Erbil 5°C یەکشەممە 22 کانونی یەکەم 09:20

پارتی زۆرترین نوێنەری ئافرەت لەسەر ئاستی تەواوی حیزبە عێراقییەکان و کوردستانییەکان دەنێرێتە ئەنجوومەنی نوێنەران

کوردستان TV
100%

بۆ پاراستنی هاوسەنگی ڕێژەی نێوان ئافرەتان و پیاوان لە پەرلەمانی عێراق کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق 83 کورسی پەرلەمانی عێراقی لەکۆی 329 بۆ ئافرەتان تەرخانکردبوو، کە لە هەر بازنەیەکدا پێویست بوو ئافرەتێک سەربکەوێت، جا بەدەنگی خۆی بێت یان بە دەنگی کۆتا.

لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا پارتی دیموکراتی کوردستان بە بەدەستهێنانی 32 کورسی لە پەرلەمانی عێراق 11کورسی لەکۆی 32 کورسییەکە ئافرەت بوون.

ڕۆژی سێشەممە 12ـی تشرینی یەکەمی 2021 کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق هاتنی 83 ئافرەتی بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕاگەیاند، لەچوارچێوەی ئەو کورسیانەی بۆ ئافرەتان  تەرخانکراون.

عیماد جەمیل ئەندامی لیژنەی زانیاری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕێژەی ئەو ئافرەتانەی دەنگی پێویستیان بەدەستهێناوە و گەیشتوونەتە پەرلەمانی عێراق زیاترە لەو ڕێژەی کە بۆیان داندرابوو، هەروەها دەشڵێت: جگە لەو 83 کورسییەی کە تایبەت کراوە بە ئافرەتان، ژمارەیەک ئافرەتی دیکە بە بەدەستهێنانی دەنگی شایستەی خۆیان سەرکەوتوون و ڕێژەکەیان بەرزبووەتەوە.

هەروەها ئەمڕۆ سێشەممە 12ـی تشرینی یەکەمی 2021، سکرتارییەتی گشتی سەرۆکوەزیران ڕایگەیاند 97 ئافرەت سەرکەوتوون بۆ پەرلەمانی عێراق، واتە 14کورسی زیاتریان بەدەستهێناوە لەو ڕێژەی بۆیان تەرخانکرابوو.

پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستانیشدا  زۆرترین بەربژێری ئافرەتی هەبوو کە ژمارەیان 17 ئافرەتبوو، لە کۆی هەر 17 ئافرەتەکەش 11 ئافرەتیان کورسی پەرلەمانی عێراقی بەدەستهێنا.

شیرین شاکر، چالاکوانێکی بواری ئافرەتان دەڵێت: پارتی دیموکراتی کوردستان بەردەوام داکۆکیی لە مافی ئافرەت کردووە و ئەو ئازادییەی بۆ ئافرەتان لە ھەرێم ھەیە لە سایەی پارتی دیموکراتی کوردستانە، کە ئەمەش دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ ئێمەی ئافرەت.

پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەموو کاتێکدا ستایشی ڕۆڵی ئافرەتانی کردووە و هەردەم جەخت لە گرنگی و بەشداریپێکردنی ئافرەتان کراوەتەوە لە گشت کایەکانی ژیانەوە.

بە بڕوای پارتی دیموکراتی کوردستان ئافرەتان و ژنان ڕۆڵێكی كاریگەر و یەكلایكەرەوەیان لە كۆمەڵگەدا هەیە و بەشی زۆری ئێش و ئازار و بەرخودان و تێكۆشانی گەلی کورد بۆ ئافرەتان دەگەڕێننەوە، هەروەها پارتی دیموکراتی کوردستان شانازی دەکات بە جێی دەستی ئافرەتان لە پاڵپشتیكردنی شۆڕش و پێشمەرگە و پەروەردەكردنی ڕۆڵەی قارەمان و ئارامگری  ئازارەكانی ئاوارەیی و خەباتی مەدەنی و سیاسیدا دیارە.

میدیا راپۆرت

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.