Erbil 15°C شەممە 02 ئازار 09:28

بۆ یه‌كه‌مجار توێژینه‌وه‌یه‌كی زانستی-مێژوویی (ماسته‌رنامه‌) له‌سه‌ر راگه‌یاندنی پارتی په‌سه‌ندكرا

کوردستان TV
100%


له‌ هۆڵی (فه‌رهادی) كۆلێژی ئادابی زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین، گفتوگۆی ماسته‌رنامه‌یه‌ك له‌ بواری ڕاگه‌یاندن به‌رێوه‌ چوو كه‌ توێژینه‌وه‌كه‌ سه‌باره‌ت به‌ ڕاگه‌یاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو له‌ ساڵی 1976 بۆ 1991 و پله‌ی زۆر باشه‌ی باڵای به‌ده‌ست هێنا.

 له‌سه‌ر ئامانج و ناوه‌ڕۆك و ئه‌نجامی توێژینه‌وه‌كه‌ هۆگر به‌هائه‌دین، قوتابی كۆلێژی ئاداب له‌زانكۆی سه‌لاحه‌ددین و هه‌روه‌ها ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سكرتارییه‌تی یه‌كێتی قوتابییانی كوردستانیشه‌ به‌ماڵپه‌ری فه‌رمی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگه‌یاند:  پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌ ماوه‌ی خه‌باتی سیاسیی خۆیدا به‌ بایه‌خه‌وه‌ له‌ ڕاگه‌یاندنی ڕوانیوه‌، بەتایبەت له‌ قۆناغی خه‌باتی شۆڕشگێڕیدا ڕاگه‌یاندنی به‌ ئامرازێکی گرنگی سه‌رخستنی شۆڕش بینیوه‌. ڕاگه‌یاندن ڕۆڵێكی كارای گێڕاوه‌ له‌ هۆشیاركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه و هاندانی‌ له‌ به‌رانبه‌ر پرسه‌ سیاسییه‌كان و بەجۆشهێنانی کۆمەڵ بۆ بێده‌نگ نه‌بوون له‌ ئاست ماف و داخوازییه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و گه‌یاندنی ده‌نگی شۆڕش به‌ هه‌موو جیهان. هه‌ر ئه‌مه‌ش وای كردووه‌ ڕووداوه‌ سیاسی و سه‌ربازییه‌كان ڕه‌نگدانه‌وه‌یه‌كی قووڵ له‌ ڕاگه‌یاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان جێ بهێڵن. له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، ساڵانی قۆناغی توێژینەوەکەی ئێمە، به‌ قۆناغێكی گرنگ ده‌ژمێردرێت بۆ گه‌لی كورد، چونكه‌ لەو ساڵانەدا بزووتنه‌وه‌ی سیاسیی كورد، به‌ چه‌ندین هه‌وراز و نشێودا تێ په‌ڕیوه‌. ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی چه‌ندین كاره‌ساتی گه‌وره و پڕمەینەت‌ به‌سه‌ر گه‌لی كورددا هاتووه، ‌زۆرینه‌ی ڕووداوه‌ مێژووییه‌كانی ئه‌و قۆناغه‌ له‌ ڕاگه‌یاندن و ڕۆژنامه‌ و بڵاوكراوه‌كانی پارتیدا تۆمار كراون. ئه‌مه‌ش بۆ مێژوونووسان گرنگیی خۆی هه‌یه‌، هه‌ر ئه‌مانه‌ش وایان كرد توێژینه‌وه‌ لەباره‌ی ڕاگه‌یاندنی پارتییه‌وه‌ ئه‌نجام بده‌م.


هۆگر به‌هائه‌دین راشیگه‌یاندووه‌، گرنگی ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌ له‌وه‌دایه‌، باسی چه‌ند لایه‌نێكی كاری ڕاگه‌یاندن لای پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌كات كه‌ پێشتر كاری له‌سه‌ر نه‌كراوه‌. ده‌توانین بڵێین ئه‌مه‌ یه‌كه‌مین توێژینه‌وه‌ی ئه‌كادیمیی مێژووییه‌ له‌سه‌ر ڕاگه‌یاندنی پارتی کرابێت، دەربارەی ساڵانی 1976-1991. ڕاگه‌یاندنی پارتی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی بیر و بۆچوونی پارته‌كه‌یه‌تی، بۆیه‌ ده‌كرێت سه‌ره‌ڕای تێگه‌یشتن له‌ بارودۆخی سیاسی و سه‌ربازیی كوردستان، له‌ بیر و بۆچوونه‌كانی پارتی تێبگه‌ین ده‌رباره‌ی ئه‌و دۆخه‌ تازه‌یه‌ی كه‌ پاش نسكۆی شۆڕشی ئه‌یلوول له‌ كوردستان هاتبووه‌ ئاراوه‌.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌،  ئامانجی توێژینه‌وه‌كه‌ تێگه‌یشتنه‌ له‌ شێوازی كاركردن و بیر و بۆچوونی پارتی له‌باره‌ی كاری ڕاگه‌یاندن و چۆنیه‌تیی به‌كارهێنانی ڕاگه‌یاندن بۆ ناساندنی پرسی كورد له‌ ئاستی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای خستنه‌ڕووی ناوه‌رۆكی ڕاگه‌یاندنی پارتی و پێشاندانی ئاست و توانایی گه‌شه‌سه‌ندن و خستنه‌ڕووی لایه‌نه‌ ئه‌رێنی و نه‌رێنییه‌كانی.

 هۆگر به‌هائه‌دین ده‌شڵێت:  توێژینه‌وه‌كه‌ له‌ پێشه‌كی و ده‌روازه‌ و سێ به‌شی سه‌ره‌كی و ده‌رئه‌نجام پێك دێت، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای بوونی ئه‌نجام و لیستی سه‌رچاوه‌كان و پاشكۆ.
ده‌روازه‌ی توێژینه‌وه‌كه‌ ته‌رخان كراوه‌ بۆ پاشخانی مێژووی ڕاگه‌یاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌ ماوه‌ی ساڵانی (1946-1975). هه‌وڵ دراوه‌ به‌كورتی باسی ڕاگه‌یاندنی پارتی له‌و ماوه‌ مێژووییه‌دا بكه‌ین، تاكوو به‌رچاوڕوونیی ته‌واو به‌ خوێنه‌ر ببه‌خشین.

به‌شی یه‌كه‌م: ناونیشانی ئه‌م به‌شه‌ بریتییه‌ له‌ (به‌شی ڕاگه‌یاندن له‌ مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان) ئه‌م به‌شه‌ سێ ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی له‌خۆ ده‌گرێت. ته‌وه‌ری یه‌كه‌م‌، به‌ ناونیشانی (دامەزراندنی بەشی ڕاگەیاندن)ه‌، ئه‌م ته‌وەره‌مان دابه‌شی سه‌ر دوو باس كردووه‌. له‌ باسی یه‌كه‌مدا، سه‌ره‌تاكانی هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شۆڕشمان خستووه‌ته ‌ڕوو. باسی دووه‌م، ته‌رخان كراوه‌ بۆ به‌شی ڕاگه‌یاندن و شێوازی كاركردنی ئه‌م به‌شه‌، چۆنیه‌تیی به‌دامه‌زراوه‌كردنی ڕاگه‌یاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان. ته‌وه‌ری دووه‌م، ته‌رخان كراوه‌ بۆ ڕادیۆی ده‌نگی كوردستان. له‌م ته‌وه‌ره‌دا به‌ دوو قۆناغ باسمان له‌ دامه‌زراندنه‌وه‌ی ڕادیۆ و قۆناغه‌كانی كاركردن و به‌رنامه‌كانی كردووه‌. ته‌وه‌ری سێیه‌م، كۆتا ته‌وه‌ره‌، تایبه‌ته‌ به‌ هۆبه‌كانی به‌شی ڕاگه‌یاندن كه‌ خۆی له‌ سێ باس ده‌بینێته‌وه‌، ئه‌وانیش (چاپخانه‌، ئینصات، ئه‌رشیف و كتێبخانه‌) له‌م باسه‌دا شێوازی كاركردن و زانیاریی پێویست له‌باره‌ی ئه‌و سێ هۆبه‌یه‌وه‌ خراوه‌ته ‌ڕوو.

به‌شی دووه‌م: به‌ ناونیشانی (ڕۆژنامه‌گه‌ریی پارتی دیموكراتی كوردستان 1976-1991)، دیسان ئه‌م به‌شه‌ له‌ سێ ته‌وه‌ر پێك دێت، ته‌وه‌ری یه‌كه‌م، ته‌رخان كراوه‌ بۆ بڵاوكراوه‌ ناوه‌ندییه‌كان، خۆی له‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ "ڕۆژنامه‌ی خه‌بات"ی زمانحاڵی پارتی و بڵاوكراوه‌ی ده‌نگوباسی كوردستان ده‌بینێته‌وه‌ كه‌ لەلایه‌ن به‌شی ڕاگه‌یاندنی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتییه‌وه‌ ده‌رچوون. ته‌وه‌ری دووه‌م، ته‌رخان كراوه‌ بۆ بڵاوكراوه‌ی لقه‌كانی پارتی. ئه‌م ته‌وه‌ره‌ به ‌هه‌مان شێوه‌ دابه‌‌شی سه‌ر دوو باسی سه‌ره‌كی كراوه‌ كه‌ ئه‌وانیش بڵاوكراوه‌كانی ناوخۆی كوردستان، باسی دووه‌م تایبه‌ته‌ به‌ بڵاوكراوه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی كوردستان. مه‌به‌ست لێی ئه‌و ڕۆژنامه‌ و گۆڤارانه‌یه‌ كه‌ له‌لایه‌ن ئۆرگانه‌ جیاوازه‌كانی پارتییه‌وه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی كوردستان بڵاوكراونه‌ته‌وه‌. ته‌وه‌ری سێیه‌م، تایبه‌ت كراوه‌ به‌ بڵاوكراوه‌ی ڕێكخراوه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كان، له‌م ته‌وه‌ره‌دا تیشكمان خستووه‌ته‌وه‌ سه‌ر ئه‌و بڵاوكراوانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن ڕێكخراوه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كانی پارتییه‌وه‌ ده‌ركراون،‌ ئه‌وانیش خۆیان له‌ ڕێكخراوه‌كانی (ی.ق.ك) و (ی.ل.د.ك) و (ی.ئا.ك) ده‌بینێته‌وه‌.

به‌شی سێیه‌م: ناونیشانی ئه‌م به‌شه‌مان بریتییه‌ له‌ (ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ڕووداوه‌ سیاسیی و سه‌ربازییه‌كان له‌ ڕاگه‌یاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان)، ئه‌م به‌شه‌ هاوشێوه‌ی دوو به‌شه‌كه‌ی دیكه‌ دابه‌شی سه‌ر سێ ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی كراوه‌. ته‌وه‌ری یه‌كه‌م ته‌رخان كراوه‌ بۆ سیاسه‌ته‌كانی حكوومه‌تی عێراق به‌رانبه‌ر به‌ خه‌ڵكی كوردستان، له‌م ته‌وه‌ره‌دا به‌ دوو باس،‌ سیاسه‌ته‌كانی حكوومه‌تی عێراق‌ له‌ ڕوانگه‌ی ڕاگه‌یاندنی پارتییه‌وه ڕوون كراوته‌وه‌‌،‌ ئه‌وانیش خۆیان له‌ سیاسه‌تیی ڕاگواستن و به‌عه‌ره‌بكردن و ئه‌نفال و كیمیاباران ده‌بیننه‌وه‌. ته‌وه‌ری دووه‌م، تایبه‌ته‌ به‌ په‌یوه‌ندیی نێوان هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان، له‌م ته‌وه‌ره‌دا به‌ سێ باسی جیاواز ڕه‌نگدانه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی نێوان پارته‌ سیاسییه‌كانی كوردستان،‌ له‌ ڕاگه‌یاندنی پارتیدا شی كراوه‌ته‌وه‌، ئه‌وانیش پێك هاتوون له؛‌ پێكهێنانی به‌ره‌ی نیشتمانی دیموكراتی عێراقی، شه‌ڕی ناوخۆی پارته‌ سیاسییه‌كانی كوردستان و پێكهێنانی به‌ره‌ی كوردستانی. ته‌وه‌ری سێیه‌م و كۆتا ته‌وه‌ر، به‌ ناونیشانی (خه‌باتی گه‌لی كورد به‌رانبه‌ر به‌ ڕژێمی به‌عس) له‌م ته‌وه‌ره‌دا به‌ دوو باس، هه‌ر یه‌كه‌ له‌ چالاكییه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و خۆپێشاندان ڕاپه‌ڕینه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كانمان، ڕوون كراوه‌ته‌وه‌.

 له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كانیدا  هۆگر به‌هائه‌دین رایگه‌یاندووه‌،  یه‌كێك له‌ گرنگترین ڕه‌گه‌زه‌كانی سه‌رچاوه‌ له‌م توێژینه‌وه‌یه‌دا کە به‌كار هاتووه،‌ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌. ئه‌ویش خۆی له‌ هه‌ردوو جۆری به‌ڵگه‌نامه‌ی بڵاونه‌كراوه‌ و بڵاوكراوه‌ ده‌بینێته‌وه‌. كه‌ پێك هاتوون له‌ (بڕیار، نووسراوی فه‌رمی، ڕاپۆرت، ڕێنمایی كاركردن و نامه‌ی تایبه‌ت) كه‌ ئاڕاسته‌ی به‌شی ڕاگه‌یاندن كراون له‌لایه‌ن مه‌كته‌بی سیاسیی پارتییه‌وه‌، یاخود لەلایەن به‌شی ڕاگه‌یاندنه‌وه‌ ئاڕاسته‌ی ئۆرگانه‌ جیاوازه‌كانی پارتی كراون. ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای بوونی چه‌ندین به‌یاننامه‌ و بڵاوكراوه‌ی دیكه‌ی فه‌رمی كه‌ لەلایەن ڕاگه‌یاندنی پارتییه‌وه‌ ده‌ركراون، هه‌روه‌ها به‌ده‌ستهێنانی لیستی سه‌رجه‌م چاپكراوه‌كانی چاپخانه‌ی خه‌بات له‌ ماوه‌ی ساڵانی (1981-1989). زۆرینه‌ی ئه‌م به‌ڵگه‌نامانه‌ له‌ ئه‌رشیفی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی وه‌رگیراون، یاخود له‌و كه‌سانه‌ وه‌رگیراون كه‌ له‌و قۆناغه‌دا له‌ به‌شی ڕاگه‌یاندن كاریان كردووه‌.

بڵاوكراوه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان: بڵاوكراوه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان، کە خۆیان له‌ ڕۆژنامه‌ و گۆڤاره‌كان، بڵاوكراوه‌ جیاوا‌زەكان و كتێبه‌ چاپكراوه‌كانی چاپخانه‌ی خه‌بات ده‌بیننه‌وه‌. كه‌ له‌ ماوه‌ی ساڵانی (1976-1991) ده‌رچوون. دیارترین ئه‌م سه‌رچاوا‌نه‌ش بریتین له‌ ڕۆژنامه‌ی (خه‌بات)ی زمانحاڵی پارتی. توانیومانه‌ سه‌رجه‌م ژماره‌كانی ئه‌م قۆناغه‌ به‌ده‌ست بهێنین. ئەمەش بەهۆی ئەوەی، ڕۆژنامه‌ی خه‌بات گرنگی و بایه‌خێكی ته‌واوی پێ دراوه‌ له‌لایه‌ن پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌. هه‌روه‌ها به‌ده‌ستهێنانی زۆرینه‌ی ژماره‌كانی بڵاوكراوه‌ی (ده‌نگوباسی كوردستان). زۆرینه‌ی په‌یام و به‌یاننامه‌ و سیاسه‌تی پارتی له‌م دوو ڕۆژنامه‌یه‌وه‌ وه‌شێنراون و بڵاوكراوه‌كانی دیكه‌ی پارتی وه‌ریان گرتووه‌ته‌وه‌ و بڵاویان كردووه‌ته‌وه‌. ئەمە جگە لە ڕۆژنامه‌كانی دیكه‌ لە ناویاندا، ڕۆژنامەی "صدی كردستان" كه‌ له‌لایه‌ن مه‌كته‌بی لوبنان و سوریای پارتی ده‌ركراوه‌. هەروەها صدی خه‌بات، وڵات، كه‌ له‌ ئه‌ورووپا ده‌رچوون. به ‌هه‌مان شێوه‌ گۆڤاره‌كانی بابە‌گوڕگوڕ، ئه‌زمه‌ڕ، سه‌فین، ڕزگاری، زاگرۆس، مه‌تین و چه‌ندین بڵاوكراوه‌ی دیكه‌ سوودی ئێجگار باشیان لێ وه‌رگیراوه‌.

كتێب: سوود له‌ كۆمه‌ڵێك كتێب و سه‌رچاوه‌ی باش وه‌رگیراوه‌، به‌ڵام دیارترینیان كتێبی (بارزانی و بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد)ه‌، له‌ نووسینی مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان. به‌رگی چواره‌می كتێبه‌كه‌ تایبه‌ته‌ به‌و قۆناغه‌ی كه‌ ئێمه‌ كارمان تێدا كردووه‌. ڕاسته‌ كتێبه‌كه‌ زیاتر‌ تایبه‌ته‌ به‌ لایه‌نی سیاسی و كاروباری شۆڕش، به‌ڵام چه‌ند باسێكی ته‌رخان كردووه‌ بۆ ڕاگه‌یاندن و چاپه‌مه‌نییه‌كانی پارتی له‌و قۆناغه‌دا. له‌م لایه‌نه‌وه‌ سوودی باشی لێ وه‌رگیراوه‌. هه‌روه‌ها كتێبی (مێژووی ڕۆژنامه‌گه‌ریی پارتی دیموكراتی كورستان 1946-1996)، له‌ نووسینی وریا جاف، ده‌توانین بڵێێن ئه‌م كتێبه‌ ته‌نیا سه‌رچاوه‌یه‌ ئاماژه‌ی به‌ سه‌رجه‌م بڵاوكراوه‌كانی پارتی کردبێت له‌ ماوه‌ی (1976-1991)، نووسه‌ر به‌شێكی تایبه‌ت كردووه‌ به‌م ماوه‌یه‌ و‌ باسی له ‌سه‌رجه‌م بڵاوكراوه‌كانی ئه‌و قۆناغه‌ كردووه‌. یه‌كێكی دیكه‌ له‌و كتێبانه‌ی گرنگیی خۆی هه‌بوو بۆ توێژینەوەکەمان، كتێبی (ڕادیۆی ده‌نگی كوردستان نیو سه‌ده‌ به‌خشش) له‌ نووسینی سالار عوسمان، ئه‌م كتێبه‌ له‌ باسی ڕادیۆی ده‌نگی كوردستاندا، سوودی ئێجگار باشی لێ وه‌رگیراوه‌. بایه‌خی ئه‌م كتێبه‌ له‌وه‌دایه‌ چه‌ندین به‌ڵگه‌نامه‌ و دۆكیۆمێنت و چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌ تێدایه‌ كه‌ له‌ ڕادیۆ كاریان كردووه‌، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی نووسه‌ری كتێبه‌كه‌ ماوه‌یه‌كی باش به‌ڕێوه‌به‌ری ڕادیۆی ده‌نگی كوردستان بووه،‌ ئێستاش به‌رپرسی ڕاگه‌یاندنی پارتییه‌.

نامه‌ زانكۆییه‌كان: له‌ توێژینه‌وه‌كه‌دا چه‌ند نامه‌یه‌كی ماسته‌ر به‌كار هاتووه‌. به‌ڵام دیارترینیان كه‌ سوودبه‌خش بووه‌ بۆ ئێمه،‌ ماسته‌رنامه‌ی "ڕۆڵی ئۆرگانی ناوه‌ندیی پارته‌كان له‌ بزاڤی ڕزگاریخوازی كورد (1975-1991) (پ.ك.ع)، (پ.د.ك)، (ی.ن.ك) وه‌ك نموونه‌" له‌ ئاماده‌كردنی توێژه‌ر ئاره‌زوو یوسف حه‌سه‌ن، ته‌وه‌رێكی تایبه‌ت كردووه‌ به‌ ئۆرگانی ناوه‌ندیی پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌ كۆی توێژینه‌وه‌كه‌دا چه‌ند شوێنێكی جیاواز سوودی لێ وه‌رگیراوه‌. هه‌روه‌ها ماسته‌رنامه‌ی "ڕۆڵی پارتی دیموكراتی كوردستان-عێراق له‌ بزاڤی ڕزگاریخوازی گه‌لی كوردستان (1976-1991)" له‌ ئاماده‌كردنی توێژه‌ر، دلاوه‌ر محه‌مه‌د سدیق زێباری، ئه‌م توێژینه‌وه‌ تایبه‌ته‌ به‌ ڕۆڵی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ خه‌باتی سیاسی و شۆڕشگێڕی، به‌ڵام له‌ چه‌ند لایه‌نێكی سیاسیی و سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی شۆڕش سوودی لێ وه‌رگیراوه‌.

به‌رنامه‌كانی ڕادیۆی ده‌نگی كوردستان: یه‌كێكی دیكه‌یه‌ له‌و سه‌رچاوا‌نه‌ی كه‌ سوودیان لێ وه‌رگیراوه‌، ئەو به‌رنامه‌ ڕادیۆییانه‌یه‌‌ له‌ ماوه‌ی ساڵانی (1977-1991)، له‌ ڕادیۆی ده‌نگی كوردستان پەخش کراون‌. ئه‌وانیش خۆیان له‌ (وتار، ڕاپۆرت، لێكۆڵینه‌وه‌ی سیاسی) ده‌بیننه‌وه‌.

وەک هەموو توێژینەوەکانی پێش خۆی، بێگومان ئه‌م توێژینه‌وەیە‌ش له‌ كه‌موكووڕی به‌ده‌ر نییه‌، به‌ڵام ده‌كرێت وه‌كو ده‌روازه‌یه‌ك چاوی لێ بكرێت بۆ تێگه‌یشتن له‌ كاری ڕاگه‌یاندن و ڕۆژنامه‌گه‌ری به‌گشتی، ڕاگه‌یاندن و ڕۆژنامه‌گه‌ریی پارتی دیموكراتی كوردستان بەتایبەتی له‌ ماوه‌ی ساڵانی (1976-1991). به‌و هیوایه‌ی توانیبێتمان كه‌لێنێكی زانستی پڕ بكه‌ینه‌وه‌.
هۆگر به‌هائه‌دین ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو، پارتی دیموكراتی كوردستان، وه‌كو هێزێكی سیاسی هه‌ر له ‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنییه‌وه‌، به بایه‌خه‌وه‌ ‌له‌ كاری ڕاگه‌یاندن و ڕۆژنامه‌گه‌ری ڕوانیوە. له‌و پێناوه‌دا ده‌یان ڕۆژنامه‌ و بڵاوكراوه‌ی تایبه‌ت به‌ خۆی ده‌ركردووه‌، خاوه‌نی یه‌كه‌م ڕۆژنامه‌ی ڕۆژانه‌ی كوردییه‌ و هه‌ر له ‌سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشی ئه‌یلووله‌وه‌ ڕادیۆی تایبه‌ت به‌ خۆی دامه‌زراندووه‌.
 له‌ پاش هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شۆڕشی گوڵان و به‌ستنی كۆنگره‌ی نۆیه‌م، ڕاگه‌یاندنی له‌ چوارچێوه‌ی به‌شێكدا ڕێكخستووه‌، هه‌وڵیداوه‌ به‌ دامه‌زراوه‌ی بكات. سه‌رجه‌م ڕاگه‌یاندنه‌كانی پارتی له‌ یه‌ك دامه‌زراوه‌وه‌ ئاڕاسته‌ بكرێن ئه‌ویش به‌شی ڕاگه‌یاندنی مه‌كته‌بی سیاسی بووه‌.

-‌ ڕادیۆی ده‌نگی كوردستان، یه‌كه‌م ڕادیۆ بووه‌ له‌ پاش نسكۆی شۆڕشی ئه‌یلوول له‌ناو خاكی باشووری كوردستان په‌خشی خۆی كردووه‌. ڕۆڵێكی به‌رچاو و كاریگه‌ری له‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی هۆشیاریی نه‌ته‌وه‌یی و به‌رزكردنه‌وه‌ی وره‌ی پێشمه‌رگه‌ هه‌بووه‌.

- چاپخانه‌ی خه‌بات، ده‌یان كتێب و نامیلكه‌ و بڵاوكراوه‌ی به‌ چاپ گه‌یاندووه‌. جگه‌ له‌ چاپكراوه‌كانی پارتی، بڵاوكراوه‌ی لایه‌نه‌كانی دیكه‌شی چاپ كردووه‌، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ده‌یان به‌ڵگه‌نامه‌ی تاوا‌نه‌كانی ڕژێمی به‌عس دژ به‌ گه‌لی كورد کە لەو چاپخانەیە چاپ كراون و له‌ نه‌مان و له‌ناوچوون پاراستوونی.

- ڕۆژنامه‌ی خه‌بات، یه‌كه‌مین ڕۆژنامه‌ی به‌رهه‌ڵستكارانه‌یه‌ له‌ پاش نسكۆی شۆڕشی ئه‌یلوول له‌ناو خاكی باشووری كوردستان ده‌رچووه‌. ده‌توانین له‌ ڕێگه‌ی خوێندنه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌كه‌وه‌ له‌ سیاسه‌ت و فكری پارتی له‌ به‌رانبه‌ر ڕووداوه‌كانی ئه‌و قۆناغه‌ی كوردستان تێ بگه‌ین.

- پارتی له‌ ده‌ره‌وه‌ی كوردستان له‌ ڕێگه‌ی لق و نوێنه‌رایه‌تییه‌كانی خۆیه‌وه‌، چه‌ندین گۆڤار و ڕۆژنامه‌ی به‌ زمانه‌ جیاوازه‌كان چاپ و بڵاو كردووه‌ته‌وه‌. بێگومان ئه‌مه‌ش له‌پێناو ئاشناكردنی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌ پرسی كورد و قه‌زیه‌كه‌ی بووه‌.

- پارتی بایه‌خی ته‌واوی به‌ توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ له‌وانه‌ قوتابیان و لاوان و ئافره‌تان داوه‌، هاوكار و پاڵپشتیان بووه‌ له‌ ده‌ركردنی چه‌ندین بڵاوكراوه‌ تاكوو له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ ئاشانایان بكات به‌ شۆڕش و دانه‌بڕێن له‌ خه‌باتی سیاسی و نه‌ته‌وایه‌تی.

- بۆ خوێندنه‌وه‌ و تێگه‌یشتن له‌ ڕووداوه‌ سیاسیی و سه‌ربازییه‌كانی كوردستان، ده‌كرێت ڕاگه‌یاندن و ڕۆژنامه‌كانی پارتی وه‌كوو سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگ ته‌ماشا بكه‌ین، چونكه‌ تۆماری گه‌لێك ڕووداوی سیاسیی سه‌ربازی له‌خۆ ده‌گرێت.

- ڕاگه‌یاندن و ڕۆژنامه‌گه‌ریی پارتی له‌م قۆناغه‌دا ڕۆڵێكی ئۆپۆزسیۆنانه‌ ده‌گێڕن و له‌م ڕێگه‌یه‌وه‌ توانیویانه‌ خزمه‌تێكی گه‌وره‌ به‌ خه‌باتی شۆڕشگێڕی له‌ باشووری كوردستان بكه‌ن.

هه‌واڵ و چالاكییه‌كانی پ.د.ك

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.