ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرای کرد، لەدوای هێرشەکەی تیرۆرستانی داعش بۆ سەر زیندانی غوێران لە ئەنجامی شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان هەسەدە و تیرۆرستانی داعش بەلایەنی کەمەوە 136 کەس کوژراون.
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاوی کردەوە "لە هێرشەکەی تیرۆرستانی داعش بۆ سەر زیندانی غوێران و دروستبوونی پێکدادان و ڕووبەڕووبوونەوە لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و تیرۆرستانی داعش 136 کەس کوژراون، تێیدا ژمارەیەک هاووڵاتی مەدەنیشی بوونەتە قوربانی".
ئەوەشی خستەڕوو "لەماوەی چوار ڕۆژی ڕووبەڕووبوونەوەی هەسەدە و تیرۆرستانی داعش، 84 ئەندامی ڕێکخراوە تیرۆرستییەکە، 45 ئاسایش و پاسەوانی زیندانییەکە و 7 هاووڵاتی مەدەنی کوژراون".
هێرشی تیرۆرستانی داعش بۆ سەر زیندانی غوێران لە سنووری پارێزگای حەسەکە کە بە هەزاران تیرۆرستانی داعشی تێدا زیندانیکراوە لە شەوی پێنجشەممەی ڕابردووەوە دەستی پێ کرد و سەدان زیندانی توانییان لە زیندانییەکەدا ڕابکەن، هەروەها بۆ ماوەی 4 ڕۆژە شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تیرۆرستان بەردەوامە.
هاوکات ئەم هێرشەی تیرۆرستانی داعش بۆ سەر زیندانی غوێران بەرفراوانترین هێرشە لەدوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر ڕاگەیاندنی کۆتاییهێنان بە ڕێکخراوەکەیان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.