Erbil 15°C یەکشەممە 19 ئایار 17:41

دانیشتنی نائاسایی په‌رله‌مانی عێراق بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی نوێ به‌ڕێوه‌ده‌چێت

کوردستان TV
100%


نزیکەی شەش مانگە سوننەکان نەیانتوانیووە لەبارەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بگەنە ڕێککەوتن.

بەھۆی ئەوەی لایەنە سوننەکان لەبارەی کاندیدکردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران نەگەیشتنە ڕێککەوتن، ئێستا تەنھا بە دەنگدان لە ئەنجوومەنی نوێنەران، پرسەکە یەکلایی دەکرێتەوە.


لە دوای بڕیارەکەی دادگای باڵای فێدڕاڵی  لەبارەی ھەڵوەشاندنەوەی ئەندامییەتی محەمەد حەلبووسی لە ئەنجوومەنی نوێنەران، ھەریەک لە ھاوپەیمانی تەقەدووم، ھاوپەیمانی سەروەریی و ھاوپەیمانی عەزم کە بە سێ لایەنی سەرەکی سوننە لە پرۆسەی سیاسی عێراق دادەندرێن، سەرەرای ئەنجامدانی زنجیرەیەک کۆبوونەوە و گفتوگۆ، بەڵام لەسەر کاندیدکردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران نەگەیشتنە ڕێککەوتن.

ڕۆژی 14ی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو، دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق، ئەندامییەتی محەمەد حەلبووسی لە ئەنجوومەنی نوێنەران ھەڵوەشاندەوە و نزیکەی شەش مانگە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بێ سەرۆکە.

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕۆژی 14ی کانوونی دووەمی2024، نەیتوانی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران یەکلایی بکاتەوە، ئەوەش دوای دەنگدان بۆ دیاریکردنی سەرۆک گەیشتە گەڕی دووەم و ڕاگیرا، ڕکابەرییەکە لە نێوان بەربژێری تەقەدووم، شەعلان کەریم و بەربژێری ھاوپەیمانیی سەروەریی، سالم عیساوی مایەوە و بەربژێری عەزم، مەحمود مەشھەدانی لە گەڕی یەکەمدا، دەنگی پێویستی بەدەست نەھێنا.

لەئێستادا ھەریەک لە ھاوپەیمانی سەروەریی بە سەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر و ھاوپەیمانی عەزم بەسەرۆکایەتی موسەننا سامەڕایی و ھاوپەیمانی حەسمی نیشتمانی بە سەرۆکایەتی ئوسامە نوجێفی لەسەر بەربژێرکردنی سالم عیساوی بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕێککەوتوون.

تا ئێستا پارتی تەقەدووم بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی ھیچ کاردانەوەیەکی لەبارەی ئەو ھەنگاوەی ھاوپەیمانی سەروەریی، ھاوپەیمانی عەزم و ھاوپەیمانی حەسمی نیشتمانی، نیشاننەداوە.

ڕۆژی 18ی مانگی ڕابردوو، شەعلان کەریم لە بەربژێری پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران کشایەوە، بێ ئەوەی ھۆکارەکەی ڕابگەیەنێت.

بەھۆی ئەوەی لایەنە سوننەکان لەبارەی کاندیدکردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن، ئێستا تەنھا بە دەنگدان لە ئەنجوومەنی نوێنەران، پرسەکە یەکلایی دەکرێتەوە.

تا ئێستا دیار نییە کاندیدی کام لایەنی سوننە چانسی ئەوەی ھەیە وەک جێگرەوەی محەمەد حەلبووسی بە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران ھەڵبژێردرێت، چونکە لایەنەکانی سوننە، شیعە و کورد کۆدەنگی تەواویان لەسەر کاندیدەکان نییە.

لایەنەکانی سەربە چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعە لەبارەی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بەسەر دوو بەرەدا دابەش بوون، بەجۆرێک بەرەیەکیان لەگەڵ ئەوەدان پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی نوێنەران ھەموار بکرێتەوە و تەقەدووم بەربژێرێکی دیکە پێشکەش بکات، بەرەکەی دیکەی چوارچێوەی ھەماھەنگی لەگەڵ ئەوەدان کە لایەنە سوننەکانی دیکە ھاوشێوەی تەقەدووم بەربژێری خۆیان پێشکەش بکەن.

لایەنەکانی سەربە چوارچێوەی ھەماھەنگی کە ژمارەیەک لایەنە شیعەکان لەخۆدەگرێت لە کۆی ٣٢٩ کورسی ئەنجوومەنی نوێنەران، خاوەن 130 کورسین و بەوەیش لە ئەنجوومەنەکە زۆرینە پێکدەھێنن.

بە گوتەی شرۆڤەکارانی سیاسی، ئەگەری ھەیە یەکلایینەکردنەوەی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەلایەن سوننەکانەوە کاریگەریی لەسەر بنەمای ھاوبەشی، ھاوسەنگی و سازانی نێوان سوننە، کورد و شیعە دروست بکات.

لە ساڵی2005ەوە لەسەر بنەمای نەریتێکی سیاسیی لە عێراق کە بە "پشکپشکێنە" ناسراوە، پۆستی سەرکۆمار بۆ کورد، سەرۆکوەزیران بۆ شیعە و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ سوننە بووە.

بەپێی ئەوەی، پارتی تەقەدووم لەنێو لایەنە سوننەکانی دیکە لە ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران لە 10ی تشرینی یەکەمی 2021دا، زۆرترین کورسی بەدەستھێناوە، وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بە مافی خۆی دەزانێت.

ــ سیناریۆکانی بەردەم یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران

دوو ڕێگا لە بەردەم لایەنە سوننەکان ھەیە بۆ ئەوەی بتوانن پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوینەران لەنێو خۆیاندا یەکلایی بکەنەوە.

یەکێک لە ڕێگاکان ئەوەیە کە لایەنە سوننەکان بەڕێککەوتن کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران ھەڵبژێرێن.

ڕێگای دووەم بریتییە لەوەی ئەو پرسە بە ڕێگای دەنگدان لە ئەنجوومەنی نوێنەران یەکلایی بکرێتەوە.

ھەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پێویستی بە دەنگی 166 ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران ھەیە کە ئەوەیش بۆ سوننەکان قورس نییە، چونکە دەتوانن ئەوەیش بە ڕێککەوتن یەکلایی بکەنەوە.

سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق ھەڵدەبژێردرێت

چەند سەرچاوەیەک بە میدیاکانی عێراقیان ڕاگەیاندووە کە ڕێککەوتن لەنێوان فراکسیۆنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کراوە، بۆ ئەوەی ڕۆژی 8ی ئەم مانگە دانیشتنی نائاسایی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنەکە، ئەنجام بدرێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە دەست کەوتوون، سالم عیساوی بە ڕێککەوتنی نێوان ھاوپەیمانی سەروەریی، عەزم و حەسمی نیشتمانی بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەربژێر کراوە.

بە گوتەی سەرچاوەکان زۆربەی لایەنە سیاسییەکان پاڵپشتی لە سالم عیساوی دەکەن، بۆ ئەوەی بە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ھەڵبژێردرێت.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.