Erbil 15°C یەکشەممە 02 حوزەیران 22:04

بە سەرۆكایەتی خامەنەیی.. ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران لە كۆبوونەوەدایە

کوردستان TV
100%

میدیاكانی ئێران بڵاویان كردەوە، رێبەری شۆڕشی كۆماری ئیسلامی ئێران داوای ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەكی بەپەلەی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی وڵاتەكەی كردووە بەهۆی رووداوی كەوتنەخوارەوەی هێلیكۆپتەرەكەی سەرۆك كۆماری ئێران.

بەگوێرەی زانیارییەكان، ئێستا كۆبوونەوەكە بە سەرۆكایەتی عەلی خامەنەیی رێبەری شۆڕشی كۆماری ئیسلامی ئێران دەستی پێ كردووە بۆ تاوتوێی دوایین پێشهاتەكان لەبارەی رووداوی كەوتنەخوارەوەی هێلیكۆپتەرەكەی ئیبراهیم رەئیسی سەرۆك كۆماری ئێران.

ئەمە لەكاتێكدایە كە دوای رووداوەكە، ئەنجوومەنی وەزیرانی ئێران سەرجەم كۆبوونەوە و چالاكییەكانی راگرتبوو.

نزیكەی سێ كاتژمێر بەسەر رووداوەكە تێپەڕیوە و سەرەڕای هەڵمەتێكی فراوانی گەڕان لەلایەن چەندان تیم لەسەر زەوی و لە ئاسمان، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەك لەبارەی ئیبراهیم رەئیسی و یاوەرانی كە لەنێو هێلیكۆپتەرەكەدا بوون نییە، بەهۆی چڕی و فراوانی شوێنی كەوتنەخوارەوەی هێلیكۆپتەرەكە و هەروەها خراپی كەشوهەوا و بوونی تەمومژ لە ناوچەكەدا.

هێلیكۆپتەرەكە هەریەك لە ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران، حوسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان وەزیری دەرەوە، ئایەتوڵا ئەلهاشم پێشنوێژی پارێزگای تەورێز و مالیک رەحمەتی پارێزگاری تەورێزی هەڵگرتبوو.

دوای بەشداریكردنیان لە ڕێوڕەسمی كردنەوەی بەنداوی قزقەلاسی لەسەر رووباری ئاراس لە پارێزگای تەورێز، هێلیكۆپتەرەكە فڕی بوو و چەند خولەكێك دواتر لەسەر دارستانێكی فراوانی چڕ بەهۆی خراپی كەشوهەوا و تەموموژ كەوتبووە خوارەوە و تەواوی پەیوەندییەكانیش لەگەڵ هێلیكۆپتەرەكە پچڕابوو.

 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.