Erbil 15°C شەممە 20 نیسان 02:52

د.كه‌مال كه‌ركوكی: کەرکووک خاکی دانەبڕاوی کوردستانە و تەعریبکردن و داگیرکاری نەیتوانیوە ڕاستییەکان بشارێتەوە

کوردستان TV
100%


د. کەمال کەرکووکی، سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک-گەرمیان، لە (31)مین ساڵیادی ڕزگارکردنی کەرکووکی دڵی کوردستان لە ڕاپەرینی بەهاری 1991 په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌: 


پەیامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک-گەرمیان لە (31)مین ساڵیادی ڕزگارکردنی کەرکووکی دڵی کوردستان لە ڕاپەرینی بەهاری 1991

سڵاو و ڕێز بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕاپەرین و شەھیدانی ئەنفال و سەرجەم شەهیدە سەربەرزەکانی کورد و کوردستان.

سڵاو لە پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان سیمبوڵی خەبات و بەرگریکاری بەدەستھێنانی ماف و ئازادیی گەل و ڕزگار کردنی خاکی کوردستان.

یادی جەژنی نەورۆز، یادکردنەوەی سەرکەوتنی ھەقە  بەسەر  ناھەق و ستەمکاریدا "یادی  نەھێشتنی سەختی و سەرما و سۆڵی زستان و ھاتنی بەھار و شادی و کەشوھەوای گونجاوە و یادی سەرکەوتنی بیری پاك و ئازادیخوازە بەسەر ستەم و داگیرکاری و دیکتاتۆریدا و، یادی جەژنی نەورۆز ھاتنەوەی سەری ساڵی نوێی کوردییە"، یادی ڕزگارکرنی کەرکووكی دڵی کوردستانە لە ڕژێمی بەعس لە 20-3– 1991.

ئەمڕۆ سی و یه‌ك ساڵ بە سەر ڕۆژێکی گرینگ و پیرۆز و پرشنگدار لە ڕۆژانی سەرکەوتنی پر شانازی و شکۆ  لە مێژووی تێکۆشان و قوربانیدانی گەلەکەمان تێده‌په‌رێت کە گەیشتنی ڕاپەرینی مەزنی بەهاری 1991 بوو بە قۆناغ و لوتکەی سەرکەوتنەکانی کە ئامانجی لە مێژینەی جەماوەری سەربەرزی کوردستان و شەهیدە سەربڵندەکان و پێشمەرگە قارەمانەکان بوو، کە تێیدا کەرکووکی دڵی کوردستان ڕزگار کرا و ئاگری نەورۆزی پیرۆز بە ئازادی لە شارەکەدا هەڵکرا.

لەم یادە پڕ شکۆیەدا جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی خانەوادەی سەربەرزی شەهیدانی ڕاپەرین و سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان دەکەین.

پیرۆزبایی لە ڕێزدار جەنابی سەرۆک بارزانی و  خەڵکی سەربەرزی کوردستان بە گشتی و کەرکووک بە تایبەتی دەکەین.

سڵاو دەنێرین بۆ گشت  کورد و کوردستانییەکی دڵسۆز کە لە ھەندەراندا دەژین.

سەری ڕێز و نوازش بۆ ڕوحی پاکی باوكی ڕۆحیی نەتەوی کورد بارزانیی  نه‌مر و کاکە ئیدریسی ھەمیشە زندوو دادەنوێنین.

ڕیشەی ڕاپەرین و ئازادکردنی کەرکووک بۆ خەبات و قوربانیدانی گەلەکەمان دەگەڕێتەوە، بۆ خەبات و شۆڕش و بەرەنگاربوونەوەی داگیرکەران لە جینۆساید و ئەنفال و ڕاگواستن و بەرهەمی قوربانیدانی بێشوماری شەهیدی سەربەرزی کوردستانە و، ئامانج و ئەرکی نەتەویی و نیشتمانیی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان بوو دژ بە سیاسەتی دیکتاتۆری داگیرکەرانی خاک و مافی خەڵکی کوردستان.

کەرکووک هەمیشە هێمای ئازادی و سیمبوڵی خەباتی نیشتیمانی و نەتەوایەتیی گەلی کوردستان بووە، بارزانیی نەمر فەرموویه‌تی (کەرکووك دڵی کوردستانە). بڕیاری سەرکردایەتیی سیاسیی کورد و ئیرادەی بەهێزی جەماوەری کوردستان بە هەموو چین و توێژ و پێکهاتەوە بۆ ڕزگارکردنی کەرکووک بڕیارێکی مێژوویی ئامانجدار بوو و سەلمێنەری ئەو ڕاستییە بوو کە کەرکووک خاکی دانەبڕاوی کوردستانە و تەعریبکردن و داگیرکاری و چەواشەکاری هیچ کات نەیتوانیوە ڕاستییەکان بشارێتەوە.

قەوارەی ده‌ستووری و یاسایی هەرێمی كوردستان و پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە چەندین دەسکەوتی گەورەی بۆ گەلەکەمان دەستەبەر کردووە، بەرهەمی خەباتی دێرینی گەلەکەمان و ئەو ڕاپەرینە مەزنەن.

ئەمرۆ کەرکووک دوای خیانەتی 16ی ئۆکتوبەر دیسان داگیرکراوە و، هێزی سەربازیی نامۆ لە شارەکە دەسەڵاتدارە و هێشتا دەنگ و عەقڵیەتی شۆڤێنی باڵادەستە و نکۆڵی لە مافەکانی گەلی کوردستان دەکات و هەمان ئەزموونی داگیرکاری و تەعریبکرنی ڕژێمەکانی پێشوو دووبارە دەکەنەوە، بێ سوودوەرگرتن لە مێژوو و وانەکانی ڕاپەرینی گەلەکەمان.

لەم یادە پیرۆزەدا جەماوەری شاری کەرکووکی دڵی کوردستان و گەرمیان و دووز و خانەقین و مەخمور و مەندەلی و شنگالی خۆڕاگر دڵنیا دەکەینەوە کە ئەو دۆخە نائاساییەی ئێستا لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان و بەتایبەت لە کەرکووک دەگوزەرێت قبووڵکراو نییە و بەردەوام نابێت و لەو پێناوەدا هەموو هەوڵ و ڕێگایەگ دەگرینەبەر  بۆ سەلماندنی کوردستانێتیی کەرکووک بە هەموو پێکهاتەکانیەوە.

دڵنیا بن ھیچ ھێزێك ناتوانێت پارتی دیموکراتی کوردستان و کەرکووک و کەرکووکییەکان و گشت کوردستان لەیەك جودا بکاتەوە.

بەرز و پیرۆزبێت یادی ئازادکردنی کەرکووک. پیرۆزبێت  جەژنی نەورۆز لە هەموو خەڵکی کوردستان.

سەری ڕێز و نوازش دادەنوێنین بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕاپەرین و شەھیدانی ئەنفال و سەرجەم شەهیدە سەربەزەکانی کورد و کورستان.

سڵاو لە پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان سیمبوڵی خەبات و بەرگریکار لە بەدەستھێنانی ڕزگاریی خاك و ئازادی و مافی گەل وپاراستنیان.

دکتۆر کەمال کەرکووکی
سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک-گەرمیان

هه‌واڵ و چالاكییه‌كانی پ.د.ك

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.