Erbil 18°C پێنجشەممە 26 کانونی یەکەم 13:24

عەلی حەمە ساڵح: دیارنەمانی داهاتی سلێمانی جگە لە سزادانی خەڵکی شارەکە هیچی تر نییە

کوردستان TV
100%

لەماوەی ڕابردوودا داهاتی سلێمانی بەپێی پێویست نەگەڕێنراوەتەوە بۆ حکوومەت، ئەمەش گرفتی بۆ دابەشکردنی مووچە و جێبەجێکردنی پرۆژە و خزمەتگوزارییەکان لە شارەکە دروست کردووە.

لەمبارەیەوە عەلی حەمە ساڵح پەرلەمانتاری کوردستان لە فڕاکسیۆنی گۆڕان ڕایگەیاند: بەدواداچوونم بۆ نەدانی مووچەی بەشێک لە مووچەخۆرانی سلێمانی کردووە. ڕوونیکردەوە کە بۆ مووچەی هەر مانگێک 600 ملیۆن دۆلار پێویستە جگە لەو پارەی هاوپەیمانان دەیدەن بە پێشمەرگە، 488 ملیۆن دۆلار لە داهاتی نەوت دابین دەکرێت، هەروەها پێویستە 112 ملیۆن دۆلار لە داهاتی ناوخۆی تەواوی پارێزگاکان دابین بکرێت کە دەبێت ئیدارەی سلێمانی 48 ملیۆن دۆلار بدات، بەڵام ئەم پارەیە لەلایەن ئیدارەی سلێمانییەوە ناگەڕێنرێتەوە، ئەو پەرلەمانتارە دەپرسێت "جێگەی پرسیارە داهاتی ناوخۆی سلێمانی چی لێ دێت؟" جەختیشی کردۆتەوە کە هیچ کەسێک ئامادە نییە وەڵامی پرسیارەکەی بداتەوە.

ئەو پەرلەمانتارە لەماوەی ڕابردووشدا ئاماژەی بەوە دا کە لە سێ بەشی داهاتی سلێمانی کەمتر لە یەک بەشی پارەکە دیارە، لە مانگی 1ی ئەمساڵ ڕایگەیاند "لەکۆی داهاتی سلێمانی تەنیا کەمتر لە 40 ملیار دینار دراوە بە مووچە ئەمە لە کاتێکدا تەنیا داهاتی کارەبا 73 ملیار و داهاتی مەرزەکانی باشماخ و پەروێزخان 47 ملیار دینارە."

هەروەها دەڵێت: هەندێک کەس بۆ ڕەوایەتیدان بە دیارنەمانی داهاتی سلێمانی باس لەوە دەکەن کە ئەمە سزادانی حکوومەتە، بەڵام بەمە تەنیا ڕەوایەتی بە گەندەڵێ دەدەن. جەختیشی کردۆتەوە کە ئەمە جگە لە سزادانی خەڵکی سلێمانی هیچی تر نییە.

هەر لەمبارەیەوە ڕزگار حەمەد مەحموود پەرلەمانتاری کوردستان لە فڕاکسیۆنی گۆڕان لە هەفتەی ڕابردوودا ئاشکرای کرد کە داهاتی یەک ڕۆژی مەرزی پەروێزخان ملیارێک و 350 ملیۆن دینار بووە.

جوتیار عادل گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: گەڕانەوە و کۆکردنەوەی داهات لە سنووری ئیدارەی سلێمانی بەپێی پێویست نییە.

بۆ ئەم مەبەستەش ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان چەندین جار بۆ ئەم پرسە لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی و بەڕێوەبەری مەرز و دەروازەکانی سنووری ئیدارەی سلێمانی کۆبووەتەوە و بەڕوونی پێی ڕاگەیاندوون کە " كێشەی كەمی پارەی نەختێنە(سیولە) و  كەمی سیولە و داهات لە سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانی گەرمیان و ڕاپەڕین بەربەستێكە بۆ دواكەوتنی مووچە و بەرەوپێشچوونی پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی هاووڵاتییان."

هەروەها وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو لە وەڵامی بەرپرسێکی یەکێتی باسی لەم کێشەیە کرد و ڕایگەیاند: بە درێژایی ساڵی 2021 بانكی ناوەندی هەرێم- سلێمانی ڕێنماییەكانى ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی جێبەجێ نەكردووە، تایبەت بە چۆنیەتی دابەشكردنی سیولە و ئەولەویەتى مووچە ئەو بانکە سەربەخۆ ڕەفتاری كردووە. سەرئەنجام كێشەیەكی گەورەی سیولەی دروستكردووە و تەنانەت دەستی بردووە بۆ ئەو سیولانەش كە هی هاووڵاتییان و فەرمانگەكانی حكوومەتن و لە ژمارە حیسابی خۆیاندا بووە کە یاسا ڕێگە بە دەستكاریان نادات."

ئەمەش لەکاتێکدایە کە ماوەی چەند ڕۆژێکە کێشە لە دابەشکردنی مووچە لە پارێزگای سلێمانیدا دروستبووە، دوێنێ یەکشەممە دوو هاووڵاتی لە کاتی سەرەی وەرگرتنی مووچەی خانەنشینییەکەیان بەهۆی قەرەباڵخییەوە گیانیان لەدەستدا.  

کوردستان میدیا راپۆرت

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.