Erbil 15°C چوارشەممە 24 نیسان 09:54

چۆن خۆمان بپارێزین لە بەردی گورچیلە ؟

کوردستان TV
100%


بەردی گورچیلە كێشەیەكی جیهانیە، لە نێو هەموو نەتەوەو ئایین و ئاینزایێك هەیە، هەروەها ڕیشەیەكی مێژوویی هەیە بۆ یەكەم جار لە یۆنانی كۆن لەلایەن هیپۆكراتەوە (460 – 377) ی پێشی میلاد باسی نیشانەكانی بەردی میزەڵدان كراوە.

(د. هەڵگورد ئازاد عەبدولڵا – پسپۆڕی نەشتەرگەری گورچیلەو میزەڕۆ)له‌ نووسینێك دا له‌سه‌ر به‌ردی گورچیله‌ ده‌ڵێت"ڕێژەی توشبوون بەبەردی گورچیلە لەم چەند دەیەیەی دوایی زیادی كردووە بەهۆی گۆڕانی بنەڕەتی لە شێوازی ژیانمان،بەشێكی زۆری ئەو كەسانەی بەردیان هەیە ئەگەری دووبارە توشبوونەوەیان هەیە لە داهاتوو، بۆیە خۆپارێزی كاری هەرە لەپێشینەیە دوای چارەسەركردنی بەردەكە".

هه‌روه‌ها (د. هەڵگورد ئازاد عەبدولڵا) ده‌ڵێت " ئەوەی ئێمە لێرەوە ئاماژەی پێدەكەین چەند سەرە خاڵێكە بۆ خۆپاراستن لە بەردی گورچیلەو كۆئەندامی میزە بە شێوەیەكی گشتی".

1. ئاو خواردنەوە بە بڕێكی باش ڕۆژانە بەلای كەمەوە دەبێت دوو لیتر ئاو بوخرێتەوە (بۆ كەسێكی پێگەیشتوو).

2. كەمكرنەوەی خوێ، چونكە خوێ یەكێكە لە هۆكارە سەرەكیەكانی دروسبوونی بەردی گورچیلە.

3. وازهێنان لە خوردنەوە گازیەكان، چونكە بڕی ترشێتێ خوێن و میز زیاد دەكات كە ژینگەیەكی لەبارە بۆ دروسبوونی بەرد، هەروەها بڕێكی زۆر لە كالیسیۆم ئێسكەكانمان دەردات بۆ ناو خوێن بەمەش بڕی كالیسیۆمی دەردراوی میز زیاد دەكات.

4. زیدەڕۆیی نەكردن لەو خواردنانە بڕێكی زۆر پڕۆتینییان تێدایە، وەك گۆشت، هێلكە هەروەها كەمكردنەوەی چەوری، چونكە وادەكات بڕێكی زۆر لە ئۆگزالێت لە ڕیخۆڵەكان بمژرێت.

5. دابەزاندنی كێش و وەرزشكردنی ڕێك و پێك.

6. چارەسەكردنی هەوكرنی گورچیلەو ڕێڕەوی میز.

7. كەمكردنەوەی ئەو خواردنانەی كە بڕێكی زۆر ئۆگزالێتیان تێدایە وەك ڕێواس، سپێناخ، چەوەندەر، چۆكلێت.

8. لەكاتی وەرگرتنی ڤیتامین D و ڤیتامین C دەبێت لەژێر چاودێری پژیشك دابێت نابێ بەشێوەی هەڕەمەكی بێت، چونكە زێدەڕۆیی كردن دەبێتە هۆی دروسبوونی بەرد.

9. چارەسەركردنی ناڕێكی زگماكیەكانی كۆئەندامی میز.

10. چارەسەكردنی كێشەی پڕۆستان لە نەخۆشە بە تەمەنەكان.

11. دانانی ڕژێمێكی پارێزی و چەندین ڕێنمایی لەلایەن پزیشكی پسپۆڕ بە گوێرەی جۆری بەردەكە.

له‌ كۆتاییدا د. هەڵگورد ئازاد عەبدولڵا ده‌ڵێت" ئەوەی باسمانكرد خۆپارێزی بوو لەبەردی گورچیلە بە شێوەیەكی گشتی، بەڵام بێ گومان بۆ هەر نەخۆشێك بە گوێرەی جۆری بەردەكەو فسیۆلۆژی نەخۆشەكە چەندان خاڵ و ڕێنمایی تایبەت پێویستن".
ئا- كامران

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.