Erbil 36°C شەممە 28 ئایار 12:51

دوای هێرشه‌که‌ی گرتووخانه‌ی غوێران.. 45 هه‌زار سووری له‌ ترسان ماڵ و حاڵیان جێهێشتووه‌

کوردستان TV
100%

 

دوای هێرشه‌كه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕأبردووی گرتووخانه‌ی غوێران له‌ پارێزگای حه‌سه‌كه‌ و شه‌ڕ و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كانی نێوان سوپای سووریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) و تیرۆریستانی داعش، نزیكه‌ی 45 هه‌زار هاووڵاتی ئه‌و شاره‌ ئاواره‌ و ده‌ربه‌ده‌ر بوون‌.

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی نووسینگه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروباری مرۆیی نزیكه‌ی 45 هه‌زار كه‌س شوێن و ماڵ و حاڵیان له‌ ناوچه‌ی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كان له‌ شاری حه‌سه‌كه‌ جێهێشتووه‌ دوای هێرشه‌كه‌ی ڕۆژی پێنجشه‌می هه‌فته‌ی ڕابردووی تیرۆریستانی داعش بۆ سه‌ر گرتووخانه‌ی غوێران.

ئاژانسی ده‌نگوباسی (فڕانس پرێس) بڵاوی كرده‌وه‌: به‌هۆی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌كانی نێوان سوپای سووریای دیموكرات و تیرۆریستانی داعش له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕأبردوودا تا ئێستا 136 كه‌س كوژراون.

لای خۆشییه‌وه‌ ڕوانگه‌ی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌ كه‌ له‌نێو كوژراوه‌كان 84 ئه‌ندامی داعش هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ 45 ئاسایش و پاسه‌وانی گرتووخانه‌ و هه‌روه‌ها 7 هاووڵاتی مه‌ده‌نیش له‌نێو كوژراوه‌كان هه‌ن.

ئه‌م هێرشه‌ی سه‌ر گرتووخانه‌ی غوێران به‌ گه‌وره‌ترین هێرش و توندوتیژییه‌كانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش داده‌نرێ دوای ڕاگه‌یاندنی له‌ناوچوونیان له‌ ئاداری ساڵی 2019 و له‌ده‌ستدانی سه‌رجه‌م ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ له‌ژێر ده‌ستیاندا بوو.

هێرشه‌كه‌ بۆ سه‌ر گرتووخانه‌ی غوێران بووه‌ كه‌ گه‌وره‌ترین گرتووخانه‌ی زیندانییانی داعشه‌ و زیاتر له‌ 5 هه‌زار تیرۆریستی داعشی تێدایه‌.

ڕوانگه‌ی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ كه‌ هه‌رچه‌نده‌ سوپای سووریای دیموكرات به‌ته‌واوی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری گرتووخانه‌كه‌ی ڕاگه‌یاندووه‌‌، به‌ڵام تا ئێستاش پێشبینی ده‌كرێ چه‌كداری تری داعش له‌م ناوچانه‌ مابن و خۆیان حه‌شاردابێت.

جگه‌ له‌وانیش تا ئێستا چه‌ندان زیندانی ڕاكردووی داعش ده‌ستگیرنه‌كراونه‌ته‌وه‌ دوای ئه‌وه‌ی به‌ سه‌دانیان توانیبوویان له‌ گرتووخانه‌كه‌ ڕابكه‌ن.

 

 

 

 

سوریا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.