Erbil 18°C ھەینی 04 تشرینی یەکەم 03:15

چیرۆکی ئه‌و فڕۆکه‌یه‌ی دوای 77 ساڵ دۆزرایه‌وه‌

کوردستان TV
100%

 

دوای تێپه‌ڕبوونی 77 ساڵ، دواجار ئه‌و فڕۆكه‌ سه‌ربازییه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌ دۆزرایه‌وه‌ كه‌ له‌ شه‌ڕی دووه‌می جیهانه‌وه‌ ونببوو، فڕۆكه‌كه‌ له‌ چیاكانی هێمالایا له‌ هیندستان دۆزرایه‌وه‌، له‌ هه‌ڵمه‌تی دۆزینه‌وه‌ی فڕۆكه‌كشدا به‌داخه‌وه‌ 3 كه‌س بوونه‌ قوربانی و گیانیان له‌ده‌ست دا.

فڕۆكه‌كه‌ له‌ جۆری c46 بووه‌ و 13 كه‌سی له‌ شاری كۆنیمینگ له‌ باشووری چین هه‌ڵگرتبوو، به‌ڵام به‌هۆی خراپی كه‌شوهه‌وا و ته‌مومژه‌وه‌ هاوسه‌نگی له‌ده‌ستدابوو و له‌ هه‌رێمی ئه‌رۆناچال برادیش له‌ هیندستان له‌ سات و وه‌ختی شه‌ری دووه‌می جیهانی دروست له‌ هه‌فته‌ی یه‌كه‌می ساڵی 1945 كه‌وتبووه‌ خواره‌وه‌.

كلایتۆن كۆهێڵس به‌ڕێوه‌به‌ری ڕێكخراوی (MIA Recoveries) كه‌ به‌رپرسی گه‌شتی دۆزینه‌وه‌ی فڕۆكه‌كه‌ بوو ڕایگه‌یاند: له‌ ماوه‌ی 77 ساڵی ڕابردوودا هیچ كه‌سێك هه‌واڵی ئه‌م فڕۆكه‌یه‌ی نه‌زانیبوو و هه‌رئاوا و به‌ ئاسانی به‌ ته‌واوی له ‌چاوان ونببوو.

فڕۆكه‌كه‌ چۆن دۆزرایه‌وه‌؟

كلایتۆن كۆهێڵس به‌خۆی و كۆمه‌ڵێك دۆزه‌ره‌وه‌ چه‌ندان ڕۆژ له‌ بارودۆخێكی زه‌حمه‌ت و خراپدا خه‌ریكی گه‌ڕان به‌دوای فڕۆكه‌كه‌ بوون، ناچاربوون چه‌ندان ڕۆژ و هه‌فته‌ له‌ كه‌شوهه‌وایه‌كی سارد و به‌ستوودا بمێننه‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ سێ له‌ هاوه‌ڵه‌كانیان له‌نێو سه‌رما و به‌فردا‌ گیانیان له‌ده‌ست دا، به‌ڵام له‌ كۆتاییه‌كه‌دا توانیان فڕۆكه‌ ونبووه‌كه‌ بدۆزنه‌وه‌ و به‌هۆی ژماره‌ی شاسییه‌كه‌یه‌وه‌ فڕۆكه‌كه‌یان ناسییه‌وه‌.

كۆهێڵس له‌سه‌ر داوای بێڵ شیره‌ر كاری گه‌ڕان به‌دوای فڕۆكه‌كه‌ی ده‌ست پێ كردبوو، شیره‌ر كوڕی یه‌كێك له‌و ئه‌فسه‌رانه‌ بووه‌ كه‌ باوكی به‌هۆی كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌كه‌ گیانی له‌ده‌ستدابوو.

شیره‌ر دوای دۆزینه‌وه‌ی فڕۆكه‌كه‌ گوتی: ئێستا زۆر دڵخۆشم شوێنی كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌كه‌ ده‌زانم، بۆ من هه‌واڵێكی خۆش له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ دڵگرانه‌، چونكه‌ هه‌موو ژیانم به‌بێ باوكی به‌ڕێ كرد، هیچ شتێكیشم ده‌رباره‌ی نه‌ده‌زانی جگه‌ له‌و نامه‌یه‌ی كه‌ بۆ دایكم نێردرابوو و تێیدا ئاماژه‌ به‌وه‌ كرابوو كه‌ فڕۆكه‌كه‌ی ونبووه‌، ئه‌و كات من ته‌مه‌نم ته‌نیا 13 مانگ بوو.

جێی باسه‌ به‌هۆی‌ جه‌نگی جیهانی دووه‌مه‌وه‌ به‌ سه‌دان و ته‌نانه‌ت هه‌زاران فڕۆكه‌ ونبوون و تا ئێستاش چاره‌نووسیان به‌ نادیاری ماوه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ هه‌زاران مرۆڤ و هاووڵاتی گیانیان له‌ده‌ست دا و ته‌نانه‌ت گۆڕیشیان نییه‌.

 

 

 

 

گه‌شت

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.