Erbil 3°C چوارشەممە 15 کانوونی دووەم 07:17

عه‌لائه‌دین بابه‌ شه‌هابی.. مامۆستا و هونه‌رمه‌ند و نه‌وه‌ی سه‌ید عه‌لی ئه‌سغه‌ری كوردستانی ..!

(1939_26/6/2014)
کوردستان TV
100%

هه‌ندێک گۆرانی هه‌یه‌ به‌ شێوه‌یه‌ک ڕۆچۆته‌ نێو یاده‌وه‌رییه‌كانمانه‌وه‌ و بە چەشنێک هه‌ست و هۆشمانی داگیركردووه‌ مه‌حاڵه‌ تا كۆتا ڕۆژه‌كانی ژیان جێمان بهێڵێت ، هه‌ركات گوێبیستی ده‌بین وه‌ک یه‌كه‌م سات به‌رگوێ و هه‌ستمان كه‌وتووه‌، چێژمان پێ ده‌به‌خشێته‌وه‌ و ده‌مانگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ ئه‌و ڕۆژگاره‌و ده‌قی هۆنراوه‌كه‌و میلۆدی و ده‌نگی به‌سۆزی هونه‌رمه‌نده‌كه‌ كه‌مه‌ندكێشمان ده‌كات و ، هێدی هێدی له‌گه‌ڵ وتنه‌وه‌ی گۆرانییه‌كه‌ به‌ره‌و ئه‌و ڕۆژگاره‌ هه‌نگاو ده‌نێین.

هه‌ركاتێک گوێبیستی ئه‌م گۆرانییه‌ ده‌بم ، به‌ ده‌نگی خۆشی هونه‌رمه‌نده خۆشه‌ویسته‌كه‌ی شاری سنه‌ و  نه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌( سه‌ییدعه‌لی ئه‌سغه‌ری كوردستانی)، هونه‌رمه‌ند( عه‌لائه‌دین بابەشه‌هابی) 

( ڕۆژێ ئه‌منیش یاران شادی میوانم بوو

بۆ باخچه‌ی دڵداری نه‌وگوڵی جوانم بوو

سروه‌ی ئاواتم بوو، سروه‌ی هه‌ناسه‌كه‌ی

مۆسیقای گیانم بوو ، ماڵه‌ی هه‌یاسه‌كه‌ی).

سه‌ره‌تای ساڵی (1975) بوو، قوتابی پۆلی شه‌شه‌می سه‌ره‌تایی بووم، له‌ ئۆردوگای( سه‌راوگه‌رم) له‌ نزیک 

( سه‌رپێڵی زه‌هاو) له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، له‌لای ڕاستی ده‌روازه‌ی هاتنه‌ ناوه‌وه‌ بۆ ئۆردوگای (سه‌راوگه‌رم)، شانۆیه‌كی گه‌وره‌ دروست ده‌كرا، له‌گه‌ڵ ته‌واوبوونی هێنده‌ی نه‌برد( تیپی مۆسیقا و شانۆی شۆڕش) به‌گه‌شتێكی هونه‌ریی گه‌یشتنه‌ ئۆردوگا، دیاره‌ تیپی مۆسیقا و شانۆی شۆڕش له‌ كۆتایی ساڵی (1974) به‌مه‌به‌ستی به‌رزكردنه‌وه‌ی هه‌ست و ڕۆحی كوردانی باشووری كوردستان له‌ ئۆردوگاكانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان نیشته‌جێ بووبوون، تیپی ناوبراو لە ڕێی هونەری گۆرانی و مۆسیقا و نواندنەوە گه‌شتیان بۆ زۆربه‌ی ئۆردوگاكان ده‌ست پێكردبوو ، دڵی ئه‌و جه‌ماوه‌رەیان خۆش و پڕ خرۆش كردووه‌، ئۆردوگای سه‌راوگه‌رمیش به‌هه‌مان شێوه‌ بۆماوه‌ی (3) سێ ڕۆژ به‌هه‌ست و ده‌ست و په‌نجه‌و جه‌سته‌و گه‌رووه‌ پڕ چێژه‌كانیان ، شادی و هیوایان به‌و جه‌ماوه‌ره‌ به‌خشی،ئه‌م هه‌نگاوه‌ ده‌رفه‌تێک بوو بۆ هونه‌رمه‌نده‌ خۆشه‌ویسته‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، ئه‌وانیش له‌ ڕێی هونه‌ر و ده‌نگه‌خۆشه‌كانیانه‌وه‌، دۆخی نائومێدی و دابڕان‌ له‌ژیان له‌ هه‌ست و ناخی ئاواره‌كاندا دووربخه‌نه‌وه‌و چێژیان پێ ببه‌خشن، دوای تیپی مۆسیقاو شانۆی شۆڕش، ئه‌وه‌نده‌ی یاده‌وه‌ریی منداڵیم هاوكارم بێت، به‌ماوه‌یه‌كی كه‌م دوو هونه‌رمه‌ندی ده‌نگخۆش و ده‌نگ زوڵاڵ له‌ (موكریان و ئه‌رده‌ڵان)ه‌وه‌، له‌گه‌ڵ گرووپێكی مۆسیقا ته‌شریفیان هێناو ئاهه‌نگی شادی و لێوانلێو له‌چێژی هونه‌رییان به‌خشی به‌ خه‌ڵكی ئاواره‌ی ئۆردوگای سه‌راوگه‌رم، ئه‌وانیش هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند ( عه‌زیز شارۆخ  و عه‌لائه‌دین بابەشه‌هابی) بوون.

هونه‌رمه‌ند عه‌لائه‌دین بابەشه‌هابی له‌سه‌ر شانۆ له‌گه‌ڵ گرووپی مۆسیقادا گۆرانی ده‌خوێند، هونه‌رمه‌ندێكی شۆخ و شه‌نگ و شیكپۆش، قاتێک چاكه‌ت و پانتۆڵی سپی پۆشیی بوو، به‌ڕاستی زۆر به‌ ویقار و جوان بوو، ده‌نگێكی ئارامبه‌خش و میلۆدی جوان و تێكستی پڕ ماناو شادیبه‌خشی ده‌خوێند، له‌وساته‌وه‌ ده‌نگ و هونه‌ری ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ له‌ناو بیر و هه‌ست و یاده‌وه‌ریمدا جێی گرت و هونه‌ره‌كه‌ی كاریگه‌ریی له‌سه‌رم دانا. 

عه‌لائه‌دین بابەشه‌هابی، یه‌كێک له‌ گه‌وره‌ هونه‌رمه‌ندانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌‌، نیوسه‌ده‌ ته‌مه‌نی به‌ گۆرانی و مۆسیقا به‌خشیوه‌ و، ‌له‌ ڕێگا پیرۆزه‌كه‌ی هونه‌ردا خزمه‌تی كردووه،‌.

له‌ساڵی (1939)له‌ یه‌كێک له‌ گه‌ڕه‌كه‌ كۆنه‌كانی شاری سنه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌ناوی( چوارباخ) چاوی به‌ژیان هه‌ڵهێناوه‌،

كاتێک له‌دایک بووه‌ ،دووانه‌( جمک) بوون به‌ناوه‌كانی( عه‌لائه‌دین و محێدین) ناوده‌نرێن.

عه‌لائه‌دین ،كوڕی سه‌ییدعه‌بدولئه‌حه‌د(1905_1984)، كوڕی سه‌یید عه‌لی ئه‌سغه‌ری كوردستانی ( 1882_ 4/2/1937) گه‌وره‌هونه‌رمه‌ندی كوردستان.

( سه‌یید عه‌لی ئه‌سغه‌ر ،كوڕی سه‌یید نیزامه‌دین، كوڕی سه‌یید جامی، كوڕی سه‌ییدمحه‌ممه‌د جه‌واد،كوڕی سه‌یید ئیبراهیمه‌، به‌گوێره‌ی ئه‌و شه‌جه‌ره‌نامه‌یه‌ی سه‌یید، كه‌ له‌ سه‌یید ئیبراهیمی كوڕه‌زای سه‌ییدم وه‌رگرتووه‌، ده‌چنه‌وه‌ سه‌رسه‌یید عه‌لی هه‌مه‌دانی، برای شاعیری ناسراو"باوەتاهیری هه‌مه‌دانی"، له‌سه‌رێكی تریشه‌وه‌ ده‌چنه‌وه‌ سه‌ر دینداری به‌ناوبانگ سه‌یید بابەشه‌هابه‌دین، به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ هه‌ندێ جاریش به‌سه‌یید وتراوه‌ سه‌یید عه‌لی ئه‌سغه‌ری بابەشه‌هابی، یان باباشه‌هابی، بۆیه‌ بنه‌ماڵه‌ی كوڕه‌گه‌وره‌ی سه‌یید، واته‌ سه‌یید عه‌بدولئه‌حه‌د نازناوی ( بابەشه‌هابی) یان له‌خۆیان ناوه‌) (1) .

هونه‌رمه‌ند سه‌یید عه‌لی ئه‌سغه‌ری كوردستانی خاوه‌نی (3) كوڕ و(2) كچ بووه‌، به‌ ناوه‌كانی(سه‌یید عه‌بدولئه‌حه‌د، سه‌ییدمه‌سیح و سه‌یید عه‌لی ئه‌شره‌ف و كچه‌كانی به‌ناوی زارا و شه‌رافه‌ت) .

 به‌پێی نووسینه‌كه‌ی كاک ( حه‌مه‌ی حه‌مه‌باقی) ته‌نها بنه‌ماڵه‌ی كوڕه‌ گه‌وره‌ی سه‌یید عه‌لی ئه‌سغه‌ری كوردستانی هه‌ڵگری نازناوی( بابەشه‌هابی) ین، ئه‌و نازناوه‌ بۆته‌ نازناوی كه‌سایه‌تی و هونه‌ری هونه‌رمه‌ند عه‌لائه‌دین بابەشه‌هابی.

عه‌لائه‌دین بابەشه‌هابی له‌ته‌مه‌نی (7) ساڵیدا، واته‌ له‌ساڵی (1946) خراوه‌ته‌ به‌رخوێندن له‌قوتابخانه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ به‌زمانی دایک( كوردی) نا، به‌ڵكو خوێندن و نووسین به‌زمانی (فارسی) بووه‌.

هونه‌رمه‌ند زاده‌ی شاری سنه‌و پایته‌ختی میرنشینی( ئه‌رده‌ڵان)ه‌ ، ناوچه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ند له‌ بواری فه‌رهه‌نگ و كولتوور به‌گشتی و هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی، بێگومان ئه‌وه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر عه‌لائه‌دینی منداڵ داناوه‌، له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ كاریگه‌ری ده‌نگی زوڵاڵ و به‌سۆزی پێشه‌نگی كاروانی مه‌قام و به‌سته‌ی كوردی ( سه‌یدعه‌لی ئه‌سغه‌ری كوردستانی) باپیری له‌سه‌ر بووه‌، واته‌ هونه‌رمه‌ند له‌ ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه‌ له‌ ژینگه‌یه‌كی هونه‌ریدا ژیاوه‌ و ئاشنابووه‌ به‌ ئاواز و مه‌قام و گۆرانی كوردی.

به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه‌ هونه‌رمه‌ند عه‌لائه‌دین بابەشه‌هابی كاریگه‌ری ده‌نگ و هونه‌ری باپیری له‌سه‌ربووه‌، به‌ڵام له‌سه‌ر شێوازی ده‌نگی باپیری هه‌نگاوی بۆنێو دنیای هونه‌ر هه‌ڵنه‌گرتووه‌( ئه‌گه‌رچی پاش كۆچی دوایی باپیری( سه‌ی ئه‌سكه‌ری كوردستانی) له‌دایک بووه‌، به‌ڵام كارتێكه‌ری ده‌نگی باپیری له‌سه‌ره‌ و ده‌بێژێ هه‌ربه‌ ئیشقی ئه‌وه‌ كه‌ زیندووه‌، بڕوای به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ سه‌ی ئه‌سكه‌ر ته‌نیا یه‌كێكه‌ و ئیدی دووباره‌ نابێته‌وه‌، بۆیه‌ له‌ دونیای گۆرانیی كوردی دا دووی ستایل و شێوازه‌كه‌ی باپیری ناكه‌وێ و به‌گوێره‌ی مه‌ودای ده‌نگی خۆی درێژه‌ به‌كاری هونه‌ریی ده‌دات) (2).

هونه‌رمه‌ند عه‌لائه‌دین بابەشه‌هابی قۆناغی خوێندنی سه‌ره‌تایی له‌ شاری سنه‌ ته‌واو كردووه‌ و هه‌روه‌ها قۆناغه‌كانی دیكه‌ تا بووه‌ به‌ مامۆستای قوتابخانه‌ و وانه‌ی به‌ قوتابییه‌كان وتۆته‌وه‌.

یه‌كه‌م كاری هونه‌ری و به‌رده‌وامبوون له‌كاروانی هونه‌ری گۆرانی..!

هونه‌رمه‌ند عه‌لائه‌دین بابەشه‌هابی له‌ ته‌مه‌نی (7) ساڵییه‌وه‌ هه‌ست به‌ دنیای جوانی هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی ده‌كات، وه‌ک پێشتر ئاماژه‌م پێدا كاریگه‌ریی چریكه‌و ده‌نگی به‌سۆزی باپیری و ژینگه‌ی فراوان و ده‌وڵه‌مه‌ندی زێده‌كه‌ی و هه‌روه‌ها ده‌نگ و هونه‌ری چه‌ندین هونه‌رمه‌ندی به‌تواناو ده‌نگخۆش و بوونی ڕادیۆ له‌ شاری سنه‌،ئه‌وانه‌ هه‌موو ڕێخۆشكه‌ربوون بۆ هونه‌رمه‌ند تا له‌ ته‌مه‌نی (17) ساڵیدا، له‌ساڵی ( 1956) بتوانێت ڕوو بكاته‌ ڕادیۆی سنه‌  و به‌هاوكاری  هونه‌رمه‌ندی مۆسیقاژه‌ن و ئاوازدانه‌ر ( حه‌سه‌ن كامگار 1923_1992) سروودی ( ئه‌ی وه‌ته‌ن) ‌و گۆرانی ( گوڵئه‌ندام)تۆماربكات ، هه‌ردوو كاره‌كه‌ له‌ئاوازی هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن كامگار بووه‌، دوای ئه‌و دوو به‌رهه‌مه‌، گۆرانییه‌كی دیكه‌ تۆمارده‌كات به‌ناوی( ساقی سه‌رووی باڵات) ، له‌ڕێی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌وه‌ ده‌نگ و ناو و نازناوی هونه‌رمه‌ند ده‌بێته‌ ویردی سه‌رزاران و له‌لای هه‌واداران و هۆگرانی مۆسیقا و گۆرانی كوردی ئاشنا ده‌بێت ، هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی ده‌بێته‌ به‌شێكی سه‌ره‌كی له‌ ژیانیدا و به‌عه‌شقه‌وه‌ كاری بۆ هونه‌ركردووه‌،تائه‌و جێیه‌ی ده‌رفه‌تی بۆ ڕه‌خسابێت گۆرانی تۆماركردووه‌،ئه‌ركه‌ پیرۆزه‌كه‌شی واتە مامۆستایه‌تی فه‌رامۆش نه‌كردووه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ وانه‌وتنه‌وه‌دا بیر و هۆشی له‌لای گۆرانی و میلۆدی كوردی بووه‌ .

( به‌ڕێزی بوو به‌ مامۆستای من له‌گوندی سه‌ڵوه‌تاوا، ئه‌وه‌م له‌بیره‌ ساڵی دووه‌م كه‌ له‌ مه‌كته‌ب بووین، مه‌دره‌سه‌ی گه‌وره‌و مه‌عروفی ئه‌و سه‌رده‌می سه‌ڵوه‌تاوا بوو، خاوه‌نی مه‌كته‌به‌كه‌ نه‌مریاد حاجی سه‌یدكازم ئیبراهیمی كه‌ خزمی مامۆستا عه‌لا بوو، هیچ وه‌خت له‌بیرم ناچێ من له‌گه‌ڵ هاوپۆله‌كانم له‌ نهۆمی دوودا ئه‌مانخوێند و جار جاره‌ مامۆستا عه‌لا ئه‌چووه‌ باڵكون، چوون من نزیک بووم له‌ شیشه‌ی باڵكونه‌كه‌وه ‌ئه‌مبینی و ئه‌مبیست مامۆستا عه‌لا له‌به‌ر خۆیه‌وه‌ سۆزه‌ سۆز و گۆرانی ئه‌خوێند) ( 3).

  هونه‌رمه‌ند به‌ مه‌به‌ستی زیاتر ئاشنابوون به‌دنیای هونه‌ر و مۆسیقا و سوودوه‌رگرتن له‌ مامۆستایانی هونه‌ر، ساڵی (1967) ڕوو له‌تارانی پایته‌خت ده‌كات، له‌و ژینگه‌ فراوانه‌ی تاران و ئاشنابوون به‌هونه‌رمه‌ندان و كاركردن له‌گه‌ڵ چه‌ندین تیپی مۆسیقا، هه‌گبه‌ی هونه‌ری خۆی زیاتر فراوان و ده‌وڵه‌مه‌ندتر ده‌كات ( له‌ساڵی (1346) ڕووم كرده‌ تاران و ده‌روازه‌ی مۆسیقام له‌ ڕوو كرایه‌وه‌ و چه‌ندین خولی مۆسیقام تێپه‌ڕاند،ده‌توانم بڵێم ته‌نیا نزیكه‌ی پێنج تا شه‌ش

گۆرانیم له‌ شار سنه‌ خوێندووه‌، دواتر له‌تاران هه‌گبه‌ی هونه‌رییم زه‌نگیتر بووه‌) (4).

دركاندنی ئه‌و ڕاستییه‌ له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌نده‌وه ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێ هونه‌ره‌كه‌ی له‌شاری تاران گه‌شه‌ی كردووه‌، له‌و ماوه‌یه‌دا له‌ تاران ژیاوه ‌و له‌گه‌ڵ چه‌ندین ئۆركێسترا  ئاشنا بووه‌ وكاری كردووه‌ وه‌ک( ئۆركێسترای له‌شكری، ئۆركێسترای باربۆد و ئۆركێسترای نه‌كیسا و ئۆركێسترای فه‌رهه‌نگ و هونه‌ری ئێران، به‌لای هونه‌رمه‌ندانی ناسراوی ئێرانی وه‌ک( فه‌رهاد فه‌خره‌دینی و مه‌حموود كه‌ریمی )یەوە فێربووه‌ و زیاتر به‌ناخی مۆسیقادا ڕۆده‌چێت)  ‌(5). 

عه‌لای بابەشه‌هابی هونه‌رمه‌ند له‌تاران له‌گه‌ڵ ئاشنابوونی زیاتر به‌ هونه‌ری مۆسیقا، په‌یوه‌ندییه‌كانی فراوانتر ده‌بێت، له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی ناوداری كورد و فارس وه‌ک ( مه‌زهه‌ر خالقی ، (حه‌سه‌ن یوسف زه‌مانی 1931سنه‌ _16/9/2009 كه‌نه‌دا) و( حوسێن یوسف زه‌مانی 1933 سنه‌ _ 31/12/2013 تاران) ، مورته‌زا حه‌نانه‌ و فه‌ره‌یدوون ناسری و سوهه‌یل ئه‌یوانی و محه‌ممه‌د عه‌بدولسه‌مه‌دی ) ئاشنایه‌تی په‌یدا ده‌كات و سوودیان لێوه‌رده‌گرێت ، هه‌ریه‌ک له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ هانده‌ر و پشتیوانی هونه‌رمه‌ند عه‌لائه‌دین بابەشه‌هابی ده‌بن، ناشبێت ڕۆڵ و پشتیوانی و هاوكاری كاک محێدینی برای و هاوسه‌ر و منداڵه‌كانی له هاندان  بۆ ‌ به‌رده‌وامی له هونه‌ردا و‌چڕینی گۆرانیدا فه‌رامۆش بكه‌ین ، ئه‌وانیش جێ ده‌ستیان دیاره‌ له‌سه‌ركه‌وتنی له‌كاروانی هونه‌ریدا.

هونه‌رمه‌ند لە هەڵبژاردنی شیعری شاعیرانی نەتەوەکەی، خاوه‌نی سه‌لیقه‌یه‌كی هونه‌ری بووه‌ ، بێگومان ئاوازی ناسكی خستۆته‌ گه‌ردنی هۆنراوه‌یه‌ک كه‌ هه‌ست و ناخی ورووژاندبێت و به‌ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌ی هۆنراوه‌ی شاعیرانی وەک ( وه‌فایی ، مه‌وله‌وی تاو‌گۆزی، گۆران ، سواره‌ی ئێلخانیزاده‌، ئه‌حمه‌د هه‌ردی، عوسمان ئه‌حمه‌دی، تایه‌ربه‌گی جاف، پیره‌مێرد و سه‌عده‌دین ستووده‌ و ،،، تاد) خوێندووه، هه‌روه‌ها گۆرانی فۆلكلۆری نه‌ته‌وه‌كه‌شی فه‌رامۆش نه‌كردووه و ئاوڕی له‌و گه‌نجینه‌ به‌نرخ و ده‌وڵه‌مه‌نده‌ش داوه‌ته‌وه‌‌‌.  

هونه‌رمه‌ند جیا له‌ به‌هره‌ی ده‌نگخۆشیی و خوێندنی گۆرانی، ئاوازدانه‌ر، وه‌رزشوان و به‌شداریشی كردووه‌ له‌چه‌ندین دراما و فیلمی سینه‌مانی وه‌ک دۆبلێر، ئه‌وكاته‌ی له‌ شاری تاران ژیاوه‌ ، له‌ ڕادیۆی كوردیی تاران وه‌ک ئه‌كته‌ر ڕۆڵی  له‌ به‌رنامه‌ی ( چیرۆكی شه‌ودا) بینیوه‌، هه‌روه‌ها یه‌كێک له‌خه‌سڵه‌ته‌كانی دیكه‌ی هونه‌رمه‌ند خوێندنی گۆرانییه‌ به‌ سۆرانی و هه‌ورامی و بنزاری ئه‌رده‌ڵانی، هونه‌رمه‌ند و ژه‌نیار ( ئه‌سعه‌د ڕه‌زازی) له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌  نووسیویه‌تی( مامۆستا عەلای بابەشەهابی یەک لەو گۆرانیبێژە نایاب و نادرگەلەسە کە بەر لە جوانی دەنگی و کارەکانی دەبێت باسی شەخسییەت و گەورەیی خوەی بکەین، بەڕاستی لە بواری کردار و ڕەوشت‌دا مرۆڤێکی بەڕێز بوو.

هونەرمەندێک خاوەن کەسایەتییەکی پاک و بێگەرد،مامۆستا عەلای بابه‌شەهابی به‌ جوانی ئەرکی خۆی بە جێگە هێنا کە هەم بە بنزاری ئەردەڵانی و هەم هەورامی و هەمیش یەکگرتوو گۆرانی چڕیوه‌،

له‌ بواری چڕینی مەقامیشدا زۆر  بە جوانی مه‌قامی چڕیوه‌، هەروەها سەرکەوتووش بوو لە گۆرانی سەنگین و ئارامدا، لە گۆرانی نوێ و گۆرانی گەلەریشدا شێوازێکی تایبەت بە خۆی هەبووه‌، دەنگی مامۆستا عەلا دەنگێکی پڕو بە سۆز بوو، هاوکات خاوەن ناسنامەی کوردی و سنەییانە کە زۆر جوان و شارەزایانە لە گەڵ ئۆرکێستری جۆراوجۆردا گۆرانی چڕیگەو باخی گۆرانی کوردی ڕازاوەتر کردگە، لە شێوازگەلی جۆراوجۆریش کەڵکی وەرگرتووە بۆ دەربڕینی هەستی خۆی، بۆ نموونە لە مەقامی بێستووندا زۆر شارەزایانە ئاوازی شووشتەری لە شێوازی کورمانجیدا ئەچڕێت کە نیشاندەری زانیاری ئەم هونەرمەندە بەڕێزەیە بە سەر شێوازە جۆراۆجۆرەکاندا)(6).

هونه‌رمه‌ند له‌ قۆناغه‌كانی ژیانی هونه‌ری،له‌ ته‌مه‌نی مێردمنداڵی له‌ شاری سنه‌ و  قۆناغی دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ زێده‌كه‌ی و ژیان له‌ تاران و گه‌شه‌سه‌ندنی هونه‌ره‌كه‌ی و قۆناغی دوای ڕاپه‌رینی گه‌لانی ئێران واته‌ له‌ساڵی (1979) وه‌، له‌وماوه‌ دوورو درێژه‌دا هونه‌رمه‌ند نزیكه‌ی (200) گۆرانی خستۆته‌ سه‌رخه‌رمانی هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی كوردی، (50) گۆرانی له‌پێش شۆڕشی گه‌لانی ئێران خوێندووه‌، به‌رهه‌مه‌كانی به‌شێوه‌ی ئه‌لبۆم ( كاسێت و سێ دی)  تۆمارو بڵاوكردۆته‌وه‌ ( هاوڕازی دڵ ، به‌ربه‌یان، باده‌گویا ، پاییز ، سیروان ، سه‌حه‌رگا و واز بێنه‌)

گۆرانییه‌ ناوازه‌كانی هونه‌رمه‌ند عه‌لائه‌دین بابەشه‌هابی بریتی بوون له‌:

1/  نم نم بارانه‌ ، هۆنراوه‌ی : عوسمان ئه‌حمه‌دی  و ئاوازی  حه‌سه‌ن یوسف زه‌مانی.

2/ جیلوه‌ی دیدار ، هۆنراوه‌ی: مه‌وله‌وی تاوگۆزی   و ئاماده‌كردنی مۆسیقا : سوهه‌یل ئه‌یوانی.

3/ ناڵینی دڵ ، ئاوازی حه‌سه‌ن یوسف زه‌مانی ، ئاماده‌كردنی مۆسیقا شه‌هداد ڕۆحانی ، هونه‌رمه‌ند ئەم گۆرانییەی له‌گه‌ڵ ئۆركێسترای ( باربه‌د) له‌تاران له‌ساڵی (1971) تۆماركردووه‌.

4/ لای لایه‌ ، هۆنراوه‌ی : سه‌عده‌دین ستووده‌ و ئاوازی ئومێد سپاره‌.

5/  ته‌ماشای تۆ ، هۆنراوه‌ی : وه‌فایی

6/ به‌ئاسمانه‌وه‌ ئه‌ستێره‌م دیوه‌ 

7/ كه‌ ده‌ڵێن ئه‌مڕۆ ده‌شت و كێو شینه‌

8/كه‌وی ده‌نک سوور

9/ ئارامیی گیان 

10/ گوڵی زه‌ردو سوور ، هۆنراوه‌و ئاوازی هونه‌رمه‌ند حه‌مه‌ نه‌جاڕ.

11/  ڕازیانه‌

12/  خه‌نه‌به‌ندان 

13/  شه‌مامه‌ و خاڵ خاڵ

14/  وێڵه‌ن

15/  پێت بڵێم چیم 

16/  ئه‌ی عاشقان

17/  سروه‌ی ئاوات

18/ هه‌ورامان 

19/  نه‌سیمی بادی نه‌ورۆزی

20/ كۆچ 

21/  مه‌گری 

22/ تۆ ئه‌ی په‌ری

23/ سه‌وزه‌ڵێ

24/ ئه‌ی ئاوێنه‌ی دڵبه‌ری  و  چه‌ندینی تر ).

هونه‌رمه‌ند عه‌لائه‌دین بابەشه‌هابی، له‌شاری سنه‌و شاره‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و تاران چه‌ندین ئاهه‌نگ و كۆنسێرتی ئه‌نجام داوه‌،( هونه‌رمه‌ند عه‌لای بابەشه‌هابی له‌گه‌ڵ چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی دیكه‌ له‌ هاوینی ساڵی (1993)  له‌شاری بانه‌ كۆنسێرتیكی ئه‌نجام دا، من پێشكه‌شكاری ئه‌و كۆنسێرته‌ بووم ، كاك عه‌لا به‌ پێشكه‌شكردنی گۆرانی جۆراوجۆر كۆنسێرته‌كه‌ی خۆش و به‌جۆشتر كرد و، زۆر به‌گه‌رمی له‌لایه‌ن خه‌ڵكی هونه‌ردۆستی شاری بانه‌وه‌ پێشوازیی لێكرا، ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ش له‌و كۆنسێرته‌دا به‌شدارییان هه‌بوو

( محه‌ممه‌د دانیش ، هۆشه‌نگ شێگرف، یه‌دوڵڵا محه‌ممه‌دی)(7).

ده‌نگ و هونه‌ری به‌سۆزی هونه‌رمه‌ند عه‌لا بابەشه‌هابی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و ئێران چۆته‌ ده‌ره‌وه‌، له‌ چه‌ند وڵاتێكی ئه‌ورووپا بۆ ڕه‌وه‌ندی كوردی و هه‌وادارانی ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌ی ئاهه‌نگ و كۆنسێرتی ئه‌نجام داوه‌ وه‌ک ( ئه‌ڵمانیا ، به‌لجیكا ، نه‌مسا ، به‌ریتانیا ، سوێد) .

هونه‌رمه‌ند نه‌جمه‌دین غوڵامی پێی ڕاگه‌یاندم ( مامۆستا عه‌لای بابەشه‌هابی جیا له‌وه‌ی له‌بنه‌ماڵه‌ی هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ سه‌ی ئه‌سكه‌ره‌، بۆخۆشی یه‌كێكه‌ له‌هونه‌رمه‌نده‌ ناودار و ده‌نگخۆشه‌كانی شار سنه‌، خاوه‌نی ده‌نگ و شێوازێكی تایبه‌ته‌، بۆ من جێی شانازییه‌ ڕۆژانێک له‌ قوتابخانه‌ی ( شه‌كیبا) له‌گه‌ڕه‌كی چوارباخی سنه‌، كاكه‌ عه‌لا مامۆستام بووه‌ و وانه‌ی سروودی پێ ده‌گوتین، به‌داخه‌وه‌ ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه‌ من له‌شار سنه‌ دابڕاوم ته‌نها له‌دووره‌و گوێم له‌كاره‌ هونه‌رییه‌كانی بووه‌، به‌خۆشحاڵییه‌وه‌ دوای چه‌ندین ساڵ، له‌كۆتایی نه‌وه‌ده‌كان له‌ ( سوێد) به‌خزمه‌تی گه‌یشتمه‌وه‌، وه‌ک وه‌فایه‌ک کە مامۆستام بووه‌ و هه‌میش هاوشاریمه‌، میوانداریم كرد له‌ماڵی خۆمان و زۆر خۆشحاڵ بووم به‌دیداری، باسی هونه‌ر و كاروباری هونه‌رییمان كرد و پێی وتم ( جاران من مامۆستای تۆ بووم، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ ئێستا تۆ مامۆستای منی) منیش وتم نا تكایه‌  به‌ڕێزتان هه‌میشه‌ مامۆستای منن، به‌بۆنه‌ی هاتنی بۆ سوێد ،من و كاكه‌ ناسری ڕه‌زازی ئاهه‌نگێكمان بۆ سازكرد، وه‌ک ڕێزگرتن له‌مێژووی هونه‌ری كاكه‌ عه‌لای شه‌هابی ، من و كاكه‌ ناسر له‌ته‌كیا یه‌ک دوو گۆرانیمان خوێند، به‌ڵگه‌ش وێنه‌كانمه‌ وه‌ک ئه‌رشیڤ ماون) (8). 

دوای زیاتر له‌ نیوسه‌ده‌ خزمه‌تكردن به‌هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی، له‌ڕێی ده‌نگی ئارامبه‌خش و ئه‌و میلۆدییه‌ ناسک و هۆنراوه‌ جوانانه‌ی شاعیران، هونه‌رمه‌ند ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ زێده‌كه‌ی خۆی شاری سنه‌ ، له‌ده‌ستدانی هاوسه‌ره‌كه‌ی زۆر ئازار به‌ڕۆح و هه‌ست و جه‌سته‌ی ده‌به‌خشێت و ئه‌و زه‌وق و سه‌لیقه‌ جوانه‌ی جارانی نامێنێ( كاك عه‌لا تا بڵێی كه‌سێكی هێمن و له‌سه‌ره‌خۆ بوو ، له‌ساڵی (1998)  بۆ ماوه‌ی (3) مانگ ئه‌و شه‌ره‌فه‌م پێ به‌خشرا له‌ ماڵی خۆمان له‌ ( له‌نده‌ن) میوانداری لێ بكه‌م، شانازی به‌كاک عه‌لا و بنه‌ماڵه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌كه‌م، له ‌له‌نده‌ن چه‌ندین شه‌و دانیشتنمان هه‌بووه‌ ،قسه‌كردن له‌سه‌ر مۆسیقا و گۆرانی وتن، زۆر جار هونه‌رمه‌ند (ناسر ڕه‌زازی) یش له‌گه‌ڵمان بوو، له ‌له‌نده‌نه‌وه‌ پێوه‌ندیم به‌كاک عه‌لاوه‌ كرد به‌مه‌به‌ستی سه‌ره‌خۆشیی هاوژینه‌كه‌ی ، به‌داخه‌وه‌ به‌ ناڕه‌حه‌تی و گریانه‌وه‌ وه‌ڵامی دامه‌وه‌و وتی : مه‌رگی هاوژینه‌كه‌م زۆر ئازارم ده‌دات و به‌هیوای مردن و گه‌یشتن به ‌ئه‌و زیندووه‌، به‌داخه‌وه‌ به‌ماوه‌یه‌كی كه‌م به‌شوێن كۆچی دوایی خێزانی، كاک  عه‌لاش كۆچی دوایی كرد) (9).

له‌دوای گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ شاری سنه‌ و له‌ده‌ستدانی هاوژین و هاوڕێی ته‌مه‌نیی ، ڕۆژ به‌ڕۆژ هونه‌رمه‌ند له‌‌ ته‌نیایدا ده‌ژی و خه‌م و خه‌فه‌ت زیاتر به‌رۆكی پێ ده‌گرێت و پیری و نائومێدی له‌ سیمایدا به‌ده‌رده‌كه‌وێت،دوای (75) ساڵ ژیان و به‌خشش و تێكۆشانی هونه‌ری، هونه‌رمه‌ند عه‌لائه‌دین بابەشه‌هابی  له‌ڕۆژی پێنج شه‌ممه‌ ،ڕێكه‌وتی ( 26/6/2014)  له‌شاری تاران له‌

ماڵی كوڕه‌كه‌ی به‌هۆی وه‌ستانی دڵ، كۆچی دوایی ده‌كات و بۆ هه‌میشه‌ چاوه‌كانی لێک ده‌نێ و ڕۆژی دواتر ، هه‌ینی (27/6/2014) ته‌رمه‌كه‌ی دێننه‌وه‌ شوێنی له‌دایكبوونی و له‌گۆڕستانی( به‌هه‌شتی محه‌ممه‌دی) شاری سنه‌، ئه‌سپه‌رده‌ی خاكی پیرۆزی كوردستان ده‌كرێت، دروود و سڵاو بۆ گیانی پاكی هونه‌رمه‌ند و بۆ هه‌میشه‌ ده‌نگ و هونه‌ری عه‌لائه‌دین بابەشه‌هابی له‌ ناو هه‌ست و بیری هه‌واداران و هۆگرانی مۆسیقا و گۆرانی كوردی  به‌پیرۆزی ده‌مێنێته‌وه‌، دوای كۆچی دوایی هونه‌رمه‌ند عه‌لا بابەشه‌هابی، ئاڵای هونه‌ر له‌ناو بنه‌ماڵه‌كه‌یان به‌رده‌وامی هه‌یه‌و ده‌شه‌كێته‌وه‌ ، هه‌ریه‌ک له‌ ( ڕه‌زا سه‌ڵاواتی  و  ڕووناک بابەشه‌هابی و ڕاشد بابەشه‌هابی) ڕێبواری ڕێگا پیرۆزه‌كه‌ی هونه‌رن، هیوای سه‌ركه‌وتن و به‌رده‌وامیان ده‌خوازم، له‌یادی هونه‌رمه‌ندی ده‌نگ ناسک وپڕچێژی كوردانه‌ی‌ عه‌لا بابه‌شه‌هابی و هونه‌رمه‌ندانی شاری سنه‌ ( سه‌ید ئه‌سکه‌ری كوردستانی ، حه‌سه‌ن و حسێن یوسف زه‌مانی ، حه‌سه‌ن كامگار، ئیره‌ج عه‌نده‌لیبی ، حیكمه‌ت نەوبه‌ری، به‌رات عه‌لی نوورانی ، به‌هادین نه‌ورۆزی ،عه‌باس نیروومه‌ند ، غوڵامعه‌لی ڕۆمی ، گریشا میكاییل زاده‌، عه‌باس كه‌مه‌ندی، عه‌بدوڵڵا شه‌ریعه‌تی و ،،،تاد )  چه‌پكه‌گوڵ له‌سه‌ر گڵكۆی  هه‌میشه‌یی دواهه‌واریان داده‌نێین و له‌دڵه‌وه‌ سوپاس و ستایش و حورمه‌ت به‌رانبه‌ر مێژووی پڕ تێكۆشان و به‌خششی هونه‌رییان ده‌نوێنین ، یاد و یاده‌وه‌رییه‌كانیان به‌رزو به‌ڕێز بێت.  

جه‌مالی ده‌لاک  29/3/2023 ،هه‌ولێر. 

سه‌رچاوه‌ :

(1)كتێبی سه‌ییدعه‌لی ئه‌سغه‌ری كوردستانی، نوسینی : محه‌مه‌د حه‌مه‌ باقی، لاپه‌ڕه‌ ( 35).

(3 و 7) به‌ڕێز( به‌هرۆز سه‌ڵاواتی) هاوشاری و هاوڕێی هونه‌رمه‌ند( عه‌لای باباشه‌هابی) په‌یوه‌ندی له‌ڕێی ماسنجه‌ره‌وه‌ له‌ڕێكه‌وتی ( 19/3/2023) .

(2 و 4 و 5) پیاوێک له‌‌ ڕه‌نگی (سه‌ی ئه‌سکه‌ر) به‌ ده‌نگێ جیاواز(چه‌ند په‌یڤێک بۆ عه‌لائه‌دینی بابه‌شه‌هابی)
هۆمه‌ر نۆریاوی ، تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك،له‌

 ( 3/10/2014).

(6) نووسینی هونه‌رمه‌ند ئه‌سعه‌دڕه‌زازی ، تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك ( 26/6/2014).

(8) په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ( نه‌جمه‌دینی غوڵامی) ڕێكه‌وتی ( 15/3/2023) ( سوید _ هه‌ولێر) .

(9) په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ كاك عابد مفتی زاده‌ ، هاورێ و هاوشاری هونه‌رمه‌ند له‌ڕێكه‌وتی ( 15/3/2023) ( له‌نده‌ن _ هه‌ولێر).

سوپاس و پێزانینم بۆ هه‌ریه‌ك له‌كه‌سایه‌تی و هونه‌رمه‌ندانی ئازیز( نه‌جمه‌دینی غوڵامی ،عه‌لای سه‌لاحیان ، به‌هرۆزی سه‌ڵاواتی ، عابدی مفتی زاده‌ ، هۆمه‌ر نۆریاوی و ئه‌سعه‌دی ڕه‌زازی)  له‌ڕێی په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنییه‌وه‌ ماندووم كردن و  هه‌ریه‌ك به‌جێی خۆی زانیاری پێ به‌خشیم (ج،د).

 

کوردستان بناسە

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.