Erbil 15°C چوارشەممە 24 نیسان 18:22

مەسروور بارزانی: ئامانجی ئێمە ئەوەیە هەموو ماڵە شەهیدەکان بکەینە خاوەن خانووی خۆیان

پیران ئه‌میر
100%


 ئەمڕۆ چوارشەممە، لە شاری دهۆک بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا کە لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە ڕێک خراوە، 420 شوققە بەسەر کەسوکاری شەهیداندا دابەش کرا.

لە ڕێوەڕەسمەکەدا سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وتارێکی پێشکەش کرد کە ئەمە دەقی وتارەکەیەتی:

بە ناوی خوای گەورە و دلۆڤان

دایک و خوشکانی ئازیز

کچ و کوڕانی چاوگەش

برایانی قەدرگران

کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان، ئامادەبوانی هێژا

زۆر سوپاس بۆ ئامادەبوونی ئێوە لەم بۆنەیەدا، من زۆر خۆم بە بەختەوەر و سەرفراز دەزانم کە لە خزمەت ئێوەدا بم، ئەمڕۆ خزمەتی ماڵی شەهیدان بکەین. جەنابی بارزانیی نەمر، سەروەری ئێمە و باوکی نەتەوەیی و نیشتمانیی ئێمە، هەموو ژیانی خۆی لە خزمەتی گەلی خۆی و بۆ ئازادیی گەلان تەرخان کرد، ئێمەش بە فەرزمان زانی، وەک وەفادارییەک بۆ پاداشت و خزمەتەکانی ئەو، بۆ ماڵی شەهیدان و کەسوکاری شەهیدان و خەڵکی هەژار، دەزگایەک دابمەزرێنین. پاش ڕاوێژکردن لەگەڵ جەنابی سەرۆک و بە فەرمانی ئەو، ئێمە دەزگای خێرخوازیی بارزانیمان دامەزراند بۆ ئەوەی خزمەتی ئەو ئامانجانەی بارزانیی نەمردا بێت.

ئێستا سەربەرزین کە دەبینین ئەو دەزگایە بووەتە جێی باوەڕیی خەڵکی ئێمە، لە ناوخۆ و لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق و ناوچە و گۆڕەپانی نێودەوڵەتیش. لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ناوی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ناسێندراوە و زۆر ڕێکخراوی بیانیش هاریکاریی ئەو دەزگایە دەکەن. من سوپاسی هەموو ئەو دەوڵەت و دەزگا و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییانە دەکەم کە هاریکاریی ئەم دەزگایە دەکەن بۆ خزمەتکردنی ئەو ئامانجە پیرۆزانە. هەروەها سوپاسی هەموو کۆمپانیا و کەرتی تایبەت و سەرمایەدار و بازرگانی هەرێمی کوردستانیش دەکەم کە بەردەوام بوون بۆ پشتیوانیکردنی ئەو دەزگایە تاوەکوو ئەرکەکانی خۆیان بە باشترین شێوە جێبەجێ بکەن.

ئێمە ئەمڕۆ لێرە کۆ بووینەتەوە بۆ ئەوەی خزمەتی ژمارەیەک ماڵی شەهید بکەین، ئەم دەزگایە بەردەوام بووە لە خزمەتی ماڵی شەهیدان و خەڵکی هەژار، نەک تەنیا لە هەرێمی کوردستان، بەڵکوو لە دەرەوەش. ئێمە ئەو ڤیدیۆیەمان بینی کە خزمەتکردنی ئەو دەزگایە گەیشتووەتە زۆر وڵاتی دیکە، لە نزیک و دوور خزمەتی خەڵکی هەژار کراوە، ئەمە بۆ ئێمە جێی سەرفرازییە کە سەرەڕای ئەو هەموو غەدر و تاوان و زوڵم و ناخۆشییەی کە میللەتی ئێمە بینیی، ئەوەی پێی بکرێت، دەستی هاریکاری بۆ خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت و لێقەوماو درێژ بکەن، جێی سەربڵندی و شانازیی ئێمەیە.

لە زۆر جێی دیکەش دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەوڵی داوە هاریکاریی زیاتر بگەیەنێت، بەڵام بەداخەوە یان کاری ئەوان سنووردار کراوە، یان ڕێگەیان لێ گیراوە، بۆیە وەک پێویست نەیتوانیوە لە جێی دیکەش خزمەتی خەڵکی ئێمە بکات. هیوادارم ئەو بەربەستانە لابدرێن و ڕێگە بدرێت، چونکە ئەم دەزگایە دەزگایەکی خێرخوازییە و سیاسی نییە، بێ ئەوەی هیچ جیاوازییەک بکات، هەر کەسێک لێقەوماو و هەژار و پێویستی بە هاریکاری بێت، دەستی هاریکاری بۆ درێژ دەکات.

جارێکی دیکە من سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، سەرۆک و فەرمانبەر و بەڕێوەبەرانی دەکەم، کە زۆر بە دڵسۆزی ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ کردووە و ئەو کارە باشانە دەکات، ئیشەڵا هەر بەردەوام دەبن و هیوادارم برایانی دیکەی ئێمەش هاوکاریی ئەو دەزگایە بکەن.

شەهید بەرزترین پلەیە بۆ ئێمە هەمووان، ئەو کەسەی ئەو پلەیەی بە نسیب ببێت، بەڕاستی مەزنترین شانازییە بۆ کەسوکاری ئەو و ئێمە هەموومان، ئێمە قەرزاری ئەو شەهیدانە و کەسوکاریانین، هیچ جیاوازییەک لە شەهیددا نییە، لە ژیانی خۆیدا هەر پلە و پۆستێکی هەبێت، پاش ئەوەی شەهید دەبن و گیانی خۆیان دەبەخشن، بۆیە کەس ناتوانێت فەرق و جیاوازی لە نێوان ماڵە شەهیداندا بکات. ئەو ژمارە بنەماڵەی شەهیدانەی کە هەڵبژێردراون، لەسەر بنەمای ئەوە بووە کە کێ منداڵی بچووکتری هەیە و کێ زۆرتر پێویستی بەو هاریکارییە هەیە؟ ئێمە دەخوازین ڕۆژێک بێت بتوانین هەموو ماڵە شەهیدێک والێ بکەین کە ببنە خاوەن خانوو و شوێنی خۆیان، هەقی ئەوانە و هیچ منەتێکی تێدا نییە، ئەوەی لە دەستمان بێت ئیشەڵا کەمتەرخەمی ناکەین، نەک تەنیا لە دهۆک، بەڵکوو لە پارێزگاکانی دیکە و هەموو کوردستان. ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە هەموو ماڵە شەهیدەکان بکەینە خاوەن خانووی خۆیان و کەس لە خانووی کرێدا نەمێنێت. خوا دەرفەت بداتە ئێمە، ئیشەڵا هەموو هەوڵی خۆمان تەرخان دەکەین بۆ ئەوەی خزمەتی شەهیدانی خۆمان بکەین.

ئەمڕۆش بۆ بەخشینی ئەو ٣٦٨ یەکەی نیشتەجێبوونە بۆ ماڵە شەهیدەکان، ئێمە دەست پێ دەکەین و ئیشەڵا کۆتایی نابێت، بەرنامەی دیکەشی بەدوادا دێت، ئەو بنەماڵانەی دیکەش کە لە دوای ئەو خاڵبەندییە، ئەم جارە ناوی ئەوان دەرنەچوو، ئیشەڵا لە دەرفەتی داهاتوو یەکە بۆ ئەوانیش تەرخان دەکرێت.

من جارێکی دیکە سەری ڕێز و نەوازش بۆ هەموو ماڵی شەهیدان نەوی دەکەم و خۆمان بە قەرداری ئێوە دەزانین، هەرچی بۆ ئێوە بکەین جێگەی دڵۆپێک لە خوێنی شەهیدانی ئێوە نییە، بەڵام لەسەرمانە ئەوەندەی دەتوانین لە خزمەتی ئێوەدا بین. هیوادارم لێمان قەبووڵ بکەن کە ئەو خزمەتە پێشکەش بە ئێوە بکەین.

 

جارێکی دیکە گەلەک گەلەک بەخێر بێن و زۆر سوپاس.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.