تا ئێستا بە فەرمی چوار وڵات دانیان بەوە داناوە كە شەوی رابردوو هاوكاری ئیسڕائیلیان كرد بۆ خستنەخوارەوەی مووشەك و درۆنە ئێرانییەكان.
ئەو چوار وڵاتەش بریتین لە ئەمەریكا، فڕەنسا، بریتانیا و ئوردن كە بەهۆی فڕۆكە و چەكی دژە مووشەكەكانیانەوە دەیان مووشەك و درۆنی ئێرانییان خستۆتە خوارەوە كە لە ناوخۆی ئێران و هەروەها لە عێراق و سووریا و یەمەن ئاراستەی ئیسڕائیل كرابوون.
ئەمەریكییەكان ئاماژەیان بەوەداوە كە شەوی رابردوو زیاتر لە 70 درۆنی ئێرانییان خستۆتە خوارەوە كە ئاراستەی ئیسڕائیل كرابوون.
گوتەبێژی سوپای ئیسڕائیل رایگەیاند كە فڕەنسا چەك و دژە مووشەكی بەهێز و كاریگەری هەیە و ئەویش شەوی رابردوو هاوكار بوو بۆ خستنەخوارەوەی درۆن و مووشەكە ئێرانییەكان.
لای خۆشییەوە ریشی سۆناك سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا ئاشكرای كرد كە سوپای وڵاتەكەی شەوی رابردوو دەیان درۆنی ئێرانی خستە خوارەوە كە بەرەو ئیسڕائیل ئاراستە كرابوون.
هەروەها سەرۆك وەزیرانی ئوردن دانی بەوە دانا كە شەوی رابردوو چەند درۆنێك سنووری ئاسمانی وڵاتەكەیان بەزاندبوو و ئەوانیش خستوویانەتە خوارەوە.
جەختیشی كردەوە لە بەرگریكردن لە وڵاتەكەیان بەردەوام دەبن و نایەلن بەهیچ شێوەیەك سنووری وڵاتەكەیان بكەوێتە دۆخی مەترسییەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.