Erbil 10°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 03:37

وه‌ڵامی ئه‌مه‌ریكا بۆ هێرشه‌كه‌ی‌ سه‌ر سه‌ربازگه‌كه‌یان له‌ ئوردن چۆن ده‌بێت؟

کوردستان TV
100%

گوته‌بێژی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند كه‌ وه‌ڵامیان بۆ هێرشه‌كه‌ی سه‌ر سه‌ربازگه‌كه‌یان له‌ ئوردن به‌ چه‌ند قۆناخ و هه‌نگاوێك ده‌بێت و به‌ یه‌كجار ئه‌نجام نادرێت.

جۆن كێربی گوته‌بێژی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكا ئه‌مڕۆ سێشه‌م له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: وه‌ڵاممان بۆ هێرشی سه‌ر سه‌ربازگه‌كه‌مان له‌ ئوردن به‌ چه‌ند قۆناخ و هه‌نگاوێك ده‌بێت و هه‌مووی به‌یه‌كه‌وه‌ ئه‌نجام نادرێت.

ئه‌مه‌ریكا دوێنێ دووشه‌م رایگه‌یاند كه‌ به‌ درۆنی بۆمبڕێژكراو هێرشكراوه‌ته‌ سه‌ر تاوه‌ر 22 كه‌ بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی سوپای ئه‌مه‌ریكایه‌ له‌ باكوری رۆژهه‌ڵاتی ئوردن له‌ نزیك سنووری سووریا.

راشیگه‌یاند كه‌ له‌ ئه‌نجامی هێرشه‌كه‌دا‌ 3 سه‌ربازیان كوژران و زیاتر له‌ 40ی دیكه‌ش بریندار بوون.

لای خۆشییه‌وه‌ ئه‌نتۆنی بلینكن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌باره‌ی وه‌ڵامی ئه‌مه‌ریكا بۆ هێرشه‌كه‌ رایگه‌یاندبوو: وه‌ڵامه‌كانمان له‌سه‌ر چه‌ند ئاست و قۆناخێك ده‌بێت، ره‌نگه‌ ماوه‌یه‌كی دیاریكراویش بخایه‌نێت.

هه‌ر له‌باره‌ی هێرشه‌كه‌، ئه‌مڕۆ سێشه‌م جۆ بایدن سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا سه‌رپه‌رشتی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی باڵای ئه‌منی وڵاته‌كه‌ی‌ كرد‌ بۆ تاوتوێكردنی ئه‌و سیناریۆیانه‌ی به‌رده‌ستبوون بۆ دیاریكردنی شێوازی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هێرشه‌كه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ریه‌ك له‌ جه‌یك سولیفان راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی و لوید ئۆستن وه‌زیری به‌رگریی و ئه‌ڤرێل هاینز به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌واڵگریی نیشتمانی، جێف زینتس سه‌رۆكی ئه‌ركان و چه‌ند به‌رپرسێكی باڵای تری سه‌ربازیی ئه‌مه‌ریكا به‌شداربوون.

دوای ته‌واوبوونی كۆبوونه‌كه‌، جۆ بایدن سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا به‌ رۆژنامه‌نووسانی گوتبوو كه‌ شێوازه‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هێرشه‌كه‌یان دیاریكردووه‌. به‌ڵام شێوازه‌كه‌ی بۆ ده‌زگاكانی راگه‌یاندن ئاشكرا نه‌كرد.

هه‌ر دوێنێ دووشه‌م دوای راگه‌یاندنی هێرشه‌كه‌، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ئاشكرای كرد كه‌‌ له‌لایه‌ن میلیشیاكانی سه‌ر به‌ ئێران ئه‌نجامدراوه‌ ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌نێو خاكی عێراق و سووریا چالاكییان هه‌یه‌.

بایدن جه‌ختیشی كردبووه‌وه‌ كه‌ هێرشه‌كه‌ پێشهاتێكی گه‌وره‌یه‌ و به‌ دڵنیاییشه‌وه‌ له‌ كاتێكی گونجاودا وه‌ڵامێكی گونجاویان بۆی ده‌بێت.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.