Erbil 15°C چوارشەممە 24 نیسان 17:02

پسپۆڕان هۆشداری دەدەن.. بەهای دیناری عێراقی لە بەرامبەر دۆلاردا چی بەسەر دێت ؟

کوردستان TV
100%

لەم دواییانەدا نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار چەند گۆڕانكارییەكی بەخۆیەوە بینیوە، ئەوەش بەهۆی ڕێكارەكانی پابەندبوون بە بانكی نێودەوڵەتییەوە.
نرخی دۆلار لە بازاڕە ناوخۆییەكانی عێراق دابەزینی تۆماركرد، ئەمەش دوای چەند كاتژمێرێك لە بڕیاری حكومەتی عێراق بە دابەزاندنی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی لە هەزار و 450 دینارەوە بۆ هەزار و 300 دینار.
بەگوێرەی ئەو بڕیارە، بانكی ناوەندی عێراق دۆلار بە نرخە فەرمییە نوێیەكان بە كڕیاران دەفرۆشێت.
لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا دوای سەپاندنی ڕێوشوێنی پابەندبوون كە حەواڵەی بانكی بۆ عێراق سنووردار كرد،نرخی دۆلار گەیشتە 1700 دیناری عێراقی . 
لەبارەی بریارەكەی حكومەتیش مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عێراق  دەڵێت: ئەو بڕیارە نەخشێكە لە "سیاسەتی دراوی توند بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڵاوسان و بەرەنگاربوونەوەی چالاكییە هەڵاوسانەكان كە بەهۆی بازاڕە ناتەواوەكانەوە دروست دەبن.
هەروەها د. عیماد عەبدول لەتیف سالم، پرۆفیسۆری ئابووری لە زانكۆی موستەنسریە دەڵێت: ژمارەكان لە بواری ئابووریدا بەكارناهێنرێن، وەك چۆن لە یاری 'مار و پەیژە'دا بەكاردەهێنرێن.
هەروەها گوتی: حكومەتی كازمی یەك دۆلاری یەكسان كرد بە 1460 دینار، حكومەتی سوودانیش هات و یەك دۆلاری كرد بە 1300 دینار، و لەو كاتەدا كەس پێی نەگوتین بۆچی 1460 ، و كەس پێی نەگوتین بۆچی ئێستا1300 . 
هەروەها سالم هۆشداریدا لە "دەستكاریكردنی نرخی ئاڵوگۆڕكردن" و ڕایگەیاند كە "دەرئەنجامی جددی" لەوەدا دەبێت.
گوتیشی، ئەگەر دەوڵەت توانای بەرگری لە نرخی 1460 دیناری نەبێت بەرامبەر بە دۆلار، كە نرخەكەی لە بازاڕدا گەیشتە 1700 دینار ، ئەوا چۆن دەتوانێت بەرگری لە نرخی 1300 بكات، جیاوازی لە بازاڕدا چەند دەبێت لەنێوان ئەو دوو نرخەدا؟.
هەروەها ڕۆژنامەی بلومبێرگ ئیكۆنۆمیكسی ئەمریكی باس لەوە دەكات كە عێراق ڕووبەڕووی كەمی دۆلار بووەتەوە، ئەمەش وایكردووە دینار لە بازاڕی ڕەشدا لاواز بێت.
دەشڵێت :هەڵسەنگاندنەوە كێشەكە چارەسەر ناكات، بەو پێیەی هیچ گۆڕانكارییەك لە دابینكردنی دۆلارەكان ناكات كە دەچێتە بازاڕەوە. بەڵكو پشتبەستنی عێراق بە نەوت زیاد دەكات، بەتایبەتی كاتێك لەگەڵ زیادبوونی خەرجییەكانی حكومەت تێكەڵ دەكرێت.
هەروەها باریق شۆبەر، ئابووریناسی عێراقی، هۆشداریی داوە لەوەی كە باشتربوونەكە "كاتییە" و بەو پێیەی "كڕیارانی دۆلار چاوەڕێی ئەوەن دۆلار بە نرخێكی كەمتر لە بانكی ناوەندی بەدەستبهێنن.
عێراق كە دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەرە لە ئۆپێك، لەژێر فشاری ئەمەریكادا بوو بۆ سنوورداركردنی ڕۆیشتنی پارە بۆ ئێرانی دراوسێ، چونكە دەستەی یەدەگی فیدراڵی لە نیویۆرك لە مانگی 11ی ساڵی ڕابردوودا سنوورداركردنی توندتری بۆ مامەڵەی دۆلار لەلایەن بانكە بازرگانییەكانی عێراقەوە سەپاند.
ئەم ڕێوشوێنانەش بوونە هۆی كەمبوونەوەی دۆلار لە عێراق و  بووە هۆی دابەزینی نرخی دینار و هەڵاوسان زیادی كرد.
بۆ ئەم مەبەستەش ، بڕیارە فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ عەلی عەلاق، پارێزگاری بانكی ناوەندی بە وەكالەت، سەردانی واشنتۆن بكەن .
 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ئابووری عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.