Erbil 28°C شەممە 27 تەمووز 02:51

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە

کوردستان TV
100%


 مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بیرەوەریی 32 ساڵەی کۆڕەوە مەزنەکەی گەلەکەمان پەیامێکیان بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنن، با یادی پڕمانای کۆڕەو بکەینە وانەیەک بۆ بەخۆداچوونەوە، بکەینە ھەوێنی یەکڕیزی و یەکدەنگیی سەرجەم پارت و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بۆ دووبارەنەبوونەوەی کارەسات و مەرگەسات. 

دەقی پەیامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان:

دوابەدوای ڕاپەڕینە شکۆدارەکەی گەلەکەمان لە (5ـی ئاداری1991)، کە جەماوەری خۆڕاگر و دڵسۆزی کوردستان توانیان بە پشتیوانیی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان ھەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستان، بە کەرکوکی دڵی کوردستانیشەوە ئازاد بکەن، بەڵام بەھۆی ھەلومەرجی خودی و بابەتی ئەوسا و ئەو کۆسپ و بەربەست و ناھاوسەنگییەی لەئارادابوو، ھەر زوو گڕ و کڵپەی ڕاپەڕین خامۆش بۆوە، بەڵام لە ئەنجامی کۆڕەوە ملیۆنییە مەزن و مێژووییەکەی ‌31ی ئاداری 1991، کە گرنگترین مانای بریتی بوو لە ڕەتکردنەوەی دیکتاتۆریەت و ژێردەستەیی، جارێکی دیکە ژیلەمۆی ڕاپەڕین و ئازادی گەشایەوە، گەشانەوەیەک، کە ڕای گشتی دونیا و سەرنجی ھەموو نێوەندە سیاسی و میدیاییەکانی جیھانی بۆ خۆی کۆکردەوە.

کۆڕەوە ملیۆنییە مێژووییەکەی کورد، کە تژی بوو لە گیانی خۆڕاگری و کۆڵنەدان و ھەڵبژاردنی مەرگ لەپێناو ژیانێکی ئازاد و سەربەرزانەدا، داستانێکی دیکەی ڕووبەڕووبوونەوەی زوڵم و ستەم و ژێردەستەیی لە مێژوودا تۆمارکرد و بۆ یار و نەیارانی سەلماند، کە گەلی کوردستان تینووی ئازادییە و لەو پێناوەدا، تا گەیشتن بە مافەکانی لە قوربانیدان ناوەستێ. 

ئەو کۆڕەوە مەزنە، ڕووداو و تراژیدیایەکی ھێندە فرەمانا بوو، ئاکام لەرێگای دەزگا و ئاژانسە جیھانییەکانی دەنگوباس و کەناڵە جیاجیاکانی میدیا، وڵاتانی بڕیاربەدەست و ناوەندە فەرمییەکانی جیھان و ویژدانی مرۆڤایەتی ھێنایە دەنگ، تا بە ھانای گەلەکەمانەوە بێن و پشتیوانی لە ئامانج و خواست و ویستە ڕەواکانی بکەن و دواجار بە ھۆی فشاری ئەو کۆڕەوە و کۆدەنگیی پارت و ھێزە سیاسییە ڕاستەقینەکان و پشتگیریی دەوڵەتانی دۆست توانرا لەڕێگەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە (5ـی4ـی1991)، بڕیاری (688) دەربچێ، کە لە ئەنجامیدا ناوچەی دژەفڕین و ھێڵی پانی (36) بڕیاری لەسەر درا، تا ھێزەکانی ڕژێمی بەعس دووبارە نەگەڕێنەوە شار و شارۆچکە و ناوچەکانی کوردستان. 

بێگومان کۆڕەوە ملیۆنییەکەی گەلەکەمان فاکتەرێکی گرنگ و چارەنووسساز بوو بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی ڕاپەڕین و خۆئامادەکردن بۆ پڕۆسەی ھەڵبژاردن و دواتر دامەزراندنی پەرلەمان و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بەدەستھاتن و پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی ئەمڕۆ، کە بە خوێنی شەھیدە نەمرەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلەکەمان ھاتوونەتە بەرھەم.

با یادی پڕمانای کۆڕەو بکەینە وانەیەک بۆ بەخۆداچوونەوە، بکەینە ھەوێنی یەکڕیزی و یەکدەنگیی سەرجەم پارت و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بۆ دووبارەنەبوونەوەی کارەسات و مەرگەسات. 

ـ سڵاو لە گیانی پاکی سەرجەم شەھیدانی کۆڕەو و ئەو ئازیزانەی لەو تراژیدیایەدا بوونە قوربانی.

ـ سڵاو لە گەلی کوردستان و خۆڕاگری و نەبەردییەکانی.

 

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
31ی3ی2023

هه‌واڵ و چالاكییه‌كانی پ.د.ك

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.