Erbil 15°C یەکشەممە 28 نیسان 20:08

كه‌مال كه‌ركووكی: نه‌به‌ردی شاره‌ستێن ئه‌ستێره‌یه‌كی پڕشنگداره‌ و هه‌میشه‌ به‌ دره‌وشاوه‌یی ده‌مێنێته‌وه‌

کوردستان TV
100%

‏‎بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگه‌ی کەرکووک – گەرمیانی ‏‎پارتی دیموکراتی کوردستان له‌باره‌ی ‏‎نەبەردی شارەستێن لە ڕێكه‌وتی 26-12-1976 ڕایگه‌یاند كه‌ نەبەردێکی گرینگی ڕۆڵەكانی گەلی دڵسۆزی کوردستانە لەپێناو بەدەستھێنانی مافی ڕەوای گەلی کوردستان و ئەستێرەیەکی ھەمیشە درەوشاوە و پرشنگدارە لە ئاسمانی کوردستان بۆ ھەمیشە دەدرەوشێتەوە و دەمێنێت.

‏‎د. كه‌مال كه‌ركووكی بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگه‌ی کەرکووک – گەرمیانی ‏‎پارتی له‌ یادی ‏‎نەبەردی شارەستێن ڕایگه‌یاند، ‎سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی شەھیدانی نەبەردی شارەستێن و گشت شەھیدانی کورد و کوردستان و شەھیدانی ئەنفال دادەنوێنین.

‏ڕاشیگه‌یاند: ‎سڵاو بۆ پێشمەرگە گیانلەسەردەستەکانی قیادەی موەقەتە بەرپرس و فەرماندە و ھاووڵاتییانی بەشداربووی نەبەردی شارەستین و سێدەر و ناوچەی جافایەتی و سەرگەڵوو و ناوچەی شینکایەتی لە قامیش و گەڵاڵە.

د. كه‌مال كه‌ركووكی بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگه‌ی کەرکووک – گەرمیانی ‏‎پارتی له‌باره‌ی ‏‎نەبەردی شارەستێن ده‌ڵێت:-

‏‎لە ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆ لە 26-12-1976 پێشمەرگە سەربەرزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان - قیادەی موەقەتە - ھەڵۆ ئاسا و باوەڕ بەخۆ و بە خوا و بە ڕەوایەتیی پرسی کورد و کوردستان و بە ڕێبازی پیرۆزی بارزانی و بە سەرکەوتن، لە بەرەبەیانێکی تەموومژاوی و بە باران و زۆر سارددا ڕووبەڕووی ھێرشی دڕندانەی سوپای ڕژێمی دیکتاتۆری بەعس بوونەوە، لە سنووری قەزای دوکان و لە ناوچەی جافایەتی (شارەستێن و سێدەر و سەرگەڵوو) و ناوچەکانی شینکایەتی (قامیش و گەڵاڵە) لە یەك ڕۆژ و لە یەك کاتدا.

مەبەست لەو هێرشانەی ڕژێم ڕاگواستنی دانیشتووانی ناوچەکانی قەڵای شۆڕش و مەردایەتی و داگیرکردنی ناوچەکان بوو. پێشمەرگە دڵسۆزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان - قیادەی موەقەتە - مەردانە و سەربەرزانە ھەڵۆ ئاسا لێیان ھاتنە دەست و تێکیانیان شکاند و وانەیەکیان پێدان ھەرگیز لە یادیان نەچێت.

‏‎لە شارەستێنی سەربڵند و لە گشت بەرەکانی ڕووبەڕووبوونەوەدا ڕۆژی 26-ی 12-1976 ھێزەکانی دوژمنی ستەمکار و داگیرکەر تێکدران و ھەڵتەکێندران و شیرازەیان لە دەست دا و بە شێوازێك ھەڵاتن و ڕاونران و بە جۆرێک سەریان لێ شێوا ئێستاش نازانن چۆن و بە چ ڕێگایەك ڕایان کرد و چییان بەسەر ھات و ئەوانه‌ی مان چۆن دەربازیان بوو.

تەنھا لە نەبەردی شارەستێن سێ ھێلیکۆپتەریان لێ خرایە خوارەوە و (163) سەرباز و پلەداری سەربازی و لە نێویاندا ئەفسەر بە پلەی جۆراوجۆر کوژران و بە دۆزەخ مشەڕەد کران و کەرەستە و کەلوپەلی زۆری سەربازییان لێ بەجێ ما و ئەوانەی کە قورتار بوون ئێستاش نازانن چۆن و بە چ ڕێگایەکدا ھەڵاتن و چۆن زیندوو ماون و بە چ شێوەیەك دەربازیان بووە.

‏‎نەبەردی شارەستێن بە گیانی پاکی (7) شەھیدی پێشمەرگەی قارەمان و (16) شەھیدی ھاووڵاتیی سەربەرز لە نێویاندا کەسایەتی سەربەرز و ناسراو زانای ئاینیی نیشتمانپەروەر حاجی مامۆستا مەلا ڕەسووڵی شارستێنی و (52) برینداری ئافرەت و منداڵ و پیر و گەنجی سڤیلی ناوچەکە و برینداربوونی (9) پێشمەرگەی دلێری پارتی دیموکراتی کوردستان - قیادەی موەقەتە - و برینداربوونی بەرپرسی ھەرێمی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان - قیادەی موەقەتە - و جێگرەکەی، تۆمار کرا، (ھەرێمی دووی پارتی ھەموو ڕێکخستنەکانی سیاسی و سەربازیی سنووری کەرکووک و ھەولێر و سلێمانیی دەگرتە خۆی) و بەو نەبەردی وگیانفیداییە ناوچەکە لە ڕاگوستن و داگیرکاری پارێزرا.

‏‎لە ھەر چوار بەرەی دیکەشدا، دوژمنانی ماف و خاكی کوردستان تێکشکێنران و ڕاونران و کوژراو و بریندار و دیلیان لێ بەجێ ما و کەوتنە دەستی پێشمەرگە سەربەرزەکانی پارتیمان پارتی دیموکراتی کوردستان - قیادەی موەقەتە - و کەرەستە و کەلوپەلێکی سەربازیی زۆریانیش لێ گیرا و لە بەرەی نێوان قامیش وگەڵاڵە چەند ئۆتۆمۆبیلی سەربازییان لە کاتی ھەڵاتندا وەرگەڕان و بەجێ مان.

‏‎لەو سەردەمە ھەستیارەدا، نەبەردی شارەستێن خەم و دڵتەنگی و بێ ئومێدیی دڵسۆزانی گەلی کوردستانی ڕەواندەوە و دڵخۆشی و ئومێد و باوەڕ بە سەرکەوتنی بۆیان گێڕایەوە و لە کوردستان و عێراق و ناوچەکە و ھەموو جیھاندا پەیامی بەردەوامی شۆڕشی کورد و کوردستان بڵاو بووەوە و ئاوارەکانی کورد لە ئۆردوگاکان لە باشووری عێراق و ئەو کوردانەی کە لەبەر نەکسەی شۆڕشی ئەیلوول ئاوارەی ھەندەران لە جیھان بووبوون بە بیستنی و بە بەردەوامیی شۆڕش و سەرکەوتنی پێشمەرگە بەسەر سوپای داگیرکەردا شاد بوون.

‏‎لە هەمان کاتدا، نەبەردی شارەستێن بێ ئومێدی و ڕیسوایی لە دڵ و دەروونی نەیارانی کوردستان و پیلانگێڕانی ڕێککەوتننامەی جەزائیر و خائین و خۆفرۆشان چاند.

‏‎نەبەردی شارستین لە میدیاکانی جیھان و ڕادیۆی (بی بی سی) دەنگی دایەوە و بە دنیای دەرەوەی ڕاگەیاند کە شۆڕشی کوردستانی عێراق بەردەوامە و پێشمەرگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بارزانیی نەمر بۆ بەدەستھێنانی مافەکانیان شەڕی پارتیزانی لە دژی ڕژێمی بەعسی بەغدا دەکەن و بە وردی باسی وردەکارییەکانی نەبەردی شارەستێنیان کرد.

‏‎سڵاو لە گیانی پاکی شەھیدانی نەبەردی شارەستێن و گشت شەھیدانی کورد و کوردستان و شەھیدانی ئەنفال

‏‎سڵاو لە دانیشتووانی ناوچەکە و بەشداربووانی نەبەردی شارەستێن لە 26-12-1976.

‏‎سڵاو لە گشت پێشمەرگە سەربەرزەکانی کوردستان و دڵسۆزانی گەلەکەمان لە کوردستان و عێراق و لە ھەندەران.

‏‎سڵاو بۆ ڕوحی پاکی ھەڵۆی بەرزەفڕ بارزانیی نەمر و کاکە ئیدریسی ھەمیشە لەیاد.‏‎

هه‌واڵ و چالاكییه‌كانی پ.د.ك

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.