Erbil 15°C چوارشەممە 22 ئایار 02:36

سوپای عێراق ژمارەیەک جوتیاری کورد لە گوندی شەناغە دەستگیر دەکات

کوردستان TV
100%

جارێکی دیکە سوپای عێراق هەڵیکوتاوەتەسەر گوندەکانی سنووری کەرکووک و ڕێگری لە دروێنەکردنی جوتیاران کردووە، هەروەها لە گوندی شەناغە 9 جوتیاری کوردی دەستگیر کردووە.

ئەمرۆ یەکشەممە 04ـی 06ـی 2023 فرقەی 8ـی سوپای عێراق چووەتە گوندی شەناغەی سەر بە شارەدێی سەرگەڕان و ڕێگری لە جوتیارانی گوندەکە کردووە کاری جوتیاری بکەن، محەمەد ئیسماعیل نوێنەری جوتیارانی شارەدێی سەرگەڕان بە (کوردستان تیڤی) ڕاگەیاند: فەرماندەیی فرقەی 8ـی سوپای عێراق 9 جوتیاری لە گوندی شەناغە لە سەرگەڕان دەستگیر کردووە و تاوەکو ئێستایش ئازاد نەکراون.

لەلایەکی دیکەوە لە گوندی پەلکانە سوپای عێراق چووەتەسەر گوندەکە و بە جوتیارانی ڕاگەیاندووە بیری ئاو هەڵ نەکەنن و کاری جوتیاری نەکەن.

دەشتی ئاغا نوێنەری جوتیارانی گوندی پەلکانە لەڕێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە بۆ (کوردستان تیڤی) گوتی: کەمێک پێش ئێستا ئەفسەرێک بە پلەی ڕائید لە سوپای عێراق هاتووەتە لام و گوتوویەتی نابێت بەهیچ شێوەیەک کاری جوتیاری بکەن.

نوێنەری جوتیارانی پەلکانە ئاماژەی بەوەش دا کە ئەفسەرەکەی سوپای عێراق ئەوەشی گوتووە لە سەرووی خۆمان فشارێکی زۆرمان لەسەرە کە ڕێگە نەدەین جوتیارانی کورد لە سنووری سەرگەڕان کاری جوتیاری بکەن.

 

هەڵۆ جەباری- کەرکووک

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.