Erbil 8°C چوارشەممە 15 کانوونی دووەم 09:53

بازرگانیی جیهانی لە پاشەكشەدایە

لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا بەركەوتەی كۆمەڵێك شۆكی كاریگەر بووە
کوردستان TV
100%

بازرگانیی جیهانی لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا بەركەوتەی كۆمەڵێك شۆكی كاریگەر بووە، لە كاردانەوەی توندی پەتای كۆرۆناوە بۆ سەر ئابووری دەست پێدەكات تا شەڕی ئۆكراینا و كاریگەرییە درێژخایەنەكانی.ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوسان لە سەرانسەری جیهان و سیاسەتی توندكردنەوەی دراو كە زۆرینەی بانكە ناوەندییەكان پەیڕەوی دەكەن بە ئامانجی سنوورداركردنی ڕێژەی هەڵاوسان و كاریگەرییەكانی لەسەر وەبەرهێنان.
ئەم دۆخەی ئابووریی جیهانی تێیكەوتووە بەشداریی كردووە لە تێكچوونی بەرچاو لە جوڵەی بازرگانی نێودەوڵەتیدا، كە شاهیدی دابەزینێكی خێرایە .لەم چوارچێوەیەدا، ڕاپۆرتی "چاودێریی بازرگانی باڵا"ی نووسینگەی هۆڵەندی بۆ شیكاری سیاسەتی ئابووری ئاشكرایكردووە قەبارەی بازرگانیی جیهانی بە خێراترین خێرایی ساڵانە لە ماوەی نزیكەی سێ ساڵی ڕابردوودا دابەزیوە، چونكە  ڕێژەی بەرزی سوود دەستیكردووە بە كاریگەری لەسەر خواستی جیهانی بۆ كەلوپەلەكان. بەپێی ئەو ڕاپۆرتە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە مانگی تەمموزی ڕابردوودا بە ڕێژەی 3.2% دابەزیوە، بە بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی ڕابردوو، ئەمەش گەورەترین دابەزینە لە دوای مانگەكانی یەكەمی پەتاكەی كۆرۆنا.
هەروەها پێوەری بەڕێوەبەرایەتی كڕینی جیهانی كە بەدواداچوون بۆ داواكارییە نوێیەكانی هەناردەكردن دەكات، لە مانگەكانی ئاب و ئەیلولدا دابەزینێكی بەرچاوی لە سەرانسەری ئەمریكا و ناوچەی یۆرۆ و بەریتانیا تۆماركردووە. لەلایەكی دیكەوە بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گومرگی چین، هەناردەكردن (بە دۆلار) لە مانگی ئابدا بەڕێژەی 8.8% كەمیكردووە.
لە دوایین پێشبینییە ئابوورییەكانیشدا، ڕێكخراوی هاریكاری و گەشەپێدانی ئابووری كە بنكەكەی لە پاریسە،  باسی لەو هۆكارانە كردووە كە پەیوەندییان بە بەرزبوونەوەی نرخی نەوتەوە هەیە، وەك یەكێك لەو نیشانانەی كاریگەری لەسەر قۆناغی داهاتوو لە ئاستی بازرگانی جیهانییدا هەیە، هەروەها لە ژێر ڕۆشنایی ئەو خەمڵاندنانەی كە ئاماژەن بۆ ئەوەی بەرمیلێك نەوت بگاتە سەد دۆلار پێش كۆتایی ئەمساڵ، ئەمەش كاریگەری لەسەر نرخ و گواستنەوەی كەشتیوانی دەبێت، هەموو ئەم بابەتانە ڕاستەوخۆ كاریگەرییان لەسەر بازرگانی جیهانی دەبێت، ڕێكخراوەكە چەند هۆكارێكی دەستنیشان كردووە كە بوونەتە هۆی ئەم دابەزینە، دیارترینیان شەڕی ئۆكرانیا، بەرزبوونەوەی نرخی خۆراك و وزە، و فشارەكانی سەپێنراو بەهۆی قەرزەوە، لەهەمانكاتدا پێشبینی بەردەوامبوونی فشارەكانی دابەزین دەكات لەسەر وەبەرهێنانی ڕاستەوخۆی بیانی لەماوەی ئەمساڵ.
بەگوێرەی ئامارەكانی بانكی ناوەندیی چین، بەرهەمی پیشەسازی جیهانی بە بەراورد بە مانگی پێشوو بەڕێژەی سەدا سفر پۆینت یەك دابەزیوە، ئەمەش بەهۆی دابەزینی بەرچاوی بەرهەمهێنان بووە لە ژاپۆن و ناوچەی یۆرۆ و بەریتانیا.
 

جیهان ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.