Erbil 15°C ھەینی 05 تەمووز 07:27

سەرۆکوەزیرانی عێراق: پێداچوونەوە بەو بڕگە و ماددانەدا دەکەین کە لە بوودجەدا ھەموار کراونەتەوە

کوردستان TV
100%


سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی رایگەیاند، پێداچوونەوە بەو بڕگە و ماددانەدا دەکەن کە لە بوودجەدا ھەموار کراونەتەوە، بۆ ئەوەی بزانن تا چەند لەگەڵ دیدگا و بەرنامەی حکووتەکەیدا گونجاوە.

محەمەد شیاع سوودانی راگەیەندراوێکی لەبارەی پەسەندکردنی یاسای بوودجەی گشتیی لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە بڵاوکردەوە و تیایدا ئەوەی وەبیرھێناوەتەوە، ئەو بوودجەیەی کە ئەنجوومەنی وەزیران لە 13ی ئاداری رابردوودا دەنگی لەسەر دا‌، بە گرنگییەوە دابینکردنی ‌پێداویستییە سەرەکییەکانی ھاووڵاتییانی لەبەرچاو گرتووە، ھەروەھا حکوومەت ھەوڵدەدات خواستەکانی ھاووڵاتییان بەدیبھێنێت، بەتایبەتی لە جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، دووبارە ئاوەدانکردنەوە و ژێرخانی ئابووریی.

باسی لەوەیش کردووە کە بە پێشکەشکردنی بوودجەی سێ ساڵ، داکۆکیان لەسەر دیدگای روونی چاکسازیی کردووە کە لەبەرنامەی حکووتەکەیدا پەسەند کراوە و ھاتووە: "لەچوارچێوەی پەسەندکردنی بوودجەکەدا، ھەنگاوی گرنگ بۆ جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانە دەنێن کە لە سەردەمی کابینەکانی پێشوودا تەواونەکراون و کەڵەکەبوون، ھەروەھا لەچوارچێوەی دیدگامان بۆ چاکسازی، خەرجییەکانی کارکردن و پەرەپێدان بە داھاتە نانەوتییەکان کەم دەکەینەوە و پاڵپشتی خۆمان بۆ کەرتی تایبەت دووپات دەکەینەوە".

سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی ئاماژەی بەوەیشداوە، پێداچوونەوە بەو بڕگە و ماددانەدا دەکەن کە لە بوودجەدا ھەموارکراونەتەوە بۆ ئەوەی بزانن تا چەند لەگەڵ دید و بەرنامەی حکووتەکەیدا گونجاوە.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو، ئەو ھەوڵانەی کە ‌لە ماوەکانی رابردوودا لە ‌پێناو پەسەندکردنی بوودجەدا خرانەڕوو بەرزدەنرخێنن،‌ بەتایبەتی ھەوڵی ئەندامانی لیژنەی دارایی و لیژنەی پلانی ستراتیژیی و خزمەتگوزاریی فیدراڵیی ئەنجوومەنی نوێنەران.

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنی شەوی رابردوویدا، پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی بۆ ساڵانی 2023، 2024 و 2025ی پەسەند کرد.

قەبارەی بوودجەی عێراق بۆ ساڵانی 2023، 2024 و 2025، بڕی 198 تریلیۆن و 910 ملیار و 343 ملیۆن و 590ھەزار دینارە.

بڕیارە پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی دوای پەسەندکردنی لەلایەن سەرکۆماری عێراقەوە لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاوبکرێتەوە بۆ ئەوەی بکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.