بانكی جەی پی مۆرگان-ی ئەمریكی ئەمڕۆ شەممە ڕایگەیاند، نرخی نەوت لە ئێستادا ئەگەری بەرزبوونەوەی زیاتری هەیە، هەروەها ڕەنگە نەوتی خاوی برێنت بۆ 150 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك بەرزبێتەوە.
بە گوتەی كریستیان مالیك، شڕۆڤەكاری بانكەكە،بەهۆی شۆكەكانی توانای بەرهەمهێنان لە ماوەیەكی نزیك بۆ مامناوەند و دووركەوتنەوە لە وەبەرهێنان لە كەرتی هایدرۆكاربۆن، ڕەنگە لە كۆتاییدا نرخی نەوتی خاوی برێنت بۆ هەر بەرمیلێك بگاتە 150 دۆلار.
ژینگەی بەرزبوونەوەی ڕێژەی سوود بۆ ماوەیەكی درێژتر یەكێكە لە هۆكارە سەرەكییەكانی پشت تێڕوانینی بەرزبوونەوەی كۆمپانیای JPMorgan بۆ نرخەكان، چونكە پێی وایە ئەم ژینگەیە دەبێتە هۆی سنوورداركردنی وەبەرهێنانی سەرمایە كە بۆ گەڕان و بەرهەمهێنانی وزە تەرخانكراوە.
بۆیە مالیك پێی وابوو كە تێكڕای نرخی نەوتی خاوی برێنت لە ساڵی 2024دا لە نێوان 90 بۆ 110 دۆلار دەبێت بۆ هەر بەرمیلێك، لە ساڵی 2025یشدا لە نێوان 100 بۆ 120 دۆلار دەبێت، تا ساڵی 2026 دەگاتە 150 دۆلار.
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەم دواییانەدا بەهۆی كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی ئۆپێك و بەرزبوونەوەی خواست، ترسی هەڵاوسانی لێكەوتەوە و نیگەرانی دروستكردووە .
لەلایەكی دیكەوە ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی ڕایگەیاندووە كە نرخی سووتەمەنی گازۆیل لە ئەوروپا بە ڕێژەی 5% بەرزبووەتەوە دوای ئەوەی ڕووسیا سنوورداركردنی كاتی بۆ هەناردەكردنی بەنزین و گازۆیل بۆ سەقامگیركردنی بازاڕی ناوخۆیی سەپاند.
بەگوێرەی ئەو ڕۆژنامەیە، نرخی سووتەمەنی گازۆیل لە بازاڕەكانی ئەوروپادا هەزار دۆلاری بۆ هەر تۆنێك تێپەڕاندووە.
بانكێكی ئەمریكی: نرخی نەوت زیاتر بەرز دەبێتەوە
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.