Erbil 10°C چوارشەممە 15 کانوونی دووەم 18:29

زانیاری له‌سه‌ر كوشتنی سه‌ركرده‌كه‌ی داعش له‌نێو كه‌مپی هۆڵ بڵاو ده‌كرێته‌وه‌

کوردستان TV
100%

هێزه‌كانی سووریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م ڕایگه‌یاند كه‌ ئه‌وان سه‌ركرده‌كه‌ی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعشیان له‌نێو كه‌مپی هۆڵدا كوشتووه‌، جه‌ختیشیان كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و پلانداڕێژه‌ری سه‌ره‌كی هێرشه‌كه‌ی ساڵی 2022ی سه‌ر پاسه‌وانانی كه‌مپه‌كه‌ بوو.

هه‌سه‌ده‌ له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا بڵاوی كرده‌وه‌: شه‌وی ڕابردوو تیمه‌ سه‌ربازییه‌كانمان به‌ هه‌ماهه‌نگی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان ئۆپه‌ڕاسیۆنێكیان له‌نێو كه‌مپی هۆڵ ئه‌نجام دا بۆ ده‌ستگیركردنی به‌رپرسی یه‌كه‌می داعش له‌نێو كه‌مپه‌كه‌دا كه‌ ناسناوی (ئه‌بوو عوبه‌یده‌ عێراقی) بوو.

بڵاویشی كرده‌وه‌: تیمه‌كانمان داوایان له‌ ئه‌بوو عوبه‌یده‌ عێراقی كرد خۆی ڕاده‌ست بكات، به‌ڵام ئه‌و پشتێنه‌ی بۆمبڕێژكراوی به‌ستبوو و هه‌ڕه‌شه‌ی ته‌قاندنه‌وه‌ی كرد، هه‌روه‌ها به‌ چه‌ك ڕووبه‌ڕووی هێزه‌كانمان بووه‌وه‌، بۆیه‌ به‌ناچاری هێزه‌كانمان ته‌قه‌یان لێ كرد و كوشتیان.

به‌گوێره‌ی به‌یاننامه‌كه‌ی هه‌سه‌ده،‌ ئه‌بوو عوبه‌یده‌ عێراقی یه‌كێك بووه‌ له‌ سه‌ركرده‌ باڵاكانی داعش و به‌رپرسیار بووه‌ له‌ كوشتنی ده‌یان ژن و پیاو له‌نێو كه‌مپی هۆڵدا، هه‌روه‌ها پلانداڕێژه‌ری ئه‌و هێرشه‌ بووه‌ كه‌ له‌ ساڵی 2022 له‌نێو كه‌مپه‌كه‌دا بۆ سه‌ر پاسه‌وانه‌كانی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات ئه‌نجامدرا.

هێرشه‌كه‌ی نێو كه‌مپی هۆڵ له‌ سه‌ره‌تای ساڵی 2022 ئه‌نجامدرا كه‌ تێیدا له‌ به‌ره‌به‌یانێكی زوو سه‌دان ئه‌ندامی رێكخراوی داعش له‌نێو كه‌مپه‌كه‌دا پشێوییان دروست كرد و دواتریش هێرشیان كرده‌ سه‌ر پاسه‌وانه‌كانی كه‌مپه‌كه‌، به‌ڵام دواجار رێگری له‌ هه‌ڵاتنی سه‌دان ئه‌ندامی داعش كرا، له‌ ئه‌نجامی ئه‌م هه‌وڵه‌شدا زیاتر له‌ 40 كه‌س كوژران.

كه‌مپی هۆڵ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ رۆژهه‌ڵاتی پارێزگه‌ی حه‌سه‌كه‌،‌ زیاتر له‌ 48 هه‌زار ئه‌ندامی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعشی تێدایه‌ و‌ زۆرینه‌یان ئافره‌ت و منداڵن، ماوه‌ی چه‌ندین ساڵیشه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی سوپای سووریای دیموكراته‌وه‌ پاسه‌وانی ده‌كرێ.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست سوریا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.