Erbil 11°C پێنجشەممە 23 کانوونی دووەم 17:33

سۆزیی عێراقیبوون؟!

دەبێت هەموو عێراقیەک لە خۆی بپرسیت سەدەیەک عێراقیبوون چی پێبەخشیوە؟
سۆزیی عێراقیبوون؟!
کوردستان TV
100%

سەربەست ساڵح
 

مەلیک فەیسەڵ دوای گەڕانێکی درێژ بەسەرجەم باش و پارێزگاکانی عێراقدا، دەڵێت: لەگەشتەکەمدا عەرەب و کورد و تورکمان و ئاشوری و مەسیحی و ئەرمەننم بینی ئەوەی دەبو بیبینم و نەمبینی عێراقی بوو! دوای نزیکەی 100 ساڵ ئەگەر سەرۆک کۆمار و کاربەدەستانی عێراق گەشتێکی هاوشێوە بکەن، هەمان دەرئەنجامیان دەست ناکەوێت؟!.


دەبێت هەموو عێراقیەک لە خۆی بپرسیت سەدەیەک عێراقیبوون چی پێبەخشیوە؟ هیچ چرکە ساتێک هەستێکی عێراقی بوون دایگرتووین؟! ئاخۆ لە هیچ قۆناغێکدا عێڕاق نیشتمانی هەمووان بووە؟! کێ دەتوانێت بیسەلمێنیت عێراق نیشتمانی هەموانە؟! ئەگەر عێراق نەیتوانیبێت عێراقی هەمووانبێت، خۆ دەبێت بەشێک لە عێراقیەکان رەزامەندبن بە عێراقیبوون، لە عێراقدا خۆشبژێوبن هەست بە بوون و ئەمان بکەن؟! یان لایکەم پێکهاتێکی عێراق هەست بە ئاسودەیی بکات و سەرئەنجام سۆزی بۆ عێراق هەبێت!.


پرۆسەی رەشەکوژیی سونە گەیشتۆتە قۆناغێکی مەترسیدار، بەتایبەت دوای گرتنەوەی شارە سونە نشیەکانی ناوەڕاست، حەشدی شەعبی بە شێوەیەکی چڕو پڕ سەرگەرمی پاکتاو و سڕینەوەی پێکهاتەی عەرەبی سونەیە، بە جۆرێک ناوچەی سونەنشین ئێستا بۆتە مۆڵگەی رەشەکوژییەکانی حەشدی شعبی!.
مەسیحیەکانی عێراق نیشتەجێی ناوەڕاست و باشور، نەک هەر لەبەردەم هەڕەشەیەکی گەورەدان،  بەڵکو بە پراکتیک رەشەکوژکران و ئەوانەی توانیان هەڵبێن، خۆیان گەیاندە دوورگە ئارامەکەی کوردستان، بەشێکیشیان رووەو دەرەوەی ووڵات هەڵهاتن، ئێستا بەدەگمەن ئاسەوارێکی مەسیحیەت لە عێراقی عەرەبیدا بەدیدەکرێت، ئەو پەرستگا و کڵێسایانەی دەستی داعشی نەگەیشتێ، حەشدی شەعبی ڕووخاندی.


خۆپیشاندانەکانی باشوری عێراق، هەڵبەت باشوری شیعەنشین پێماندەڵێن چی؟! ئەگەر کورد و سونەو مەسیحی و ئەوانیتر رەشکوژ دەکرێن لەسەردەستی مەزهەبی باڵادەست، ئەدی خراپی گوزەران و بێکاری و هەژاری و بەربڵاوی نەخۆشی لە ناوچەی شێعەنشین چۆن خوێندنەوەیەک هەڵدەگرن؟ چۆن ڕاڤەی تەقینەوەی ناڕەزایەتیەکانی دەڤەری مەزهەبی شیعەی باڵا دەستبکەین؟! ئەگەر ناوچەکانی مەزهەبی باڵادەست، بەدەست هەژاری و بێکاری و نادادییەوە بناڵێینن، دەبێت دۆخی ناوچە و دەڤەری کەمینەکان چۆنبن؟!
ئێمە لە کوردستان ڕووبەڕووین لەگەڵ هەڵوێستە دوژمنکارییەکانی دەسەڵاتدارانی عێراق، هەربۆیە نموونەی دەستدرێژی و تاوانەکانی دەسڵاتدارانی عێراق لە ژماردن نایەت، وەدڕندەیی دەسەڵاتی عێراق لەبەرامبەر خەڵکی مەدەنی کوردستاندا پێویستی بە بەڵگاندن نیە، دەنگی خەڵک لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆییدا باشترین گەواهیدەرن، لە نەبوونی هیچ جۆرە سۆز و ئارەزووییەک بۆ عێراقیبوون.


هەموو ئەو ڕووداوانەی لە ناوەڕاست و باشوری عێراق ڕوودەدەن پێماندەڵێن: ڕێگری و ئەستەنگەکان چەند زۆر و سەختبن، هەرێمی کوردستان لەسەر ڕێگایەکی دروست هەنگاو دەنێت،  کارکردن بۆ ئارامی و سەقامگیریی و ئابوری سەربەخۆ و ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کۆمەڵێک پرۆژەی نیشتمانیبوون دەبوو ئەنجامبدرێت. 


لە دوای داکشانی 16ی ئۆکتۆبەر، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر نەخشەڕێگای بوژانەوە و هەڵکشاندایە، دۆخی ئابوری روو لە باشبوون و گەشکردنە، بیناکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسیەکان لە ئاستێکی زۆرباشدایە، رۆژێک لە هەولێر بەردی بناغەی کۆمەڵگای کونسوڵخانەی ئەمریکا دادەنرێت، رۆژێکی تر سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەڕیزی سەرۆک و کاربەدەستە باڵاکانی دونیا ئامادەیە لە مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆک کۆماری تورکیا، رۆژی دواتر سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بانگێشتی فەرمی دەگاتە هۆڵندا، زنجیرەی ڕووداوە باشو گرنگەکان بەردەوامن. بەپێچەوانەی دۆخی خراپی ناوەڕاست و باشوری عێراقی عەرەبی.


ئەرکێکی ئەخلاقی نوسەران و دەستەبژێری کۆمەڵگای کوردستانە، کە بەرهەمی هزر و ئاخافتن و خامەیان لە خزمەت مانەوەی دۆخی سەقامگیر و ئارامی کوردستاندابێت، سۆز و ئاسۆ و هیوایی ڕستەقینەی خەڵکی کوردستان، کوردستانە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.