Erbil 15°C پێنجشەممە 02 ئایار 22:12

ئەمەریکا هۆشداری توند به‌ ئێران ده‌دات

کوردستان TV
100%


دوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتێکی (ڕۆیتەرز) لە ڕۆژی 21/2/2024 سەبارەت بە ناردنی مووشەکی بالیستیکی لە ئێرانەوە بۆ ڕووسیا، ئەمەریکا هۆشداری دەداتە ئێران و دەڵێت: لە ئەگەری پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە، کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕووبەڕووی “کاردانەوەی خێرا و توندی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەبێتەوە.”

رۆژی هەینی جان کێربی گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند: “بابەتی ڕەوانەکردنی مووشەکەکان لە ئێرانەوە بۆ  ڕووسیا هێشتا بۆ واشنتن پشتڕاست نەکراوەتەوە.”

گوتیشی: “ئێرانییەکان لە ڕاپۆرتە میدیاییەکەی ئاژانسی (ڕۆیتەرز)دا بە ڕوونی ڕایانگەیاندووە بەنیازن مووشەکی بالیستیکی بۆ ڕووسیا بنێرن و هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی وا بیر بکەینەوە کە کارێکی لەو شێوەیە ناکەن.”

گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە کرد: ئەگەر کۆماری ئیسلامیی ئیران مووشەکی بالیستیکی بفرۆشێت یان بنێرێت بۆ ڕووسیا، ئەمەریکا ڕێوشوێنی زیاتر و زۆر تووند دژی ئەو وڵاتە دەگرێتەبەر.

ناوبراو گوتیشی: “ئەمەریکا لای خۆیەوە ئەم بابەتەی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان وروژاندووە، دەستی کردووە بە چڕکردنەوەی سزاکان بۆ سەر ئێران، لەگەڵ هاوپەیمانان بەدواداچوون بۆ بژاردەی دیکە دەکەین، لەوانەش لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا.”

ڕۆژی چوارشەممە (ڕۆیتەرز) بە پشتبەستن بە شەش سەرچاوەی فەرمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕاپۆرتێکدا ئەوەی ئاشکرا کرد، کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا سەدان مووشەکی بالیستیکی ڕەوانەی ڕووسیا کردووە.


ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوە ئێرانییەکانەوە نووسیوویەتی: کۆماری ئیسلامی ئێران نزیکەی 400 مووشەکی بالیستیکی لە جۆری “فاتح-110” و “زوڵفەقار”ی بۆ ڕووسیا ناردووە.

ڕۆیتەرز ئاماژەی بەوەش کردووە، کە کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای مانگی یەکی ئەمساڵەوە دەستی کردووە بە ناردنی ئەو بارە سەربازییانە بۆ ڕووسیا، دوای ئەوەی ڕێککەوتنەکە لە کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردوودا لە کۆبوونەوەکانی نێوان بەرپرسانی سەربازی و ئەمنی ئێران و ڕووسیا کۆتایی پێهات.

ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.