Erbil 15°C چوارشەممە 08 ئایار 19:46

کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق مەرجەکانی خۆپاڵاوتنی بۆ هەڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ئاشکرا کرد

کوردستان TV
100%


بەرپرسی ھۆبەی پارتە سیاسییەکان لە لقی ھەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە 14ی ئەم مانگە دوا وادەیە بۆ وەرگرتنی ناوی کاندیدانی سەربەخۆ و، لە 13ی مانگیشەوە تا 22ی مانگ دەرفەتە بۆ پێشکەشکردنی لیستی ناوی کاندیدان بۆ ھەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان.

​ڕۆژی 3ی ئاداری2024، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی، فەرمانی ھەرێمی بۆ دیاریکردنی ڕۆژی ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمانی کوردستان واژوو کرد، بەپێی فەرمانەکە ڕۆژی 10ی حوزەیرانی 2024 بە وادەی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی گشتی بۆ خوولی شەشەمی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکراوە.

بەرپرسی ھۆبەی پارتە سیاسییەکان لە لقی ھەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، فەرھاد ئەسعەد، چۆنیەتی دابەشکردنی 100 کورسییەکەی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی بە سەر ھەر چوار پارێزگاکەی ھەرێم ئاشکراکرد و جەختی لەوەشکردەوە کە تا ئەمڕۆ نزیکەی 29 کەس فۆڕمی کاندیدی سەربەخۆ و حەفت کەسیش فۆڕمی کاندیدی پارتە سیاسییەکانیان وەرگرتووە.

فەرھاد ئەسعەد ئاشکرایشی کرد کە بۆ ھەڵبژاردنی شەشەمین خوولی پەرلەمانی کوردستان 100 کورسییەکەی پەرلەمان بەمشێوەیە بەسەر پارێزگاکان دابەشکراوە بەجۆریک 34 کورسی بۆ پارێزگای ھەولێر، 38 کورسی بۆ پارێزگای سلێمانی، 25 کورسی بۆ پارێزگای دھۆک و سێ کورسیش بۆ پارێزگای ھەڵەبجە دەبێت.

ھەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا لەبارەی ڕسوماتی بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنی پەرلەمان، فەرھاد ئەسعەد گوتی: بۆ کاندیدە سەربەخۆکان تەنیا یەک ملیۆن دینارە، بەڵام بۆ کاندیدانی پارت و ھێزە سیاسییەکان، ھەر یەکێک پێنج ملیۆن دینارە، ڕسوماتی بەشداریکردن بۆ ھاوپەیمانێتییەکانیش 10 ملیۆن دینارە، ھەروەھا پێویستە کاندید 25 ساڵی تەمەنی تەواو کردبێت.

جەختیشی لەوە کردەوە، ڕێگە بە خۆکاندیدکردنی ئەو کەسانەش نادرێت کە لە ناو حزبی بەعسی هەڵوەشاوەدا چالاکی هەبووبێت.


ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد کە ڕۆژی پێنجشەممە 14 ی مانگ دوا وادەیە بۆ وەرگرتنی ناوی کاندیدانی سەربەخۆ یان ھێزە سیاسییەکان یان کاندیدی ھاوپەیمانێتییەکان، جەختی لەوەشکردەوە کە لە 13ی ئەم مانگەوە تا 22ی ئەم مانگ دەرفەتە بۆ پێشکەشکردنی لیستی ناوی کاندیدان.

فەرھاد ئەسعەد گوتیشی: دەبێت کاندیدەکان بەربەستە یاساییەکانی کۆمیسیۆن تێپەڕێنن بۆ ئەوەی کاندیدبوونیان پەسەند بکرێت، لە نێویاندا پاکانەی دەستەی دەستپاکی، بۆ ئەمەش دەبێت ھەر کاندیدێکی سەربەخۆ یان ھێزی سیاسی و ھاوپەیمانێتی دەبێت پاکانەی خۆی بە کۆمیسیۆن بدات، بە ھەمان شێوە دەبێت کاندیدەکان پێشینەی تاوان و یاساییان نەبێت.

دەربارەی ئەوەی تا ئێستا چەند کاندید لە نووسینگەی ھەولێری کۆمیسیۆن خۆیان تۆمار کردووە، بەرپرسی ھۆبەی پارتە سیاسییەکان لە لقی ھەولێر کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، فەرھاد ئەسعەد گوتی: تا ئێستا نزیکەی 29 کەس ھاتوون فۆڕمی کاندیدی سەربەخۆبوونیان وەرگرتووە و بە ھەمانشێوەش حەوت کاندیدی پارتە سیاسییە سەردانی نووسینگەی ھەولێری کۆمیسیۆنیان کردووە، بەڵام ھیچ کەسێک سەردانی کۆمیسیۆنی نەکردووە بۆ پڕکردنەوەی کاندیدی ھاوپەیمانێتی.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.