Erbil 33°C چوارشەممە 18 ئەیلوول 12:17

قۆناغەکانی لێدان و چاپکردن و دەرکردنی دراوی کوردستانی چۆنە

دواى ريفراندؤم كورد بە چ دراوێك مامەڵە بكات
کوردستان TV
#8
100%

دواى ئه‌نجامدانى ریفراندۆمى سه‌ربه‌خۆیى هه‌رێمى كوردستان، قسه‌ و باسى زۆر ده‌كرێت، میدیا جیهانییه‌كان به‌ گشتى باس له‌ دروست بوونى ده‌وڵه‌تێكى نوێ ده‌كه‌ن له‌ ناوچه‌كه‌ كه‌ ده‌وڵه‌تى كوردستانه‌، بێگومان بۆ هه‌ر ده‌وڵه‌تێكیش دراو پێویسته‌ ، دیسانه‌وه‌ بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ش قسه‌ و باسى زۆر هه‌یه‌، ئایا دواى راگه‌یاندنى ده‌وڵه‌ت كورد دراوى خۆى ده‌بێت یاخود نا؟، ئه‌مانه‌ و سه‌ده‌ها پرسیارى دیكه‌ له‌ ئارادایه‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ وه‌ك وێبسایتى ده‌زگاى سه‌ته‌لاییتى كوردستان ئه‌م دیمانه‌یه‌مان له‌گه‌ڵ شەماڵ نوری - ئابووریناس و رۆژنامەنووس هه‌روه‌ها ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سەندیكای ئابووریناسانی كوردستان ئه‌نجامدا.

 

سازدانى : ئارام كاكه‌خان

 

كورد بە چی دراوێك مامەڵە بكات و قۆناغەكانی لێدان و چاپكردن و دەركردنی دراوی كوردستانی چۆنە؟ كورد ئەگەر بەدۆلاری ئەمەریكی مامەڵە بكات چی روو دەدات؟.

 

شه‌ماڵ نوورى : لەدوای ریفراندۆم و دژایەتییەكانی حكومەتی شۆڤێنی مەزهەبی بەغدا دەرهەق بە هاوڵاتیانی كوردستان و هاندانی هەردوو وڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران و توركیا بۆ سزادانی گەلی كوردستان، كە زیاتر لەرێگەی گەمارۆو جەنگی ئابوورییەوە دەبێت، بارودۆخەكە دەگۆڕدرێت لە جیابوونەوە بەئاشتی و بێ ئاڵۆزبوونی دۆخەكە بۆ شەڕی سیاسی و ئابووری، ئەم سزایانە هەنگاوەكانی راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان خێراتر دەكات، ئەو پرسیارەی كە بەرێزت و زۆر لە ئابووریناسان و رۆژنامەنووسانی سەرقاڵ كردووە ئەوەیە ؛ دوای ریفرندۆم دەوڵەتی كوردستان لەسەر چی فەلسەفەو روئیایەكی ئابووری دادەمەزرێت؟.

 

پێویستە دەسەڵاتی سیاسی كوردستان بەچەند  قۆناغێك سیاسەتی دارایی و نەختینەیی خۆی رێك بخات

هاوكات دەیان پرسیاری تر دێتە پێشەوە كە تێكەڵ بەیەكتر دەبن لەوانەش ئەو پرسیارەی بەرێزتە كە بریتی یە لەوەی:  كورد بە چی دراوێك مامەڵە بكات و قۆناغەكانی لێدان و چاپكردن و دەركردنی دراوی كوردستانی چۆنە؟، ئەم مەسەلەیە ووردو هەستیارەو نابێت بە سۆزو خێرایی بڕیاری لەسەر بدرێت، پێویستە دەسەڵاتی سیاسی كوردستان بەچەند  قۆناغێك سیاسەتی دارایی و نەختینەیی خۆی رێك بخات ، سەرەتا بە دیناری عێراقی و دۆلاری ئەمەریكی مامەڵە بكات تاوەكو هەنگاو بەرەو دروستكردنی یەدەگی دراوی بیانی لەلایەن بانكی ناوەندی دەوڵەتی كوردستانەوە كاری بۆ دەكرێت، واتا بانكی ناوەندی دەوڵەتی فیدراڵی كوردستان روو لە ئەمباركردنی یەدەگی دۆلاری ئەمەریكی و لیرەی توركی و باوەن و قاڵبە زێڕ بكات بۆ ئەوەی لەكاتی دەركردنی دراوی كوردستان لەبازاڕەكاندا متمانەی هەبێت و بەهاكەی روو لەدابەزین نەكات.

هەر لە ساڵی 1991 ەوە مامەڵە گەورەكانی بەدۆلاری ئەمەریكی كردووەو لەمەشدا جۆرە سەربەخۆییەكی لەناوچەكانی تری ناوەڕاست و خوارووی عێراق هەبوو

لەقۆناغی دواتردا كار بۆ كەمكردنەوەی نرخ هەڵاوسان بكات لەرێگەی گرنگیدان بەهەردوو كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی بۆ ئەوەی هێنراوەكانی لەهەرچوار سنووری عێراق و توركیاو ئێران و سوریا كەم بكاتەوە ، لەدوا قۆناغدا ووردە ووردە خەڵكی هانبدرێت دەستبەرداری پاشەكەوتكردنەكانیان بن بەدیناری عێراقی . كەواتە بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەكەت هەرێمی كوردستان هەر لە ساڵی 1991 ەوە مامەڵە گەورەكانی بەدۆلاری ئەمەریكی كردووەو لەمەشدا جۆرە سەربەخۆییەكی لەناوچەكانی تری ناوەڕاست و خوارووی عێراق هەبووەو خۆی لەخۆیدا لەزەمەنی گەمارۆی ئابووری عێراق و كوردستان بەدوو دراوی جیا مامەڵەیان كردووە( دیناری سویسریی و دیناری چاپی سەدام ) ، هەربۆیە پێم وایە لە ئێستاوە هەرێمی كوردستان پێویستە روو لەپاشەكەوتكردنی دۆلار بكات و مامەڵە گەورەكان و بازرگانییەكانی كە لەئێستادا بەدۆلارە وەكو خۆی بهێڵدرێتەوە، ئەمەش لەئەگەری هەر گەمارۆو جەنگێكی دوژمنكارییانەی شیعەگەریی و شۆڤێنی عەرەب و تورك دەمانپارێزێت.

بەبێ سەقامگیری سەربازی و سیاسی و ئابووری ناتوانرێت زامنی بەهاكەی بكرێت

باسی ئەو قۆناغانەت كرد كە پێویستە بگیرێتە بەر بۆ چاپكردنی دراوی كوردستان، ئایا بۆچی لەكاتی راگەیاندنی دەوڵەتدا راستەوخۆ ئەو دراوە دەرنەكەین؟

شه‌ماڵ نورى : هەموو ئەو دەوڵەتانەی لەم چەند دەیەیەی رابردوودا راگەیەنرا راستەوخۆ دراوی خۆیان چاپ نەكردووە، چونكە چاپكردن و دەركردنی دراو راستە دەسەڵاتێك و بەیاسا دەردەكرێت و خاوەندارێتی هەیە كە ئەو كات بانكی ناوەندی عێراقی دەبێت بەڵام دەبێت لەناوخۆو ناوچەكەو جیهاندا متمانە بەبەهاكەی هەبێت كە بەبێ سەقامگیری سەربازی و سیاسی و ئابووری ناتوانرێت زامنی بەهاكەی بكرێت بەتایبەتی دەبێت حسابێكی وورد بۆ ئەو نزامە دیكتاتۆرو هەواڵگرییانە بكرێت كە بۆ هەموو دەرفەتێك دەگەڕێن تاوەكو بەخەڵكەكەی خۆیان بڵێن كورد نازانێت دەوڵەتداری بكات لەمەشدا رەنگە بەنا بۆ ساختەكاریكردن لە چاپكردنی دراوە كوردستانییەكە یاخود لێدانی بەهاكەی بنرێت، هەربۆیە وا باشە دراوی كوردستانی پێش مسۆگەركردنی سەقامگیری سیاسی و ئابووری هەنگاوی بۆ نەنێین.

ئەمڕۆ لەهەموو وڵاتانی جیهان تاكە دراوێكی جیهانی دۆلاری ئەمەریكییە

ئایا جێگرەوەی دۆلاری ئەمەریكی هەیە؟

شه‌ماڵ نوورى : بەها و متمانە بە دۆلاری ئەمەریكی لە سەقامگیری و بەهێزی ئابووری و دەسەڵاتی سیاسی ئەو وڵاتەو بەهێزی دارایی و كەرتی بازرگانی و نەوت و غازەكەیەوە سەرچاوەی گرتووە، ئەمڕۆ لەهەموو وڵاتانی جیهان تاكە دراوێكی جیهانی دۆلاری ئەمەریكییە كە لەهەموو وڵات و ناوچەیەك مامەڵەی پێوەدەكرێت، هەر وڵاتێكیش بۆ موزایەدەی سیاسی مامەڵە بەم دراوە نەكات خۆی زیانمەند دەبێت چونكە مامەڵە جیهانییەكانی بازرگانی و ئابووری و نەوت و غاز و ئۆتۆمبێل و هەزارەها كاڵای تر هەر بەدۆلاری ئەمەریكییە، تەنانەت دراوی یۆری یەكێتی ئەوروپا نەیتوانی بەرامبەر دراوی دۆلاری ئەمەریكی بەهاكەی رابگرێت، هەربۆیە ئەمڕۆ بۆ بەهێزبوونی دراوی نیشتمانی پێویستە یەدەكی دۆلاری ئەمەریكیت یاخود قاڵبە زێڕت هەبێت كە تەنانەت كڕینی قاڵبە زێڕەكەش بەدۆلاری ئەمەریكیی دەبێت.

نابێت چاپكردن و دەركردنی دراوی كوردستان بە سۆز و بەرچەكردار بێت

بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا بوونی دراو وەكو ناسنامەیەكی دارایی و نەختینەیی و ئابووری بۆ دەوڵەت گرنگە؟

شه‌ماڵ نوورى : بەڵێ راست دەكەیت بەڵام خۆ دەبێت خاوەنی دراوێكی وا بین كە لەقۆناغی یەكەمی چاپكردنی خەڵكی متمانەیان پێی هەبێت و بەهاكەی لەدەست نەدات و دووچاری نرخ هەڵاوسان و گرفتی دارایی و نەختینەیمان نەكات، هەربۆیە قسەكردن لەسەر ئەم مەسەلەیە هەروەكو لەسەرەتای وەڵامەكەمدا باسم كرد؛ نابێت چاپكردن و دەركردنی دراوی كوردستان بە سۆز و بەرچەكردار بێت، بەڵكو هەنگاوی كۆنكرێتی و بەهێز بێت كە من پێم وایە پێویستیمان بە بوونی ئابوورییەكی مۆدێرن هەیە تاوەكو دراوەكەمان خاوەنی بەهایەكی بەرز بێت.

 ئەمەش پێویستی بە سەقامگیری سیاسی و ئابووری هەیە كە بێ دەسەڵاتێكی بەهێز( لەرووی سەربازی و سیاسی و ئابووریی) یەوە  نابینە خاوەنی ئەم سەقامگیرییە، كە لەداهاتوودا هەروەكو جەنابی بارزانی وتی (كوردستان لەقۆناغێكی نوێ دایە..) بێگومانیشم ئەم قۆناغە كە بەرێزی باسی كردووە یاخود ئەو دەوڵەتە فیدراڵییەی كە هەندێك لە سیماو شێوازەكەی دیاری كراوە كە كۆماری كوردستان فیدراڵیی دەبێت؛ پێویستی بە ناوەندێكی بەهێزی سەربازی و سیاسی و ئابووری دەبێت نەك پشێویی و بێسەروبەری بەناوی دیموكراتی و شەڕە بوتڵ و موزایەدەی پەرلەمانی و حكومەتە بنكە فراوانەكەی  حزبە ناكۆكەكان.

كوردستان TV

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.