Erbil 10°C پێنجشەممە 26 کانونی یەکەم 21:32

جەنگی جەلال: ئامێری عود رەنگدانەوەی  باشی لەسەر موزیكی كوردی هەبووە

کوردستان TV
100%

هونەرمەندی بواری موزیك  دكتۆر "جەنگی جەلال "ساڵانێكە لە بواری موزیك بەتایبەتی لە بواری ئامێری (عود) ئەسپی خۆی تاوا داوە و بڕوانامەی دكتۆرای لەسە ئامێری عود لە وڵاتی میسر بەدەست هێناوە، ساڵانە لەسەردەستی ئەوە چەندین قوتابی لەبەشی موزیكی پەیمانگەی هونەرجوانەكانی هەولێر بڕوانامەی دبلۆم  بەدست دەهێنن ،تا ئێستا حەوت كەرنەڤاڵی (عود)ی ئەنجام داوە، بۆ زیاتر ئاشنا بوون بە كارو چالاكییەكانی وەكو ماڵپەڕی كوردستان تیڤی ئەم هەڤپەیڤینەمان لە گەڵ سازدا. 
* سەرەتا ئەگەر بكرێت كورتەیەك لە وێستگەكانی ژیانی هونەری خۆت بۆ خوێنەرامان باس بكەیت.
‎- ناوی تەواوم جەنگی جەلال حەسن ،هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرا لە بواری موزیك ، لەبنەماڵەیەكی فۆلكلۆریست پەروەردە بوویمە ،هەموو كات باوكم خەریكی كۆكردنەوەی  ئەدەب و هونەری كوردیە بووە ، بە واتای كۆكردنەوەی لاوك و حەیران و بەسەرهاتی میللی و فۆلكلۆری كوردی ، بۆ پاراستنی ئەرشیفی كوردی ، بۆیە هەر لەبەر ئەوە ئەو هەستە بۆمان دروست بووە كە  ڕێچكەی باوكم بگرم ، بچمە نێو جیهانی هونەری و پێش بچمە پەیمانگای هونەرە جوانەكان خۆم فێری ئامێری ساز كرد. 
‎  *لەنێو ئامێرەكانی موزیك بۆچی  ئامێری (عود) دت هەڵبژراد؟
‎- هۆكاری هەڵبژاردنی ئامێری ئامێری عود دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی كاتێ چوومە پەیمانگای هونەرە جوانەكانی هەولێر ، ئامێری ساز لە بەشی موزیك نەبوو ، بۆیە ئامێری عودم هەڵبژارد بۆ ئەوەی پەرە بە خوێندنی موزیك بدەم ، هەروەها حەزیشم بۆ ئەو ئامێرە هەبوو ، چونكە ژێدار بوو ،وەك ئامێری ساز ، ئاشناییم  لەگەڵیداهەبوو، ئامێرێكی نامۆ نەبوو بۆ من.
‎* مێژووی ئامێری عود بۆ كەی دەگەرێتەوە؟ شوێنی لەدایك بوونی ئامێری عود كوێیە؟
‎- بە پێی  توێژەری ئەلمَانی (شتاودر ) رەچەڵەكی ئامێری عود دەگەرێنیتەوە بۆ نەتەوەی كورد كە
‎پشتی بەستووە بە پاشماوەی كەل و پەلی كۆنی دانیشتوانی چیاكان كە لە كاشی ، حوسی ، خوری ، سوبارییەكان پێك هاتوون  كە لە دەریاچەی وان تا دەگاتە باكووری عێراق ، كە لە سەدەی پێنجەمی پێش زاینی  ژیاون. 
‎هەروەها توێژەی ( جۆن ریمەر ) بەهەمان شێوە ئامێری عود دەگەرێنیتەوە بۆ دانیشتوانی هەمان ناوچە ، بەڵام توێژەرانی تر رای جیاوازیان هەبووە  بۆ نموونە توێژەرانی  میسری مێژووی  عود دەگەرێنیتەوە  بۆ میسریە كۆنەكان ، توێژەرانی عەرەبی عێراقیش ئامێری عود دەگەرێنەوە بۆ سەردەمی ئەكەدییەكان ،كەچی  توێژەری  ئەمریكی  (كامب بێل ) دەڵێت  عود لە كاتێكی درەنگ گەشتە لای ئاشوری سامییەكان.  
‎ *ئەو دارانەی كە  ئامێری عودی لێ دروست دەكرێت  چ جۆرێكن یاخود  كامە جۆریان باشە ؟
‎- ماوەی 8 ساڵ وەرشەی  دروست كردنی ئامێری عودم هەبوو لە وڵاتی میسر ، ئەو دارانەی  كە بۆ كەشی كوردستان و عێراق دەگونجێت ، دار گوێزی وشك ، دار زان .فینگی، ئەڤەنۆس. 
‎* باشە بابزانین نامەی دكتۆراكەت لەسەر چی بوو؟
‎نامەی دكتۆرام لەسەر تەكنیكی ژەنین ئامێری عود  لە هەندێك وڵاتانی رۆژهەلاتی ناوەراست ، توێژینەوەیەكی بەراوردی بوو.
‎* هەندێك لە ژنیارانی عود گۆرانكاری لە تەكنیكی ژەنینی عود دا دەكەن،دەتوانیت ئاماژە بە ژنیارانە بكەیت كە خاوەنی ئەم سیفەتانن؟ 
‎- سەبارەت  بە  گۆرانكاری لە بواری تەكتیكی عود دا ، "شەریف محێدین"  بناغەیەكی باشی بۆ  ئەو ئامێرە دانایەو گۆرانكاری ڕیشەیی بووە لە سەردەمی نوێ ، لە ساڵی1936 قوتابخانەیەكی عودی دامەزراند لە بەغدا كە بەشێكی زۆری ژەنیارانی بەتوانا لە ژێر دەستی ئەو پەروەردە بوون ،وەك منیر بەشیر ،جمیل بشیر ، سلمان شاكر ،غانم حداد.. دەتوانین بڵێین گۆرانكاری ریشەیی بوو لە عود دا ،چونكە شێوازی ئەكادیمی وەرگرت ،دواتر هەر یەك لەو  چەند كەسەی باسمان كرد بوونە قوتابخانەی تری عود ،میتۆد  و شێوازی عودیان گۆڕی. 
‎* ماوەی حەوت ساڵە تۆ كەرنەڤاڵی عود لەرێگەی قوتابییەكانت ئەنجام دەدیت، ئامانج لە ئەنجامدانی ئەو كەرنەڤاڵەدا چییە؟ نیازتان وایە ساڵانە بەبەردەوامی ئەنجامی بدەن؟
‎- ئەنجامدانی كەرنەڤاڵی عود دەبێتە نوێبونەوە لە بواری گەشەسەندنی ئەو ئامێرەو ناساندنی بەشێوازێكی ئەكادیمی لە نێو ژەنیاران و كۆمەڵگا ،چونكە ئامانج بۆ ژەنیارانی عود دروست دەكات كە ساڵانە بە ئاراستەیەك بڕۆن  بەهرەمەندان و ژەنیاران زیاتر كار لەسەر بوژانەوەی موزیك بكەن .
‎دواتر ئەو كەرنەڤاڵە دەبێتە شارەزابوون و ئەزموون بۆ قوتابیان و ژەنیارانی بەشدار بوو ،بە پێی توانا هەوڵم داوە ئەو كەرنەڤالە ئەنجام بدەم بەمەستی بوژانەوەی لایەنی هونەری لە نێو كۆمەلگا ئێمەماوەی حەوت ساڵە ئەم كەرنەڤاڵە سازەكەین هیودارم بەردەوام بین . 
‎ *بە بۆچوونی ئێوە،تیپە موزیكییەكانی كوردستان تاچەند گرنگی بە ئامێری عود دەدەن؟
‎ئامێری عود ئامێرێكی سەرەكییە ، ئەو ئامێرە رۆڵی خۆی هەیە لە كاتی ئێستا  لە نێو تیپە میللیەكان  ، بە تایبەتی لەسەردەمی دامەزراندنی تیپی هەولێر لە كۆتا ساڵانی 1970 كە هەردوو هونەرمەند (وریا ئەحمەد، رزگار خۆشناو) ئەو ئامێرەیان بە شێوازێكی جوان بەكارهێنا وای كرد فۆرمێكی جوان بە تیپە میللیەكان ببەخشێت ، بۆیە تا ئێستا ئەو شێوازە جوانە رەنگدانەوەی لە نێو تیپەكان تری كوردستان هەیە ، هەروەها لە زاخۆش كۆمەلێك هونەرمەند وەك (سەباح زاخۆلی ،سمیر زاخۆلی)  گرنگی زۆریان دا بەو ئامێرە بە تایبەتی لەگەڵ گۆرانی بێژان (ئەردەوان زاخۆلی ،ئەیاز زاخۆلی) بەجۆرێك كە رەنگدانەوەی  باشی هەبووە لەسەر موزیكی كوردی. 
‎*پرۆژەی داهاتووتان چییە؟
‎-پرۆژەی داهاتووم ئەگەر كات بگونجێت ، میتۆدێكی عود دروست بكەم بە سوود وەرگرتن لە میلۆدیە كوردیەكان تا فێرخوازان گوێچكەیان لەسەر میلۆدی كوردی پەروەردە بێت .
هەڤپەیڤین – كامەران حاجی ئەلیاس

کولتوور و هونه‌ر گۆرانی و مۆسیقا هه‌مه‌ره‌نگ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.