Erbil 15°C چوارشەممە 24 نیسان 09:26

کاریگەرییەکانی ڕۆژووگرتن لەسەر ئەو کەسانەی نەخۆشی دڵیان هەیە

کوردستان TV
100%

ڕەوشی تەندروستی ئەو کەسانەی نەخۆشی دڵیان هەیە لە مانگی ڕەمەزاندا و لە کاتی بەڕۆژووبوون لە کەسێکەوە بۆ کەسێی دیکە جیاوازە، ئەمەش بەپێی دۆخی تەندروستی و ڕادەی توانای ڕۆژووگرتنی کەسەکە دەگۆڕێت، کەسانێک لەم مانگەدا سوودمەند دەبن لە ڕۆژووگرتن و کەسانێکی دیکەش ئەگەر پابەند نەبن بە ڕاوێژی پزیشیکی دووچاری کێشەی گەورەی تەندروستی دەبنەوە.

سوودەکانی ڕۆژووگرتن بۆ ئەو کەسانەی نەخۆشی دڵیان هەیە:-

د. غەسان نوح پزیشکی ڕاوێژکاری دڵ لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی (سکای نیوز) ڕایگەیاند، ئەو نەخۆشانەی دڵ کە دۆخی تەندروستیان جێگیرە، دەتوانن لە مانگی ڕەمەزان بەڕۆژوو بن بەبێ ئەوەی دووچاری کێشەی تەندروستی ببنەوە، بەتایبەت ئەگەر بە پڕۆگرامێکی تەندروست و ڕاوێژی پزیشکی ڕۆژووەکەیان بگرن ئەوا سوودێکی زۆریشی دەبێت بۆیان، سوودەکانیش ئەمانەن:-

- کەمی ڕێژەی تووشبوون بە سستبوونی دڵ.

- دابەزینی پەستانی خوێن.

- کەمبوونەوەی چەوری زیانبەخش، بەمەش ئەگەری ڕەقبوونی خوێنبەرەکان کەم دەبێتەوە.

- دابەزینی کێشی لەش.

- بەرزبوونەوەی چەوری بەسوود.

- کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە ڕەقبوونی خوێنبەرەکان.

ئامۆژگاری پێویست بۆ ئەو کەسانەی نەخۆشی دڵیان هەیە و دەیانەوێت بەڕۆژووبن:-

دکتۆر غەسان نوح، پزیشکی ڕاوێژکاری دڵ جەختی لەسەر پێویستی سەردانیکردنی پزیشکی ڕاوێژکاریی دڵ کردەوە پێش ڕەمەزان و پەیڕەوکردنی ئامۆژگارییە پێویستەکان، کە بریتین لەمانە:-

- ڕێژەی خواردن کەم بکەرەوە و بە قۆناغ بیخۆ.

- دوور بکەوەرەوە لەو خۆراکانەی کە دەوڵەمەندن بە چەوری و خوێ.

- ڕۆژانە بەلایەنی کەمەوە 8 پەرداخ ئاو بخۆرەوە.

- شلەمەنی شەکردار مەخۆرەوە.

- دڵنیابە لە خواردنی بڕێکی کەم لە خۆراک بە چوار قۆناغی دابەشکراو بە درێژایی ڕۆژ.

- پێویستی وەرزشکردن، وەک ڕۆیشتن.

- ئەگەر هەستت بەسەرگێژبوون کرد، لێدانی دڵت خێرا بوو، یان زۆر ماندوو بوویت، سەردانی پزیشک بکە.

ئەو کەسانەی نەخۆشی دڵیان هەیە و نابێت بەڕۆژووبوون:-

- ئەو نەخۆشانەی کە زوو زوو ئازاری سنگیان دەبێت.

- ئەو نەخۆشانەی کە تووشی سستبوونی دڵ دەبن، ماندوویەتی توند و هەناسە تەنگ دەبن.

- ئەو نەخۆشانەی دووچاری جەڵتەی دڵ بوونەتەوە، نابێت تاوەکوو شەش هەفتە دوای جەڵتەی دڵ بەڕۆژوو بن.

- ئەو نەخۆشانەی نەشتەرگەری دڵیان ئەنجام داوە.

- ئەو نەخۆشانەی کە تەسکبوونەوەی توند یان هەوکردنی بەستەرەکانیان هەیە.

- ئەو نەخۆشانەی کە دەرمانی شلبوونی خوێن دەخۆن.

- ئەو نەخۆشانەی کە تووشی ناڕێکی لێدانی دڵ بوون.

- ئەو نەخۆشانەی کە بارودۆخیان پێویستی بە مانەوە لەژێر چاودێری لە نەخۆشخانە هەیە.

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.