سەرۆکی دەستەی وهبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان گوتی: بەڕەزامەندی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕێکاری تازە بۆ تاپۆکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون دەرچووە و ئاسانکاری زۆر باش دەکات بۆ تاپۆکردن و ھەفتەی داھاتوو دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، دکتۆر محەمەد شوکری، به ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگهیاند: لەسەر داواکاری و رێنمایی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لیژنەی ھاوبەشی وەبەرھێنان و شارەوانی و تاپۆ لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان پێکھاتوون و ماوەی دوو ساڵە کار دەکەن بۆ ئەوەی یەکەکانی نیشتەجێبوون لەسەر خاوەنەکانیان تاپۆ بکەن، لیژنەکان کاری زۆر باشیان ئەنجامداوە و مانگانە چەند ھەزار یەکەیەک تاپۆ دەکەن، جگە لەوە ھەر پڕۆژەیەکی وەبەرھێنانیش 60%ی تەواوکرابێت ئەوانیش تاپۆ دەکرێن بۆ ئەوەی نەتوانرێت لە دەرەوەی ڕێنماییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کڕین و فرۆشتنی پێبکرێت و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاگاداری وردەکاریەکان نەبێت.
دکتۆر محەمەد شوکری گوتیشی: لەو بڕیارە مەبەستمانە ئەو خەڵکەی ئەو یەکانە دەکڕن تاپۆی خۆیان ھەبێت و لەسەر ناوی خۆیان بێت، بۆ ئەوەی چیتر گرێبەست نەبێت و ببێتە تاپۆ و بکەوێتە سەر ناوی خۆیان، چونکە لە ڕێنماییەکانی ئەنجوومەنی باڵای وەبەرھێنان ڕێکارەکانی تاپۆکردنیش گۆڕانکاری بەسەردا ھاتووە و ئاسانکاری زیاتر دەکرێت و سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش ڕەزامەندی لەسەر داوە، بۆیە ھەفتەی داھاتوو جێبەجێ دەکرێت، ئاسانکاری زۆریش بۆ لیژنەکان دەکات بۆ ئەوەی یەکەکان لەسەر ناوی خاوەنەکانیان تاپۆ بکرێن.
ئەمەش لەکاتێکدایە، بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەرجەم یەکەکانی نیشتەجێبوون لەسەر ناوی ئەو کەسانە تاپۆ دەکرێن کە یەکەی نیشتەجێبوونیان کڕیووە و لە ھەرێمی کوردستان ژمارەیان 228ھەزار و 859 یەکەی نیشتەجێبوونە و لە خانوو و شوقە پێکدێن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.