سەرۆك ئەركانی سوپای ئێران فەرمانی كرد دەست بە لێكۆڵینەوەكان بكرێت لە هۆكاری رووداوی كەوتنەخوارەوەی هێلیكۆپتەرەكەی ئیبراهیم رەئیسی سەرۆك كۆماری ئێران و یاوەرانی لە باكوری ئێران لە شەوی رابردوودا.
بەگوێرەی ئاژانسی (میهر)ی ئێرانی، لیوا محەمەد باقری سەرۆك ئەركانی سوپای ئێران لیژنەیەكی باڵای پێكهێناوە بۆ لێكۆڵینەوە لە رووداوی كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەكەی سەرۆك كۆماری ئێران و لیژنەكەش گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەكە و دەستیان بە لێكۆڵینەوەكان كردووە.
شاندە باڵاكە لە پسپۆڕێكی فڕۆكەوانی و چەند پسپۆڕێكی تری هونەری و سەربازی پێكهاتوون.
شاندەكە لێكۆڵینەوەكانی خۆی دەكات و دواتریش ئەنجامەكەی لە دەزگاكانی راگەیاندن بڵاو دەكرێتەوە.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە سەرۆكایەتی ئێران گیانلەدەستدانی ئیبراهیم رەئیسی سەرۆك كۆمار و ئەمیر عەبدوڵاهیان وەزیری دەرەوە و یاوەرانی راگەیاند بەهۆی رووداوی كەوتنەخوارەوەی هێلیكۆپتەرەكەیان لە سنووری پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.