وەزیری ناوخۆی عێراق دوا وادەی كارپێكردنی ناسنامەی باری شارستانی و بەڵگەنامەكانی تری دیاری كرد و رایگەیاند كە بۆ لەمەودوا كار بە كارتی نیشتمانی دەكرێت.
عەبدولئەمیر شەمەری وەزیری ناوخۆی عێراق ئەمڕۆ شەممە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی: لە رێكەوتی 1ی نیسان (دووسبەی دووشەم) كار بە ناسنامەی باری شارستانی و سەرجەم بەڵگەنامە كۆنەكانی تر ناكرێت و تەنیا كارتی نیشتمانی لە عێراق كارا دەبێت.
گوتیشی: تا ئێستا زیاتر لە 36 ملیۆن كارتی نیشتمانی لە تەواوی عێراق بۆ هاووڵاتییان دەرهێنراوە و دەرهێنانیش لە سەرجەم فەرمانگەكان بەردەوامە.
هەروەها گوتی: لە قۆناغی داهاتوو كارتی نیشتمانی لە باڵیۆزخانەكانی عێراق لە وڵاتان كارا دەكرێت و پەنابەران دەتوانن لە شوێنی نیشتەجێبوونیان كارتی نیشمانی دەربهێنن.
عەبدولئەمیر شەمەڕی ئاماژەی بەوەش دا كە لە داهاتوودا كارتی نیشتمانی بۆ پڕۆسەی دەنگدانیش بەكاردەهێنرێ، هاووڵاتییان لە بڕی كارتی دەنگدان بە كارتی نیشتمانی دەنگ دەدەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.