ئه‌مڕۆ 51 ساڵ به‌سه‌ر كۆچی دوایی هونه‌رمه‌ند "حه‌سه‌ن زیره‌ك" ناودارترین گۆرانیبێژی كوردا تێده‌په‌ڕیت، به‌ڵام هێشتا تێپه‌ڕینی ئه‌و هه‌مو ساڵانه نه‌وه‌ی نوێیان له‌گوێگرتن له‌ده‌نگه ئهفسانهییو زێڕینه‌كه‌ی ئه‌و دورنه‌خستوه‌ته‌وه، چه‌ندین نه‌وه‌ی كورده گوێ له‌گۆرانه جاویدانی‌و هونه‌ره به‌رزه‌كه‌ی زیره‌ك ده‌گرن.
حه‌سه‌ن زیره‌ك گۆرانیبێژی ناوداری كورد، ھونه‌رمه‌ند و مۆسیقازانی سروشتی (له‌دایكبووی 1921 - كۆچی دوایی 1972 له شاری بۆكان ھاتۆته دنیاوه. زیره‌ك یه‌كێكه له به‌ناوبانگترین ھونه‌رمه‌ندانی كورد. به‌رچاوترین كاری ئه‌و كۆكردنه‌وه‌ی گه‌نجینیه‌یه‌ك له ھونه‌ری ئاواز و گۆرانی كوردییه كه به ده‌نگی ئه‌و وتراوه‌ته‌وه. زیره‌ك به ھۆی گۆرانییه‌كانی له ناو كورده‌كانی ئێران و عێراق ناسراوه. له ساڵی 1972 له شاری بۆكان له پارێزگای ئازه‌ربایجانی ڕۆژاوای ئێران كۆچی دوایی كردووه و به خاك سپێردراوه.
سه‌ره‌تای ژیانی مامۆستا حه‌سه‌ن زیره‌ك
حه‌سه‌ن زیره‌كی له مه‌ڵبه‌ندی موكریان له دایك بووه. له‌رۆژی 29ی تشرینی دووه‌می ساڵی 1921ی زایینی (ساڵی 1300ی ھه‌تاوی). شوێنی له دایكبوونی زۆر ڕوون نییه، به گوێره‌ی قسه‌ی خه‌ڵكی شاری بۆكان زیره‌ك له گه‌ریكی قه‌ڵای سرداری ئه‌م شاره له دایك بووه و زۆر كه‌سیش له‌وانه‌ی كه له نزیكه‌وه ده‌یناناسن، گوندی "ھه‌رمێله" كه له نێوان شاری سه‌قز و بۆكان ھه‌ڵكه‌وتووه به شوێنی له دایكبوونی ده‌زانن.
باوكی ناوی عه‌بدوڵڵایه و دایكی ئامینی ناو بووه. باوكی له لای خانانی ئاغای گوندی ھه‌رمێله كاری كردووه، له به‌ر لێھاتوویی به زیره‌ك ناوی ده‌ركردووه. ناوبراو جگه له حه‌سه‌ن دوو كوڕی دیكه‌ی به ناوه‌كانی حوسێن و مینه ھه‌بووه. له ته‌مه‌نی ژێر ده ساڵیدا له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌س له ده‌نگخۆشانی بۆكان له شاییه‌كانی ناو شار و گونده‌كانی بۆكان گۆرانی وتووه‌توه. له حه‌وت و ھه‌شت ساڵیدا به‌رده‌ستی مسگه‌ری و قاوه‌چییه‌تی دهكاو ھه‌روه‌ھا خزمه‌تی ماڵه ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی بۆكانی كردووه. زیره‌ك منداڵ ده‌بێ كه باوكی ده‌مرێ (ته‌مه‌نی 11 ساڵان ده‌بێ كه باوكی كۆچی دوایی ده‌كات). به دوای مردنی باوكی‌دا بنه‌ماڵه‌كه‌یان له دێ بار ده‌كا و ده‌چنه شاری سه‌قز. پاشان دایكی زیره‌ك شوو ده‌كاته‌وه و ئه‌مه ده‌بێته ھۆی دژواری زیاتر له ژیانی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ زیره‌ك و خوشك و براكانی. له ته‌مه‌نی 12 ساڵی دا ده‌گه‌ڕێته‌وه ھه‌رمێله و له لای خانان ئاغای ئه‌و دێیه به كاركه‌ر داده‌مه‌زرێته‌وه و بۆ درێژه‌ی ژیانی ده‌ست ده‌كا به قاوه‌چییه‌تی و چاوساخی و به‌رده‌ستی ئاغاوات.
ساڵانی ھه‌رمێله و سه‌قز:
ھه‌ر له‌و ته‌مه‌نه‌دا ده‌نگه خۆشه‌كه‌ی سه‌رنجی خه‌ڵكی ئه‌و دێیه بۆ لای خۆی راده‌كێشێ و ھه‌موو ھه‌وڵی ئه‌ویان ده‌بێ زیره‌ك له ده‌نگه خۆشه‌كه‌ی بێ به‌شیان نه‌كا. كه خانان ده‌بینێ زیره‌ك ده‌نگی ئاوا خۆشه، ئه‌مجار زیاتر بایه‌خ به ئه‌و ده‌دا و ڕێگا ده‌دا زیره‌ك بێته دیوه‌خان و به گۆرانییه‌كانی كۆڕی میوانانی خان بڕازێنێته‌وه. له‌و لاشه‌وه زیره‌ك مێرمنداڵ و ده‌نگ خۆش بۆ شه‌و داوه‌ت و ڕه‌شبه‌ڵه‌كی كوڕان و كچانی دێ، خۆ ده‌كوتێ و به‌زمی شه‌وانه‌یان خۆش ده‌كا.
دوای ساڵێك ھه‌رمێله و لای ئاغه‌وات به جێ دێڵێ و ڕوو ده‌كاته شار، به شاگرد كه‌بابچی و ورده كاری دیكه ژیان ده‌باته سه‌رێ. ساڵی 1320 دێته‌وه ھه‌رمێله و وه‌ك تفه‌نگچی له ماڵی ئاغه‌وات داده‌مه‌رزێ، پاشان به‌ینی له گه‌ڵ ئاغا و تێكده‌چێ و واز له تفه‌نگچیه‌تی و ئازار و ئه‌زیه‌تی خه‌ڵك له پێناو ئاغادا دێنێ، ده‌چێته سه‌قز و ده‌بێته شاگرد شۆفێری "مینه خانی ئه‌رده‌ڵان" و له نێوان سه‌قز و بانه‌دا ده‌ست به كار ده‌كا.
ئاواره‌یی و به‌غدا:
ڕۆژێك له ڕۆژان كوڕه جه‌حێڵه‌یه‌كی گوندی قوڕه‌ده‌رێ به ناوی مه‌حموود نارنج، ده‌كه‌وێته به‌ر ماشێنه‌كه‌ی و ده‌كوژرێ. له‌ترسان سه‌ری خۆی ھه‌ڵده‌گرێ و ئاواره ده‌بێت تا له كوردستانی عێراق ده‌گرسێته‌وه. دواتر زیره‌ك ده‌گاته شاری به‌غدا و له‌وێ به ھۆی چه‌ند كه‌سێك له میوانخانه‌ی "شومال ئهلكهبیر" داده‌مه‌زرێ. له‌وێش ده‌ست ده‌كات به گورانی وتن و له ماوه‌یه‌كی كه‌م دا به‌م هۆیه‌وه ناو داده‌خات. چه‌ند كه‌س له ناودارانی مۆسیقای كوردی وه‌ك عه‌لی مه‌ردان له ساڵی 1953ی زایینی زیره‌ك له‌وێ ده‌بینن و ئه ده‌به‌نه به‌شی كوردی "رادیۆ به‌غدا" بۆ یه‌كه‌م جار ده‌نگی له رادیۆی كوردی به‌غداد ده‌بیسترێ و به‌م جۆره مه‌یدانێكی باش بۆ خۆ نواندنی گۆرانیبێژی زیره‌ك په‌یدا ده‌بێ.
حه‌سه‌ن زیره‌ك له ماوه‌ی مانه‌وه‌ی له به‌غدا ده‌یان گۆرانی تۆمار ده‌كا، ئه‌م گۆرانییانه ناو و ئاوازه‌ی زیره‌ك به كوردستاندا بڵاو ده‌كه‌نه‌وه. زیره‌كی گۆرانیبێژ له ماوه‌ی نزیك به ده‌ساڵ مانه‌وه له عێراقدا ده‌بێته دۆست و ئاشنای زۆر ھونه‌رمه‌ند و گۆرانیبێژی به‌ناوبانگی كورد، له ئه‌زموون و ڕێنوێنییه‌كانیان كه‌ڵك وه‌رده‌گرێ و سرنجیان بۆ لای مایه به‌ھره ھونه‌رییه كه‌م وێنه‌كه‌ی خۆی ڕاده‌كێشێ.
گه‌ڕانه‌وه بۆ ئێران:
له 14ی گه‌لاوێژی 1958گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ ئێران، له‌وێ چووه بۆ ڕادیۆی تاران، كرماشان و ته‌ورێز و له‌وێوه گۆرانی خوێندوه. ھه‌ر له‌و ساڵه‌دا له ڕادیۆی تاران له‌گه‌ڵ میدیا زه‌ندی ئاشنا ده‌بێت و پێكه‌وه ژیانی ھاوبه‌ش پێك دێنن كه ئاكامی ئه‌و ژیانه دوو منداڵ به ناوه‌كانی "مه‌هتاب" و "ئاره‌زوو" ده‌بێ. ساڵی 1347ی ھه‌تاوی حه‌سه‌ن زیره‌ك ماڵه‌كه‌ی ده‌باته شاری بانه و له‌وێ له "كانی مه‌لا ئه‌حمه‌د" چایخانه‌یه‌ك داده‌مه‌زرێنێ، دیاره شان به شانی ئه‌و كاره‌ش له گۆرانی كوتن و كاری ھونه‌ری ناوه‌ستێ و له به‌زم و شادی خه‌ڵكدا به‌شداری ده‌كا و به بۆنه‌ی جۆراوجۆره‌وه گۆرانی تۆمار ده‌كا. پاشان ده‌چێته شاری مه‌ھاباد و له دواكاته‌كانی ژیانیشیدا ده‌چێته شاری شنۆ. له شاری شنۆ به كار و كاسبی ژیان تێپه‌ڕ ده‌كا. له ساڵانی 1960 – 1961 له شاری سلێمانی له تیپی "شانۆی ھونه‌ره‌جوانه‌كان" له‌گه‌ڵ "سێوه‌خان" و "ره‌شۆڵ عه‌بدوڵڵا" له شانۆكای «بووكی ژێر ده‌واری ڕه‌ش» و «خه‌سوو یان ئه‌ژدیھا» و «ته‌ڕپیر» به‌شداری كردووه. له نێوان ساڵانی 1967 – 1968 له شاری سه‌قز ھۆتێلی سێ ئه‌ستێره‌ی ھه‌بووه كه بۆخۆی له‌وێ گۆرانی گوتووه.
زیره‌ك هونه‌رمه‌ندێكی ئه‌وه‌نده مه‌زنه كه له‌ماوه‌ی په‌نجا ساڵی ته‌مه‌نیدا، سه‌رباری ئه‌وه‌ی نه‌خوێنده‌واریش بوه، سه‌دان ئاواز‌و شیعر‌و گۆرانی ئاست به‌رزی داهێناوه‌و دڵی ملیۆنه‌ها كوردی له‌هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان داگیر كردوه.
زیره‌ك له26ی حوزه‌یرانی 1972له‌ته‌مه‌نی 50 ساڵیدا كۆچی دوایی دهكاتو له‌سه‌ر داوای خۆی له‌كێوی ناڵه‌شكێنه له شاری بۆكان به‌خاك ده‌سپێردرێت.
له ساڵیادی كۆچی دوایی هونه‌رمه‌ند (حه‌سه‌ن زیره‌ك) دا
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.