Erbil 15°C پێنجشەممە 25 نیسان 01:23

كارگەیەكی ناوخۆیی بەرهەمی جوتیاران هەناردەی دەرەوە دەكات

کوردستان TV
100%

کابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پتەوكردنی ژێرخانی ئابووری و ڕەخساندنی هەلی كار و ساغكردنەوەی بەرهەمی جوتیاران، گرنگیەكی تایبەتی بە كەرتی كشتوكاڵیی و وەبەرهێنان داوە، لە هەمانکاتدا كارئاسانییەکی تەواوی كردووە بۆ هەناردەكرنی بەرهەمە خۆماڵییەكان.
 

لە چوارچێوەیەدا لە شارۆچكەی ئاكرێی سەر بە پارێزگای دهۆك كارگەیەكی ناوخۆیی ماوەی ساڵێکە بەرهەمە خواردنە كوردییەكانی ئاكرێی وەکو (برنجی كوردی - سماق – تەحینی ئامێدی) هەناردەی درەوە دەكات.

ئاراس حامد كه‌ خاوەنی كارگەكه‌یە، لەبارەی بەرهەم و چۆنیەتی بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی بۆ بازاڕەكانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ئەوروپا دەڵێت "پێشتر برنجی كوردی بە ڕێگەیەكی كلاسیك بەرهەم دەهێنرا و دەخرایە بازاڕەكانەوە، هەرچەند زۆربەی لە دەستی جووتیارەكان دەمایە و ساغ نەدەكرایەوە، بەڵام ئێستا پاڵپشتییەكی زۆری جوتیارانی كوردستان دەكەین بە تایبەت جوتیارانی دەڤەری ئاكرێ، كە ئێمە ڕێژەیەكی زۆر برنجی كوردیمان لە جووتیاران كڕیوەتەوە، تاوەكو ئێستا ئەم سێ بەرهەمەی ناوچەكەمان هەناردەی دەرەوە كردووە و بەردەوامیش دەبین لەسەر ئەو كارە بۆ ئەوەی زیاتر پەرە بە بەرهەمی خۆماڵی كوردستان بدەین".

سه‌باره‌ت به‌ هەناردەكردنی بەرهەمەكان بۆ بازاڕی وڵاتانی ئەوروپی، خاوەنی كارگەكە دەڵێت "بەرنامەی هەناردەكردن بۆ دەرەوەی وڵات بە هاتنی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بوو، ئەمەش ڕێخۆشكەر بوو بۆ بازرگانان تا ئەم بەرهەمانە هەناردەی دەرەوەی وڵات بكەن، جگە لەوەش لابردنی باجی گومرگ لەسەر ئەو بەرهەمە خۆماڵییانەی هەناردەی دەرەوەی وڵات دەكرێن، هۆكارێكی گرنگە بۆ گەشەسەندن و فراوانكردنی كاری وەبەرهێنان و هەناردەكردن بۆ دەرەوەی وڵات".

ئەم كارگەیە جگە لەوەی پاڵپشتییەكی گەورەیە بۆ جووتیارانی دەڤەرەكە و بەرهەمی ناوچەكە دەخاتە بازاڕەكان لە ناوخۆدا، بە پاڵپشتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە دروستكردووە، ئێستا بەرهەمەكانی لە وڵاتانی (سوید، بەریتانیا، ئەڵمانیا و فڕەنسا) بەردەستە.

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.