Erbil 15°C دووشەممە 02 کانونی یەکەم 13:07

میلۆدى گۆرانى  شه‌ش په‌پوله‌کەو  بورهانى مفتى زاده‌ ...!

کوردستان TV
100%

شه‌ش په‌پوله‌كه‌ى گۆشه‌ى باخه‌كه‌م 
هه‌ربۆ ئێوه‌يه‌ ئاخ و داخه‌كه‌م 
هه‌ربۆ ئێوه‌ لێو به‌بارى خه‌مم 
بولبولى به‌سته‌و گريه‌و ماته‌مم   ( كاكه‌ فه‌لاح) 

هونه‌رمه‌ندى ژه‌نيار و ئاواز دانه‌ر، ناوێكه‌ كه‌له‌لاى زۆربه‌مان له‌ڕێي كاره‌ هونه‌رييه‌كانييه‌وه‌ به‌ڕووحى هه‌موومان ئاشنايه‌، ماوه‌يه‌ك بوو پێم خۆشبوو كه‌ هه‌ندێك زانيارى لێوه‌رگرم سه‌باره‌ت به‌چۆنيه‌تى دانانى ئاوازى گۆرانى (شه‌ش په‌پوله‌كه‌) به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌رده‌رفه‌تم بۆ نه‌ڕه‌خسا له‌به‌ر ئه‌وه‌ى هونه‌رمه‌ند ماوه‌يه‌ك بوو بارى ته‌ندروستى جێگير نه‌بوو، هه‌روه‌ها به‌هۆى بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤايرۆسى كۆرۆناوه‌ ، تا هه‌لم بۆڕه‌خسا له‌ ڕێكه‌وتى 30/10/2020 له‌خزمه‌ت براى شاعير (شێخ يه‌حيا به‌رزنجى) و ( بورهانى مفتى زاده ) دا بووم ، به‌هه‌لم زانى له‌ كورته‌ ديداره‌دا بيدوێنم و هه‌ندێك زانيارى لێوه‌رگرم . 
هونه‌رمه‌ند بورهان مفتى زاده‌  له‌  ڕێكه‌وتى ( 23/4/1957) له‌شاره‌ ئازيزه‌كه‌ى (سنه‌) ى ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان  له‌بنه‌ماڵه‌يه‌كى  ئايينى ، ئه‌ده‌بى و هونه‌رى به‌دنيا هاتووه‌ ، ماوه‌ى (8) ساڵ له‌ته‌له‌فزيۆنى تاران له‌ هه‌ردوو به‌شى ( كوردى و فارسى ) له‌به‌شى په‌خش كارى كردووه‌ ، هونه‌رمه‌ند ژه‌نيارى ئامێرى ( فلووته‌) ، ماوه‌ى چه‌ند سالێك له‌هه‌نده‌ران ژياوه‌  و ئێستا بۆماوه‌ى چه‌ند ساڵێكه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ باشوورى كوردستان ، له‌شارى سلێمانى نيشته‌جێ يه‌و درێژه‌ى  به‌كاره‌ هونه‌رييه‌كانى داوه‌ .
له‌وه‌ڵامى پرسياره‌كه‌مدا : هونه‌رمه‌ند به‌وشێوه‌يه‌ وه‌ڵامى دامه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ چۆنيه‌تى دانانى ئاوازى ( شه‌شه‌ په‌پوله‌كه‌) ..
ساڵى 1996 يان 1997 بوو ئه‌و كاته‌ له‌وڵاتى سويسرا له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانم  و هاوسه‌رم ده‌ژياين ، هه‌ركات ده‌رفه‌تم بۆ بڕه‌خسايه‌ چاوێكم له‌ديوانى شاعيران ده‌كرد، ماوه‌يه‌ك بوو ئه‌و هۆنراوه‌يه‌ى  (كاكه‌ى فه‌لاح) ى شاعير ( 1928_ 9/10/1990) له‌به‌ر ده‌ستمدا بوو چه‌ند جارێك خوێندبوومه‌وه‌، كاريگه‌رى له‌سه‌رم دانابوو .له‌وكاتانه‌دا منداڵه‌كانم (گۆران وئالان و گۆنا و هاوسه‌رم ) برياريان دا كه‌ گه‌شتێك بۆ به‌ريتانيا بكه‌ن به‌ڵام پێيان خۆشبوو به‌ڕێي ده‌رياوه‌ به‌ (پاپۆڕ) گه‌شته‌كه‌ ئه‌نجام بده‌ن، بڕياردراو به‌ڕێكه‌وتن كه‌ش و هه‌وا له‌بار نه‌بوو، به‌ڵام پێوه‌نديم به‌رده‌وام بوو له‌گه‌ڵياندا، له‌يه‌كێك له‌په‌يوه‌ندييه‌كان گۆرانى كوڕم پێى ڕاگه‌ياندم كه‌ پاپۆڕه‌كه‌ وه‌ستاوه‌ و زه‌ريا له‌هه‌ڵچوون و داكشانێكى زۆر به‌هێزدايه‌ ، كه‌شه‌كه‌ ناله‌باره‌وه‌ چاوه‌ڕێي مه‌ترسيي لێده‌كرێت، منيش كه‌ئه‌و وتانه‌ى گۆرانم بيست له‌بارى ده‌روونيه‌وه‌ زۆر شڵه‌ژام نه‌مده‌زانى چى بكه‌م و په‌يتا په‌يتا پێوه‌نديم پێوه‌ ده‌كردن به‌ڵام هيچ تروسكاييه‌ك نه‌بوو ، له‌و باروو دۆخه‌ ناهه‌مواره‌  به‌ده‌يان خه‌ياڵ ده‌هاته‌ به‌رچاوم و بيرم ده‌كرده‌وه‌  كه‌ئيتر نايانبينمه‌وه‌ ، نيگه‌رانييه‌كه‌م به‌ره‌و لوتكه‌ى نائاراميي هه‌ڵده‌كشا ، له‌و دۆخه‌ ناڕۆشنه‌دا هۆنراوه‌كه‌ى كاكه‌ى فه‌لاحى شاعيرم كه‌وته‌وه‌ ياد و يادى ئه‌وچيرۆكه ‌تراژيديايه‌ى پشتى ئه‌و هۆنراوه‌يه‌ ده‌هاته‌ پێش چاو، به‌نائومێدييه‌وه‌ ديوانه‌كه‌م گرته‌ ده‌ست و لاپه‌ڕه‌ى هۆنراوه‌كه‌م پێشتر ده‌ستنيشانكردبوو، ڕاسته‌وخۆچوومه‌ سه‌ر لاپه‌ڕه‌ى هۆنراوه‌كه‌ و يه‌ك دووجار له‌سه‌ريه‌ك خوێندمه‌وه‌ ، به‌ڵام ئازارى دوورى منداڵه‌كان و ئه‌و دۆخه‌ى تێي كه‌وتبوون، له‌ناخمدا هه‌ستێكى ناخۆش و لێوڕيژ له‌ دڵه‌ڕاوكێ بوونى هه‌بوو، به‌ڵام هۆنراوه‌كه‌ په‌لكێشى ده‌كردم تا له‌گه‌ڵيدا ئاوێزان بووم ، له‌لايه‌ك سيماى هاوسه‌ر و منداڵه‌كانم وه‌ك فيلمێك ده‌هاته‌ به‌رچاوم  كه‌ به‌چ خۆشييه‌كه‌وه‌ به‌ڕێم كردن و ئێستا ململانێ ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ شه‌پۆله‌ ترسناكه‌كانى زه‌ريادا.
له‌و داڕمانى هه‌سته‌دا ووزه‌و تينم دايه‌ به‌رخۆم و ئامێره‌كه‌م گرته‌ ده‌ست و چاويشم له‌سه‌ر دێڕ به‌دێڕى هۆنراوه‌كه‌بوو ، ووشه‌كان زياتر په‌لكێشم ده‌كه‌ن  و كه‌وتمه‌ ژه‌نين و له‌هه‌مان كات به‌ده‌نگم  سه‌رقاڵى خوێندنى ميلۆدييه‌كه‌ بووم ، ماوه‌يه‌كى پێچوو به‌رده‌وامم له‌گه‌ڵ هۆنراوه‌كه‌و دانانى ميلۆدييه‌كه‌ تا به‌كۆتام گه‌ياند، ميلۆدييه‌كه‌ جارێكى ديكه‌ گوێم بۆگرته‌وه و هه‌ستم كرد ئاوازێكى هه‌ست بزوێن و خۆشه‌و كاريگه‌ر له‌سه‌ر گوێگر داده‌نێت، له‌ناكاو زه‌نگى ته‌له‌فۆنه‌كه‌ لێدرا به‌چ هه‌ڵه‌داونێك پڕم دايه‌ (گوشييه‌كه‌) گوێم له‌ده‌نگى گۆران  بوو پێى ڕاگه‌ياندم كه‌ سه‌لامه‌تين و زه‌ريا ئارام بۆته‌وه‌  و درێژه‌ به‌گه‌شه‌ته‌كه‌مان ده‌ده‌ين، ئاى له‌وكاته‌دا هه‌ستم ده‌كرد ئاوى زه‌ريا  به‌يه‌كجارى هه‌مووى  ڕژايه‌ سه‌ر هه‌ستى گڕگرتوومه‌وه‌ ئه‌و ئاگره‌ نائارامييه‌ى هه‌ناومى دامركانده‌وه‌ ، خۆشيي و ئاراميي به‌هه‌موو جه‌سته‌م به‌خشرا.
به‌هۆى ئه‌و په‌يوه‌ندييه‌ خانه‌واده‌ييه‌ى هه‌مبوو له‌گه‌ڵ كاك ناسرى ڕه‌زازى و خاتوو مه‌رزييه‌ى فه‌ريقى ( 22/5/1958 _ 18/9/2005)  دواى ئه‌و ڕووداوه‌و  دانانى ئه‌و ميلۆدييه‌ ، ڕۆژێك مه‌رزيه‌ خانم زه‌نگى دا و دواى هه‌واڵپرسين و هه‌واڵى كارى هونه‌رى چونكه‌ سه‌رقاڵى ئه‌لبومێكى هونه‌رى بوو ، داواى ميلۆدييه‌كى لێكردم منيش مژده‌ى ئه‌وه‌م پێدا كه‌ ئاوازێكم هه‌يه‌ له‌سه‌ر هۆنراوه‌يه‌كى زۆر جوان ، وه‌ زۆرگونجاوه‌ بۆ گه‌روو و ده‌نگى تۆ، به‌ڕه‌حمه‌ت بێ زۆرى پێخۆشبوو وه‌ به‌ڵينم پێدا بۆى بنێرم ، 
ئه‌وه‌بوو مه‌رزيه‌ خانم له‌ساڵى 1998 له‌ئه‌لبوومى ( به‌ڵين بده‌ )  دا بڵاوى كرده‌وه‌ ، له‌ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ى كوردستان زۆر ده‌نگى دايه‌وه‌ و بووه‌ جێى ڕه‌زامه‌ندى خه‌ڵك ، گۆرانى شه‌ش په‌پوله‌كه‌ بووه‌ ناسنامه‌ى  مه‌رزيه‌ خانم ، هه‌رچه‌نده‌ كاره‌ هونه‌رييه‌كانى ترى مه‌رزييه‌ هه‌موويان به‌رزن و جێى ستايش و به‌رزنرخاندنه‌ .
هونه‌رمه‌ند بورهانى مفتى زاده‌ ، له‌و كاته‌ى له‌هه‌نده‌ران ژياوه‌ ، جگه‌ له‌كاركردن و دابينكردنى بژێوى ژيان ، به‌ڵام له‌هونه‌رى ئاواز دانان دانه‌بڕاوه‌ و به‌رده‌وام بووه‌ له‌سه‌ر كاره‌ هونه‌رييه‌كانى، ئه‌وه‌ ماوه‌ى چه‌ند ساڵێكه‌ له‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌  كوردستان و ده‌يان ئاوازى نوێي خستۆته‌ سه‌رخه‌رمانى هونه‌ريي و له‌لايه‌ن هونه‌رمه‌ندانه‌وه‌ خوێندراوون ، ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵيم تێكست  چه‌ند به‌رزو پڕ هه‌ست بێت ، هه‌روه‌ها ميلۆدييه‌كه‌ش به‌هه‌مان شێوه‌ به‌ڵام توانا و ژه‌نينى هونه‌رمه‌ندانى ژه‌نيار وده‌نگى خۆشى خۆشخوان ميلۆدييه‌كه‌ به‌رزتر و جوانتر و پڕ هه‌سترده‌كات و له‌لاى بيسه‌ر جێگه‌ ده‌گرێت .
هه‌زاران چه‌پكه‌ گوڵ بۆسه‌ر گڵكۆى  ( كاكه‌ فه‌لاح ) ى شاعير و  خاتوونى هونه‌رمه‌ند ( مه‌رزييه‌ى فه‌ريقى ) و ياديان هه‌موو كات به‌رزو به‌ڕێز بێت، سوپاس و ستايش بۆ هونه‌رمه‌ند كاكه‌ بورهانى مفتى زاده‌  بۆهه‌موو ئه‌و كاره‌ جوانانه‌ى به‌خشيوه‌يه‌تى به‌ هونه‌رى موزيك و گۆرانى كوردى ، هيواى ته‌ندروستى باش و به‌رده‌واميي له‌وكاره‌ پيرۆزه‌ى بۆده‌خوازم.


جه‌مالى ده‌لاك  25/11/2020 هه‌ولێر

كوردستان TV

گۆرانی و مۆسیقا میدیا هه‌ڤپه‌یڤین ئه‌ده‌ب و رۆشنبیری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.