سەرچاوەیەك لە نێو لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، چاوەڕوان دەكرێت حكومەتی عێراق بڕی دوو ترلیۆن و سەد ملیار دیناری دیكە وەكوو قەرز بۆ مووچەخۆرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان رەوانە بكات .
ئەو سەرچاوەیەی نێو لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە كوردستان تیڤی راگەیاند، وەزارەتی دارایی حكومەتی عێراق سیاسەتی ئابووری روونی نییە و وەزیری دارایی عێراقیش رێگرە لەبەردەم جێبەجێكردنی یاسای بودجە و رەوانەكردنی شایستە داراییەكاین حكومەتی هەرێم. سەرچاوەكە گوتیشی، دوای رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ ناردنی موچەی مانگی نۆ و دە و یازدەی ئەمساڵی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، پێویستە عێراق بەر لە كۆتایی ئەمساڵ مووچەی مانگەكانی حەوت و هەشت و دوازدەش بۆ هەرێم رەوانە بكات و پێدەچێـت ناردنی ئەم پارەیە لەگەڵ ناردنی مووچەی مانگی یازدە بێت.
باسی لەوەش كرد، حكومەتی فیدراڵی پارەی دوو مانگی هەرێمی كوردستانی نەناردووە جگە لەو سێ قەرزەی كە دەنێرێت، ئەگەر پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو حكومەت بەو شێوەیە بەردەوام بێت، قەرزێكی دیكە پەسەند دەكرێت كە دوو ترلیۆن و سەد ملیار دینارە بۆ سێ مانگی داهاتوو بۆ ئەوەی پێدانی مووچە لەمساڵ تەواو بێت.
هاوكات جەختیشی كردەوە كە بێگومان ئەم رێكەوتنە بۆ ئەمساڵ جێبەجێ دەكرێت.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گوتیشی، لە رووی دەستوورییەوە حكومەتی عێراق ناتوانێت راستەوخۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بدات ، چونكە هەرێمی كوردستان هەرێمێكی فیدراڵی و دەستوورییە بۆیە ناكرێت مووچەكانیان راستەوخۆ بە مووچەی فیدراڵی ببەسترێتەوە.
چاوەڕوان دەكرێت 2 ترلیۆن و 100 ملیار دیناری دیكە بۆ مووچەخۆران رەوانە بكرێت
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.