان لەبارەی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، لایەنە شیعەکانی بەسەر دوو بەرەدا بەشکردووە، بەجۆرێک بەرەیەک لە لایەنە شیعەکان پاڵپشتیی لە بەربژێری پارتی تەقەدووم دەکەن و بەرەکەی دیکەی پاڵپشتیی لە بەربژێری لایەنە سوننەکانی دیکە دەکەن.

بەھۆی ئەوەی لایەنە سوننەکان لەبارەی کاندیدکردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن، ئێستا تەنھا بە دەنگدان لە ئەنجوومەنی نوێنەران، پرسەکە یەکلایی دەکرێتەوە.

تا ئێستا ڕوون نییە بەربژێری کام لایەنی سوننە چانسی ئەوەی ھەیە وەک جێگرەوەی محەمەد حەلبووسی بە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران ھەڵبژێردرێت، چونکە لایەنەکانی سوننە، شیعە و کورد کۆدەنگی تەواویان لەسەربەربژێرێک نییە.

لایەنەکانی سەربە چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعە لەبارەی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بەسەر دوو بەرە دابەش بوونە، بەجۆرێک بەرەیەکیان پاڵپشتی لە بەربژێرەکەی پارتی تەقەدووم، مەحموود مەشھەدانی دەکەن و بەرەی دیکەیش پاڵپشتی لە بەربژێرەکەی ھاوپەیمانی سەروەریی، سالم عیساوی دەکەن.

لایەنەکانی سەربە چوارچێوەی ھەماھەنگی کە ژمارەیەک لایەنە شیعەکان لەخۆدەگرێت لە کۆی 329 کورسی ئەنجوومەنی نوێنەران، خاوەنی 130 کورسین و بەوەیش لە ئەنجوومەنەکە زۆرینە پێکدەھێنن.

 پارتی تەقەدووم پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە شایستەی خۆی دەزانێت.

لە ساڵی 2005ەوە لەسەر بنەمای نەریتێکی سیاسیی لە عێراق کە بە "پشکپشکێنە" ناسراوە، پۆستی سەرکۆمار بۆ کورد، سەرۆکوەزیران بۆ شیعە و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ سوننە بووە.

بەپێی ئەوەی، پارتی تەقەدووم لەنێو لایەنە سوننەکانی دیکە لە ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران لە 10ی تشرینی یەکەمی 2021دا، زۆرترین کورسی بەدەستھێناوە، وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بە مافی خۆی دەزانێت.

بەڵام لایەنە سوننەکانی دیکە دەڵێن: "پارتی تەقەدووم، بۆ چەند خولێک پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی وەرگرتووە و ئێستا مافی ئێمە ئەو پۆستەیە وەربگرین".
 

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.