Erbil 8°C پێنجشەممە 23 کانوونی دووەم 06:21

ئێران هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئه‌مه‌ریكا ده‌كات

کوردستان TV
100%

ئێران ئه‌مڕۆ دووشه‌م هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ ئه‌مه‌ریكا كرد و رایگه‌یاند هه‌ر هێرشێكی راسته‌وخۆ بكرێته‌ سه‌ر خاكی وڵاته‌كه‌یان، به‌ توندی و به‌بێ دوودڵی وه‌ڵامیان بۆی ده‌بێت.

ناسڕ كه‌نعانی گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران له‌ كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی هه‌فتانه‌یدا گوتی: له‌ هه‌ر لایه‌كه‌وه‌ هێرش بكرێته‌ سه‌ر خاكی وڵاته‌كه‌مان، به‌بێ دوودڵی وه‌ڵاممان بۆی ده‌بێت.

گوتیشی: ئه‌وانه‌ی به‌نیازن ئه‌م كاره‌ ئه‌نجام بده‌ن، پێویسته‌ زۆر به‌باشی بیر بكه‌نه‌وه‌ و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك هه‌ڵوێستی خراپ نه‌نوێنن.

گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران هێرشه‌كانی چه‌ند رۆژی رابردووی سه‌ر گرووپه‌ چه‌كداره‌كان له‌ عێراق و سووریا و یه‌مه‌ن به‌ سه‌ركیشی و نایاسایی وه‌سف كرد، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ هه‌موو ئه‌م هێرشانه‌ بۆ پاڵپشتیكردنی زیاتری‌ ئێسڕائیل ئه‌نجامدراون.

فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا شه‌وی هه‌ینی و شه‌ممه‌ی رابردوو زنجیره‌یه‌ك هێرشی ئاسمانیان كرده‌ سه‌ر باره‌گای گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی سه‌ر به‌ فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران له‌ هه‌رسێ وڵاتی عێراق و سووریا و یه‌مه‌ن، هێرشه‌كانیش بۆ تۆڵه‌كردنه‌وه‌ی كوژرانی سێ سه‌ربازه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كه‌ بوو له‌ تاوه‌ر 22 له‌ بنكه‌ی سه‌ربازی سوپای ئه‌مه‌ریكا له‌نێو خاكی ئوردن.

له‌باره‌ی هێرشه‌ ئاسمانییه‌كان، جه‌یك سولیڤان راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئه‌مه‌ریكا دوێنێ یه‌كشه‌م رایگه‌یاند كه‌ هێرشه‌كانیان بۆ سه‌ر گرووپه‌كانی لایه‌نگری سوپای پاسدارانی ئێران له‌نێو خاكی عێراق و سووریا به‌ كراوه‌یی ده‌مێنێته‌وه‌.

جه‌ختیشی كردبووه‌وه‌ كه‌ ئه‌و شوێنانه‌ی له‌ عێراق و سووریا و یه‌مه‌ن هاژه‌كباران كران، پێگه‌ی سه‌ربازی و شوێنی چه‌كداری گرووپه‌كانی سه‌ر به‌ ئێران بوون‌.

راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئه‌مه‌ریكا جه‌ختیشی كردبووه‌وه‌ له‌ ئه‌گه‌ری هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌ سوپای وڵاته‌كه‌یان و هێرشكردنه‌ سه‌ریان، وه‌ڵامی توندتریان ده‌بێت.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.