Erbil 15°C چوارشەممە 01 ئایار 19:50

سوودانی: ئامانج لە سەردانەکەمان بۆ واشنتۆن کاراکردنی ڕێککەوتننامەی ستراتیژییە

کوردستان TV
100%

سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی ڕایگەیاند کە ئامانج لە سەردانەکەی بۆ ئەمریکا، کاراکردنی ڕێککەوتننامەی ستراتیژیی نێوان ھەردوو وڵاتە و ئاماژەی بەوەشدا کە لە سەردانەکەی بۆ واشنتۆن، ژمارەیەک پرسی گرنگ لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا تاوتوێ دەکات.

بەپێی ڕاگەیاندراوێکی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی بەرلەوەی ئەمڕۆ شەممە بەرەو ئەمریکا بەڕێ بکەوێت، گوتوویەتی: ئامانج لە سەردانەکەمان بۆ واشنتۆن، گۆڕینی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵاتە لە قۆناغی داھاتوو و کاراکردنی ڕێککەوتننامەی ستراتیژییە کە لەگەڵ بەرنامەی حکوومەتەکەمان بگونجێت کە تیایدا چاکسازییەکانی ئابوورییەکان دەستەبەر بکات.

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕاشیگەیاندووە: لە سەردانەکەمان بۆ واشنتۆن، دۆخی ناوچەکە و ئەو ڕۆڵەی کە گیراومانە بۆ ھیۆرکردنەوەی دۆخەکە دوای ڕووداوەکانی کەرتی غەززە، ھەروەھا کارەکانی لیژنەی باڵای سەربازیی ھاوبەش بۆ کۆتاییھێنان بە ئەرکی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق، لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن تاوتوێ دەکەم.

ھەروەھا باسی لەوەش کردووە کە لەسەردانەکەی بۆ واشنتۆن، یەکەم کۆبوونەوەی لیژنەی ھەماھەنگی ھاوبەشی پەیوەندیدار بە جێبەجێ کردنی ڕێککەوتننامەی ستراتیژیی ئەنجام دەدرێت کە لە کاتی پەسەندکردنی ڕێککەوتننامەکەدا، کۆبوونەوەی لیژنەکە ئەنجام نەدراوە و گوتوویەتی: لە کۆبوونەوەی لیژنەی ھەماھەنگی ھاوبەشدا، دۆسییەکانی بازرگانی، وزە، وەبەرھێنان، فێرکردن، گواستنەوە، ڕۆشنبیری، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گێرانەوەی ئەو پارانەی عێراق کە بە گەندەڵی براونەتە دەرەوە، تاوتوێ دەکرێن.

سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی ڕاشیگەیاندووە کە لە سەردانەکەیان بۆ واشنتۆن، زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمریکا، سەرۆک کۆمپانیا نەوتییەکان و پیشەسازییە گەورەکانی ئەمریکا ئەنجام دەدەن و دووپاتی کردووەتەوە کە ناوەڕۆکی سەردانەکەیان بۆ واشنتۆن، ئاراستەیەک دەبێت بەرەو بنیاتنانی ھاوبەشییەکی ستراتیژیی بەردەوام لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە یەکتر و پاراستنی سەروەری عێراق.

ئەمڕۆ شەممە، سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی بەمەبەستی تاوتوێکردنی ژمارەیەک پرسی گرنگ، بەسەردانێکی فەرمی بەرەو ئەمریکا بەڕێکەوت.

نوێنەرانی ھەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەی شاندی حکوومەتی عێراق لە واشنتۆن لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمریکا بەشدارن.

ڕێککەوتننامەی ئەمنی یان ڕێککەوتننامەی ستراتیجی ئەو ڕێککەوتننامەیە کە لە ساڵی 2008دا لە سەرەمی دەسەڵاتی سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا، جۆرج بۆش لە نێوان بەغدا و واشنتۆن واژوو کراوە.

لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکەدا، پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا لە سەرجەم بوارەکاندا، بەتایبەتیش لە ڕووی سەربازی و ئابووری ڕێکخراوە.

ھاوکات لە ساڵی 2021 ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش بەفەرمی کۆتاییھاتنی رۆڵی شەڕکەری ھێزەکانی لە عێراق راگەیاند و بەڵێنی بەردەوامی پشتیوانیی کردنی ھێزەکانی ئەو وڵاتەی لە بەرامبەر ھەڕەشەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش دا.

لە 15ی کانوونی دووەمی ساڵی 2023دا، سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی ڕایگەیاندبوو، تا ئێستا ھیچ وادەیەک بۆ کۆتایی ھێنان بە بوونی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دیاریی نەکراوە، چونکە ھێشتا عێراق بۆ لەناوبردنی یەکجارەکی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش، پێویستی بە مانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا ھەیە.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.