Erbil 6°C چوارشەممە 22 کانوونی دووەم 02:54

مه‌سروور بارزانی: هه‌میشه‌ ترسنۆکه‌کان به‌دوای بیانوودا ده‌گه‌ڕێن

ده‌قی دیمانه‌كه‌ی مه‌سروور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان..
کوردستان TV
100%

مه‌سروور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌ دیمانه‌یه‌كی حه‌فتانه‌ی (باس)ـدا كه‌ له‌ ژماره‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌دا بڵاو كراوه‌ته‌وه‌، رایده‌گه‌ێنێ، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌شمان زۆره‌، یه‌كێكیش له‌و به‌رژه‌وه‌ندییانه‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی توندڕۆیی و تیرۆریزمه‌.


ده‌قی دیمانه‌كه‌ی مه‌سروور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان..


باس: به‌ڕێز كاك مه‌سروور بارزانی، خه‌ڵك به‌ گشتی، چ ئه‌وانه‌ی زۆر به‌په‌رۆشه‌وه‌ پشتیوانی له‌ ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆییی كوردستان ده‌كه‌ن و چ ئه‌وانه‌ش كه‌ نه‌یارن و به‌ ئاشكرا دژایه‌تیی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ ده‌كه‌ن، ھه‌ست به‌و متمانه‌ به‌ھێزه‌ی سه‌رۆك بارزانی و به‌ڕێزتان و پارتی دیموكراتی كوردستانیش ده‌كه‌ن، كه‌ بۆ سه‌ركه‌وتنی ریفراندۆم لاتان دروست بووه‌، ده‌كرێ بۆمان روون بكه‌نه‌وه‌، ئه‌و متمانه‌یه‌ له‌ چییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌؟


مه‌سرور بارزانی: پێش ھه‌موو شتێك، متمانه‌ له‌ ناخی خۆمانه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كات، مافی سه‌ربه‌خۆیی، مافێكی سروشتی و یاسایی خۆمانه‌. گه‌وره‌ترین كێشه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گومان له‌سه‌ر ئه‌و مافه‌ دروست بێت و بڕوامان به‌وه‌ نه‌مێنێت كه‌ ئێمه‌ ده‌توانین ئه‌و مافه‌ ده‌سته‌به‌ر بكه‌ین. كه‌ی خۆمان متمانه‌مان به‌ خۆمان به‌ھێز بوو و ئاماده‌ نه‌بووین به‌ كه‌متر له‌ مافی خۆمان رازی بین، ئه‌وكات ئیتر نه‌ك ته‌نیا كه‌س ناتوانێت رێگه‌مان لێ بگرێت، به‌ڵكوو رێزیشمان زیاتر ده‌گیرێت. جه‌نابی سه‌رۆك ئه‌و متمانه‌یه‌ی بۆ خه‌ڵكی كوردستان دروست كردووه‌ كه‌ كه‌متر نین له‌ ھیچ نه‌ته‌وه‌یه‌كی تر. ئێمه‌ پێش ھه‌موو كه‌س، پشتمان به‌ خوا و ئینجا خه‌ڵكی كوردستان به‌ستووه‌، دڵنیاشم ئه‌گه‌ر گه‌لی ئێمه‌ خۆی به‌ كه‌متر له‌ خه‌ڵكی تر نه‌زانێت، ده‌توانین به‌و مافه‌ شاد بین.
وڵاتانی تریش له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن و به‌رژه‌وه‌ندیی درێژخایه‌نی ھیچ وڵاتێك له‌وه‌دا نییه‌ دژایه‌تیی خه‌ڵكی كوردستان بكات. له‌به‌رئه‌وه‌ ریفراندۆم ده‌ربڕینی ھه‌ستی گه‌له‌كه‌مانه‌ و گومانم نییه‌ له‌وه‌ی كه‌ به‌شداریكردنی دڵسۆزانی گه‌له‌كه‌مان ئه‌م ریفراندۆمه‌ سه‌رده‌خات.


باس: له‌ كۆنفرانسی (كوردستان.. ھاوپه‌یمانی ستراتیجیی ئه‌مریكا له‌ ناوچه‌كه‌) كه‌ له‌م دواییه‌دا له‌ ئه‌مریكا به‌ڕێزتان تێیدا به‌شدار بوون، بینیمان كه‌ كۆمه‌ڵێ كه‌سایه‌تیی گرینگی ئه‌و وڵاته‌، چ له‌ ئاستی كۆنگرێسمانه‌كان و چ له‌ ئاستی سیاسه‌سه‌تمه‌داره‌ گرینگه‌كان و ژه‌نه‌راڵه‌ سه‌ربازییه‌كان و چ ئه‌و كه‌سایه‌تییانه‌ی كه‌ ده‌كرێ بڵێین كاریگه‌رییان ھه‌یه‌ له‌سه‌ر ناوه‌نده‌كانی بڕیاری ئه‌و وڵاته‌، داكۆكی و پشتیوانیی به‌ھێزی خۆیان بۆ ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆییی كوردستان، ده‌ربڕی، ئه‌و پشتیوانییانه‌ چ كاریگه‌رییه‌كیان ھه‌یه‌ له‌سه‌ر رای ره‌سمیی حكوومه‌تی ئه‌مریكی له‌سه‌ر ریفراندۆم؟


مه‌سروور بارزانی: ئه‌مریكا وڵاتێكه‌، بایه‌خی زۆر به‌ رای گشتیی ھاووڵاتیانی ده‌دات. له‌و كۆنفرانسه‌شدا خه‌ڵكێكی زۆر به‌ئه‌زموون و به‌ڕێز ئاماده‌ بوون و چه‌ندین كۆنگرێسمان و كه‌سایه‌تیی دیاری سیاسی و سه‌ربازیی ئه‌و وڵاته‌ به‌شدارییان كرد. ئه‌وانه‌ش به‌شێك بوون له‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ی به‌ڕاشكاوی پشتگیریی ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌كه‌ن. بڕیاربه‌ده‌ستانی ئیداره‌ی ئه‌مریكاش تا راده‌یه‌كی زۆر ھه‌ڵسه‌نگاندن بۆ رای خه‌ڵكی خۆیان ده‌كه‌ن، بۆیه‌ تا ئێمه‌ زیاتر بتوانین پشتیوانیی گه‌لی ئه‌مریكا به‌ده‌ست بێنین، ده‌توانین زیاتر كاریگه‌ری له‌سه‌ر ھه‌ڵوێستی فه‌رمیی حكوومه‌تی ئه‌مریكا بكه‌ین.


باس: ھه‌ر له‌و كۆنفرانسه‌، به‌ شێوه‌یه‌كی راشكاوانه‌ ئاماژه‌ به‌ پاراستنی كوردستان كرا له‌ دوای شه‌ڕی داعش، به‌تایبه‌تیش له‌ ڕووی پتر جێگیركردنی ھێزی سه‌ربازیی رۆژئاوایی له‌ ھه‌رێمی كوردستاندا، له‌ پاشه‌ڕۆژدا چۆن ئه‌و ھه‌نگاوانه‌ ده‌خرێنه‌ بواری پراكتیكی؟ تا چه‌ند كردنه‌وه‌ی بنكه‌ سه‌ربازییه‌كان له‌ ھه‌رێمی كوردستان ده‌چنه‌ ئه‌و خانه‌یه‌وه‌؟


مه‌سروور بارزانی: ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا به‌رژه‌وه‌ندیی ھاوبه‌شمان زۆره‌، یه‌كێكیش له‌و به‌رژه‌وه‌ندییانه‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی توندڕۆیی و تیرۆریزمه‌. وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك ده‌بینین سه‌ركردایه‌تیی شه‌ڕی دژ به‌ داعش له‌ كوردستان ده‌كرا و ئیمه‌ش وه‌ك ھێزێك و ھاوپه‌یمانێكی سه‌ره‌كی، توانیمان له‌و شه‌ڕه‌دا سه‌ركه‌وتوو بین. بۆیه‌ بۆ به‌رده‌وامبوون له‌ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ھاوبه‌شه‌كه‌مان، له‌ داھاتوویشدا ھه‌ردوو لامان پێویستمان به‌ یه‌كتر ده‌بێت، به‌تایبه‌تی كه‌ ناوچه‌ی رۆژھه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ ئاراسته‌یه‌كی نادیار و جیاواز له‌ به‌رژه‌وه‌ندی و پره‌نسیپه‌كانی رۆژئاوا گوزه‌ر ده‌كات، ئه‌مه‌ وا ده‌كات كوردستان زیاتر جێگه‌ی بایه‌خ بێت. بێگومان پێویسته‌ سوود له‌م ھه‌له‌ وه‌ربگرین و له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندیی ھاوبه‌ش بڕیار بده‌ین.


باس: چ كارێك كراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئاستی ئه‌ندامانی ھه‌میشه‌یی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نیوده‌وڵه‌تی، پشتیوانیی ئه‌نجامی پرۆسه‌ی ریفراندۆمی كوردستان بۆ سه‌ربه‌خۆیی، بكه‌ن؟


مه‌سروور بارزانی: له‌گه‌ڵ زۆر له‌و وڵاتانه‌ به‌ڕاشكاوی قسه‌ كراوه‌ و داوای پشتیوانیمان كردووه‌، یان به‌ لای كه‌مه‌وه‌ داوامان كردووه‌ دژایه‌تیی ئه‌و مافه‌مان نه‌كه‌ن، كه‌ له‌ چارته‌ری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ ھه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌ك دیاری كراوه‌. به‌ڵام پێویسته‌ كاری زیاتر بكرێت بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی پشتیوانیی زیاتر. دژایه‌تیی ناوخۆ بۆ ریفراندۆم گه‌وره‌ترین ھه‌ڵه‌یه‌ كه‌ بیانوو بداته‌ وڵاتانی تر، كه‌ وه‌ك پێویست پشتیوانمان نه‌بن. له‌به‌رئه‌وه‌ به‌رپرسیارێتیی گه‌وره‌ پێش ھه‌موو لایه‌ن و وڵاتێك ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر خه‌ڵكی كوردستان، تا پشتیوانیی ناوخۆیی زیاتر و به‌ھێز بێت، ئه‌وه‌نده‌ش پشتیوانیی ئه‌و وڵاتانه‌ ئاسانتر ده‌بێت بۆمان.


باس: وه‌ڵامی ئێوه‌ چییه‌ بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ی تێبینییان له‌سه‌ر كات (ته‌وقیتی) ریفراندۆمی كوردستان ھه‌یه‌ و، ده‌ڵێن ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ریفراندۆمداین، به‌ڵام له‌م كاته‌دا باش نییه‌، یان گونجاو نییه‌؟


مه‌سروور بارزانی: ئه‌وانه‌ی ده‌ڵێن كات گونجاو نییه‌ ته‌نیا بیانووه‌، چونكه‌ ھه‌موو ھۆكاره‌كانی كه‌ باس ده‌كرێن، له‌ ڕاستیدا په‌یوه‌ندییان به‌ ریفراندۆمه‌وه‌ نییه‌. زۆر ئاسان نییه‌ وڵاتێك بڕوای به‌ دیموكراسییه‌ت ھه‌بێت و بڵێت دژی ریفراندۆم ده‌بم. به‌ڵام ھه‌ندێك له‌و وڵاتانه‌ پێیان وایه‌ خه‌ڵكی كوردستان ھه‌میشه‌ رازی بووه‌ واز له‌ مافی خۆی بێنیت، پێیان وایه‌ ئێستایش به‌ گوشار خستنه‌سه‌رمان ده‌توانن وا بكه‌ن وڵاتانی ناوچه‌كه‌ رازی بكه‌ن، نه‌ك خه‌ڵكی كوردستان. چونكه‌ ئه‌وانه‌ی مافی ئێمه‌یان پێشێل كردووه‌، زیاتر داكۆكی له‌سه‌ر به‌رده‌وامبوونی پیشێلكردنی مافه‌كانمان ده‌كه‌ن، تا ئه‌وكاته‌ی ئێمه‌ خۆمان داوای ده‌سته‌به‌ركردنی مافه‌كانمان ده‌كه‌ین.
كات، ده‌بێ ئێمه‌ خۆمان دیاریی بكه‌ین، نه‌ك چاوه‌ڕێی وڵاتێك بكه‌ین پێمان بڵێت كه‌ی گونجاوه‌. ئایا ئه‌و وڵاتانه‌ی ھه‌وڵی سه‌ربه‌خۆییان دا، مۆڵه‌تیان له‌ كێ وه‌رگرت؟، ئایا كه‌ بیر له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان ده‌كه‌نه‌وه‌، ده‌ڵێن ئه‌م كاته‌ گونجاو نییه‌؟ ئه‌وه‌ خه‌تای خۆمانه‌ كه‌ پێمان وایه‌ ده‌بێ وڵاتانی تر رازی بن به‌وه‌ی كه‌ی ئێمه‌ بڕیار له‌ چاره‌نووسی خۆمان بده‌ین. پێم وایه‌ كاته‌كه‌ زۆر گونجاوه‌ و جگه‌ له‌ بیانوو ھیچ ھۆكارێكی تر نییه‌ ئێمه‌ ئه‌م بڕیاره‌ نه‌ده‌ین.


باس: ھه‌ندێك وڵات به‌ پاساوی په‌رۆشییان بۆ (مانه‌وه‌ی خاكی عێراق به‌ یه‌كپارچه‌یی) دژایه‌تیی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆییی كوردستان ده‌كه‌ن، ئایا مانه‌وه‌ی عێراق به‌م شێوه‌یه‌ی ئێستا و به‌ یه‌كپارچه‌یی بۆ چه‌ند ساڵێكی تر، به‌ بۆچوونی ئێوه‌ چیی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌ و، چ ئاینده‌یه‌ك چاوه‌ڕوانی گه‌لان و پێكھاته‌ جیاوازه‌كانی عێراق ده‌كات؟ 


مه‌سروور بارزانی: عێراق له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی ھه‌ڵه‌ و دوور له‌ خواست و ویستی خه‌ڵكی كوردستان دروست كراوه‌، به‌زۆرلكاندنی نه‌ته‌وه‌ و وڵاته‌كان پێكه‌وه‌، ته‌نیا كێشه‌ و شه‌ڕ و ناخۆشی به‌رھه‌م دێنێت. ھه‌ر وه‌ك بینیومانه‌، تا ئێستا عێراق چۆن بووه‌، بۆ له‌مه‌ودوایش باشتر نابێت. كه‌واته‌ ئه‌و عێراقه‌ یه‌كگرتووه‌ی باسی ده‌كه‌ن، شتێك نییه‌ ھه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ بوونی ھه‌بووبێت، تا ئێستا خه‌م له‌ جیابوونه‌وه‌ی بخۆن. ھه‌ر به‌شێكی عێراق بخوازێت به‌یه‌كگرتوویی بمێنێته‌وه‌ و خۆیان ئه‌وه‌یان پی خۆش بێت، پیرۆزیان بێت، به‌ڵام كه‌س به‌زۆر ناتوانێت تاھه‌تایه‌ له‌ عێراقێكدا بمانھیڵێته‌وه‌ كه‌ جگه‌ له‌ نه‌ھامه‌تی و كاره‌سات و چه‌وساندنه‌وه‌، ھیچی تری نه‌بووه‌ بۆ گه‌له‌كه‌مان. ئه‌م عێراقه‌ به‌م شێوه‌یه‌ قه‌ت سه‌ركه‌وتوو نابێت. جیا له‌ كوردستان، به‌شه‌كانی تری عێراق و به‌تایبه‌تی سوننه‌ و شیعه‌ یه‌كگرتوو نین تا بڵێن كوردستان ده‌بێ به‌شێك بێت له‌ عێراقی یه‌كگرتوو. عێراقی یه‌كگرتوو وجوودی نه‌ماوه‌ و له‌ ڕووی پراكتیكییه‌وه‌ په‌رت بووه‌. ته‌نیا رێگایه‌ك كه‌ ماوه‌ ئه‌وه‌یه‌ یه‌كتر قبووڵ بكه‌ین وه‌ك دراوسێیی یه‌كسان و دۆستی یه‌كتر و ھه‌ر یه‌كه‌مان وڵاتی خۆمانمان ھه‌بێت.
باس: ئه‌و وڵاتانه‌ی كه‌ دۆستی كوردستانن، چ به‌ ڕه‌سمی و چ له‌ دیداری تایبه‌تدا، پشتیوانیی خۆیان بۆ ریفراندۆمی كوردستان لای ئێوه‌ ده‌ربڕیوه‌، داوای چیتان لێ ده‌كه‌ن، ده‌خوازن ئه‌گه‌ر كوردستان ببێته‌ ده‌وڵه‌ت، ده‌وڵه‌تێكی چۆن بێت؟


مه‌سروور بارزانی: ھه‌موو ئه‌و وڵات و لایه‌نانه‌ی پشتیوانی سه‌ربه‌خۆییی كوردستانن، خۆشحاڵیی خۆیان به‌ پێكه‌وه‌ژیانی نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی له‌ كوردستان ده‌رده‌بڕن، ھه‌روه‌ھا ده‌ستخۆشیی ھه‌وڵی بنیاتنانی دیموكراسی له‌ كوردستان ده‌كه‌ن. سه‌رسامیی خۆیان به‌ ئاسایش و ئارامیی كوردستان ده‌رده‌بڕن و رێز و پێزانینی زۆریان ھه‌یه‌ بۆ پێشمه‌رگه‌. له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ ئه‌وان له‌و بڕوایه‌دان كه‌ كوردستان ده‌توانێت په‌ره‌ به‌ ئابووریی ناوچه‌كه‌ بدات و په‌یوه‌ندیی به‌ھێز و ستراتیجی دروست بكات له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاتانه‌. ئومێدیش ده‌خوازن كه‌ كوردستان ببێته‌ نموونه‌ی دیموكراسی و پێكه‌وه‌ژیانی ئایین و نه‌ته‌وه‌ جیاوازه‌كان.


باس: ھیچ گله‌ییه‌كی خۆتان به‌ ڕه‌سمی گه‌یاندووه‌ته‌ ئه‌و وڵاته‌ ئه‌ورووپاییانه‌ی ھه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ دژی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆییی كوردستان وه‌ستان، بۆ نموونه‌: ئه‌ڵمانیا كه‌ له‌ شه‌ڕی دژی داعشدا پشتیوانیی گرینگی ھێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانی كرد؟


مه‌سروور بارزانی: به‌ڵێ، ھه‌وڵمان داوه‌ ھۆكاری بڕیاری ریفراندۆم و ھه‌نگاونان به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی باس بكه‌ین، چونكه‌ ھه‌ڵوێستی دژایه‌تیی ریفراندۆم به‌ ناڕاست ده‌زانین. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ھه‌ستمان كردووه‌، له‌و وڵاتانه‌شدا لایه‌نی سیاسی ھه‌ن رای جیاوازیان ھه‌یه‌ و زۆریان پشتیوانی ئێمه‌ن.


باس: پشتیوانیی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ریفراندۆم تا چه‌ند به‌لای ئێوه‌وه‌ گرینگه‌؟ ئاخۆ ئێستا پشتیوانی گرینگه‌، یان ئه‌و كاته‌ی كه‌ ریفراندۆم سه‌ركه‌وت و كوردستان ده‌وڵه‌تی راگه‌یاند، گرینگتره‌؟


مه‌سروور بارزانی: ریفراندۆم پێویستی به‌ پشتیوانی یان مۆڵه‌تی ھیچ لایه‌نێك نییه‌، به‌ڵكوو بڕیاری خه‌ڵكی كوردستانه‌. به‌ڵام ئه‌گه‌ر پشتیوانیی نێوده‌وڵه‌تیی ھه‌بێت، بێگومان باش ده‌بێت. ئه‌وه‌ی زۆر گرینگه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ریفراندۆم به‌سه‌ركه‌وتوویی ئه‌نجام بدرێت، ریفراندۆم راپرسییه‌ و ئامانج لێی سه‌ربه‌خۆییه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ پشتیوانی بۆ سه‌ربه‌خۆیی زۆر گرنگ ده‌بێت.


باس: چۆن ده‌توانن توركیا و ئێران دڵنیا بكه‌نه‌وه‌، له‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان، له‌ زیانی ئه‌واندا نابێت، له‌ كاتێكدا، ھه‌ردوو وڵات به‌رژه‌وه‌ندیی زۆریان له‌گه‌ڵ ھه‌رێمی كوردستاندا ھه‌یه‌، نه‌خاسمه‌ به‌ره‌ژوه‌ندیی ئابووری و له‌ ھه‌ردوو وڵاتیش كێشه‌ی كورد ھه‌یه‌؟


مه‌سروور بارزانی: ھه‌موو دراوسێكانمان پێویسته‌ ئه‌وه‌ بزانن، كه‌ كوردستان جێی مه‌ترسی نییه‌ بۆ ھیچ كامیان، ئێمه‌ له‌ ماوه‌ی حوكمڕانیی ھه‌رێمی كوردستاندا، نیشانمان داوه‌ كه‌ سه‌رچاوه‌ی ھه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسی نین بۆ ھیچ لایه‌ك. به‌پێچه‌وانه‌وه‌ كاریگه‌ریی زۆرمان له‌سه‌ر بوژانه‌وه‌ی ئابووریی ئه‌و وڵاتانه‌ ھه‌بووه‌. له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌، بوونی ده‌وڵه‌تێكی كوردستانی، ده‌توانێت زۆر كاریگه‌ریی ئه‌رێنیی به‌سه‌ر ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی نێوان نه‌ته‌وه‌كان ھه‌بێت.


باس: وڵاته‌ عه‌ره‌بییه‌ خودان پێگه‌ به‌ھێزه‌كانی وه‌ك سعوودیه‌، میسر، ئه‌رده‌ن، ئیمارات، مه‌غریب، له‌گه‌ڵ دروستبوونی ده‌وڵه‌تی كوردستانی سه‌ربه‌خۆدا بن، تا ئێستا ھیچ ئاماژه‌یه‌كی پۆزه‌تیڤتان پێ گه‌یشتووه‌ له‌و وڵاتانه‌وه‌؟


مه‌سروور بارزانی: زۆر له‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی و كه‌سایه‌تیی عه‌ره‌ب ھه‌ڵوێستی ئه‌رێنییان ھه‌یه‌، رێز و پێزانینیان بۆ مافی چاره‌نووسی كوردستان ھه‌یه‌ و، پێیان وایه‌ ئه‌و پرسه‌ كێشه‌یه‌كی ناوخۆیی عێراقه‌ و پشتیوانیی چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تیی كێشه‌كان ده‌كه‌ن.


باس: باس له‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ ئه‌گه‌ر ریفراندۆم ئه‌نجام بدرێ، توركیا و ئێران سنووره‌كان له‌سه‌ر كوردستان داده‌خه‌ن و ئاو ده‌گرنه‌وه‌ و په‌یوه‌ندییه‌كانیان به‌ته‌واوی ده‌پچڕێنن، به‌ڕێزت چاوه‌ڕێی رووداوی له‌و شێوه‌یه‌ ده‌كه‌یت، ئاخۆ ئه‌و دوو وڵاته‌ به‌تایبه‌تییش توركیا، ھه‌نگاوی وه‌ھا ده‌ھاوێژن؟


مه‌سروور بارزانی: ھیوادارم بیر له‌و كردارانه‌ نه‌كه‌نه‌وه‌، چونكه‌ سوودی ھیچ لایه‌كی تێدا نییه‌ و نابێت. سه‌ربه‌خۆییی كوردستان شتێك نییه‌ تا سه‌ر ئینكار بكرێت. دراوسێكانشیمان شاره‌زاترن له‌وه‌ی بیر له‌ به‌رژه‌وه‌ندی و په‌یوه‌ندیی داھاتووی خۆیان نه‌كه‌نه‌وه‌.


باس: چۆن گه‌ره‌نتیی سه‌ركه‌وتنی ریفراندۆم له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی ھه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن؟ چ دڵنیاییه‌كتان ھه‌یه‌ له‌مباره‌یه‌وه‌؟


مه‌سروور بارزانی: خۆتان ده‌ڵێن ناوچه‌ كوردستانییه‌كان، كه‌واته‌ دڵنیایی ئێمه‌، كوردستانیبوونی ئه‌و ناوچانه‌یه‌ له‌ رووی مێژوویی، جیۆگرافی و دیمۆگرافییه‌وه‌. ھه‌روه‌ھا به‌شداری و پشتیوانیی خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه‌، دڵنیایی زیاترمان پێ ده‌دات، به‌تایبه‌ت كه‌ ئه‌و سنوورانه‌ له‌لایه‌ن ھێزی پێشمه‌رگه‌وه‌ پارێزراون یان رزگار كراون.


باس: ئێستا ھه‌رێمی كوردستان به‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ھه‌رێمیشه‌وه‌، جگه‌ له‌ كوردی موسڵمان، چه‌ندین پێكھاته‌ی نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی و مه‌زھه‌بیی دیكه‌ی تێدا ده‌ژی، وه‌ك توركمان، ئاشووری، كلدانی، ئه‌رمه‌نی، عه‌ره‌ب (شیعه‌ - سوننه‌)، كوردی ئێزدی، كوردی فه‌یلی، كوردی كاكه‌یی، كوردی شه‌به‌ك، كوردی زه‌رده‌شتی، مه‌ندایی، جوو، به‌ھایی... ھتد، ئێوه‌ چۆن ھه‌موو ئه‌و پێكھاتانه‌ دڵنیا ده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ له‌ سایه‌ی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستاندا، ھه‌موو مافه‌كانیان پارێزراو ده‌بێت و كوردستان ده‌وڵه‌تی ھه‌مووان ده‌بێ؟ چ په‌یامێكتان ھه‌یه‌ بۆ ئه‌و پێكھاتانه‌ تا به‌شداریی ریفراندۆم بكه‌ن و به‌ (به‌ڵێ) ده‌نگ بده‌ن؟ 


مه‌سروور بارزانی: ریفراندۆم بۆ كوردستان و ھه‌موو پێكھاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئایینییه‌كانه‌. پێشتریش سه‌رۆك بارزانی، له‌ ده‌ستووری عێراقدا داكۆكیی له‌ مافی نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی پێكھاته‌ جیاوازه‌كانی كردووه‌. بێگومان له‌ ده‌وڵه‌تی كوردستانی سه‌ربه‌خۆیشدا، رێز له‌ ھه‌موو مافێكیان ده‌گیرێت، مافی ھاووڵاتیبوون به‌ یه‌كسانی بۆ ھه‌موو لایه‌ك ده‌سته‌به‌ر ده‌كرێت و جیاوازیی نابێت. ھیواداریشم ئه‌و پێكھاتانه‌ وه‌ك خه‌ونی ھاوبه‌شی ھه‌موو كوردستانییان پێكه‌وه‌، به‌شدار بن و پشتیوانیی ریفراندۆم بكه‌ن و له‌ ده‌ستووری ھه‌میشه‌ییی كوردستانی سه‌ربه‌خۆدا، به‌ ھه‌موو مافه‌كانیان شاد بن.


باس: ھه‌ندێ جار گوێمان لێ ده‌بێت، باس له‌ دواخستنی واده‌ی ریفراندۆم ده‌كرێ، ده‌مانه‌وێ به‌ ڕاشكاوی رای به‌ڕێزتان و رای پارتی دیموكراتی كوردستان بزانین، ئایا ئێوه‌ له‌ژێر ھیچ گوشار و داوا و بارودۆخێكدا، ئاماده‌ن به‌ دواخستنی واده‌ی ریفراندۆم رازی بن؟


مه‌سروور بارزانی: دواخستنی ریفراندۆم به‌ كارێكی ھه‌ڵه‌ ده‌زانم. له‌پێناو چی و بۆ چی دوابخرێت؟ گه‌ر دوابخرێت چیی ده‌گۆڕێت؟ له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی كێ دوابخرێت؟ پێموایه‌ له‌ده‌ستدانی كات له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی ئێمه‌دا نییه‌، ئه‌وانه‌ی دژی ریفراندۆم كار ده‌كه‌ن، ده‌توانن كێشه‌ی زیاتر دروست بكه‌ن، ھه‌ر ئه‌وانه‌ش دواتر په‌لاماری پشتیوانانی ریفراندۆم ده‌ده‌ن كه‌ دوایانخستووه‌ و نه‌یانتوانیوه‌ ئه‌نجامی بده‌ن. ئه‌گه‌ر به‌دیلێكی باشتر نه‌بێت، بۆچی ریفراندۆم دوا بخه‌ین؟


باس: چه‌ند جارێك ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ كراوه‌ كه‌ مه‌رج نییه‌ له‌گه‌ڵ ریفراندۆم گه‌رماوگه‌رم سه‌ربه‌خۆیی رابگه‌یه‌نرێت، رێڕه‌وی رووداوه‌كانیش گۆڕانكاریی خێرا به‌خۆوه‌ ده‌بینن، ئایا مه‌ترسیی ئه‌وه‌ نییه‌ له‌نێوان راگه‌یاندنی دوائه‌نجامی ریفراندۆم و راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆییدا، ھه‌ندێ ئاسته‌نگ بێنه‌ پێشه‌وه‌ و ھه‌نگاوه‌كانی سه‌ربه‌خۆیی په‌ك بخه‌ن؟


مه‌سروور بارزانی: ئه‌گه‌ر ئیراده‌ی گه‌له‌كه‌مان به‌ھێز بێت و بڕیار له‌ سه‌ربه‌خۆیی بدات، نه‌ كات و نه‌ كه‌س ناتوانێ رێگر بێت. گفتوگۆی دوای ریفراندۆم پێویسته‌ بۆ شێوازی جێبه‌جێكردن بێت و تا بكرێت ھه‌وڵی رێڕه‌وی ئاشتیانه‌ بده‌ین. ھه‌ڵوێستی عێراق گرینگ ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ی و به‌ چ شێوه‌یه‌ك بڕیاری سه‌ربه‌خۆیی بدرێت. ھیوادارم عێراق به‌ شێوه‌یه‌كی ئه‌رێنی پێشوازی له‌ بڕیاری گه‌له‌كه‌مان بكات.


باس: ھه‌ڵوێستی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كه‌ ھاوبه‌شی پارتییه‌ له‌ حكوومه‌تدا، له‌ ئاست پرسی ریفراندۆم چۆن ده‌خوێننه‌وه‌؟


مه‌سروور بارزانی: چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ین یه‌كێتی به‌ ھه‌موو لایه‌نه‌ جیاوازه‌كانیه‌وه‌ به‌ كردار پشتیوان و پاڵپشتی ریفراندۆم بێت.


باس: ھه‌وڵه‌كانتان له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵی ئیسلامی، تا بێته‌ ناو به‌ره‌ی لایه‌نگرانی ریفراندۆمه‌وه‌، گه‌یشته‌ كوێ و چاوه‌ڕوانی چی ده‌كه‌ن؟


مه‌سروور بارزانی: پێمان خۆشه‌ ھه‌موو لایه‌ك خۆیان به‌ خاوه‌نی ریفراندۆم بزانن و پشتیوانی بكه‌ن و، بیر له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی كوردستان بكه‌نه‌وه‌.


باس: چ گه‌ره‌نتییه‌كتان ھه‌یه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر په‌رله‌مانی كوردستان كارا كرایه‌وه‌، پرسی ریفراندۆمیش به‌ ده‌ردی ده‌ستووری كوردستان نابرێ له‌ په‌رله‌مان؟


مه‌سروور بارزانی: به‌ڕاستی ده‌بێ خه‌ڵكی كوردستان گه‌ره‌نتی بێت و چیتر ڕێگه‌ نه‌دات ھیچ پێكھاته‌یه‌كی سیاسی یاری به‌ چاره‌نووسی بكات.


باس: حزبه‌كانی پارچه‌كانی تری كوردستان، بۆ نموونه‌ ھه‌ده‌په‌ و حزبه‌كانی دیكه‌ی باكوور، كه‌ پشتیوانییان بۆ ریفراندۆم ده‌ربڕیوه‌، ھه‌روه‌ھا حزبه‌كانی رۆژھه‌ڵاتی كوردستان و زۆربه‌ی حزبه‌كانی رۆژئاوای كوردستانیش، پشتیوانیی خۆیان بۆ ریفراندۆم ده‌ربڕیوه‌، ئه‌م ھه‌ڵوێستانه‌ چ كاریگه‌رییه‌كی ئیجابییان ھه‌یه‌ له‌سه‌ر سه‌ركه‌وتنی ریفراندۆم؟


مه‌سروور بارزانی: ده‌ستخۆشییان لێ ده‌كه‌ین و ھه‌ر ئه‌وه‌شیان لی چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین. پشتیوانیی ئه‌وان بۆ ئێمه‌ ھێز و توانایه‌، ھه‌روه‌ھا دڵنیاییشه‌ بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ی لێی ده‌ژین كه‌ كوردستان دراوسێیه‌كی باش ده‌بێت بۆیان.


باس: له‌ دوای دیاریكردنی ٢٥ـی ئه‌یلوول به‌ رۆژی ریفراندۆم، له‌ كوردستان دوو گرووپ له‌ نه‌یاران ده‌نگیان به‌رز كردووه‌ته‌وه‌، ھه‌ندێكیان زۆر به‌توندی دژی ته‌نانه‌ت ئه‌نجامدانی ریفراندۆمن و له‌ میدیاكانه‌وه‌ ھه‌ڵمه‌تی (نه‌خێر بۆ ریفراندۆم) یان راگه‌یاندووه‌، گرووپێكی تریش ھه‌یه‌، له‌به‌ر ھه‌ندێ مه‌ترسی به‌ لێكدانه‌وه‌ی خۆیان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نین كوردستان سه‌ربه‌خۆیی رابگه‌یه‌نێ، لای ئێوه‌ ھیچ جیاوازییه‌ك له‌نێوان ئه‌م دوو گرووپه‌دا ھه‌یه‌؟ ئه‌گه‌ر ھه‌یه‌ چین ئه‌و جیاوازییانه‌؟


مه‌سروور بارزانی: ھه‌ر بیانوویێك بۆ دژایه‌تیی ریفراندۆم ھه‌بێت كارێكی خراپ و بێ بنه‌مایه‌ و دژی به‌رژه‌وه‌ندیی وڵات و گه‌له‌كه‌مانه‌. له‌وانه‌یه‌ ھه‌ندێك له‌وانه‌ی دژایه‌تیی ده‌كه‌ن، مه‌به‌ستیان پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیی بارزرگانی یان سیاسیی خۆیان بێت له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق یان وڵاتێكی تر، چونكه‌ ھه‌موو ئومێدێكی مانه‌وه‌یان له‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌دا ده‌بیننه‌وه‌. به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌، له‌ ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستاندا ھه‌ست به‌ دۆڕاندنی كه‌سایه‌تی و له‌ناوچوونی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ته‌سكه‌كانی خۆیان ده‌كه‌ن. ھه‌ندێكیشیان له‌وانه‌یه‌ به‌رگه‌ی گوشار و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ نه‌گرن و ترسیان لێ نیشتبێت و بڕوایان به‌ گه‌لی كوردستان نه‌بێت و، جۆره‌ ژیانێكی ژیرده‌سته‌ییان پی باشتر بێت له‌ ژیانێكی سه‌ربه‌رز و سه‌ربه‌ست. ترس گه‌وره‌ترین ھۆكاری شكسته‌، ھه‌میشه‌ ترسنۆكه‌كان به‌دوای بیانوودا ده‌گه‌ڕێن، چونكه‌ ناتوانن له‌ ریزی دڵسۆزان و فیداكارانی وڵاتدا بوه‌ستن.


باس: چۆن خه‌ڵكی كوردستان له‌وه‌ دڵنیا ده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ به‌ ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی، موجازه‌فه‌ به‌ چارنووسیانه‌وه‌ ناكرێت و خه‌ڵكی كوردستان و كوردستان دوای سه‌ربه‌خۆیی، ده‌ستكه‌وتی گه‌وره‌یان ده‌بێت؟


مه‌سروور بارزانی: گه‌وره‌ترین موجازه‌فه‌ ئه‌وه‌یه‌ ژێرده‌ست بیت، مێژوو شاھیده‌ چیمان به‌سه‌ر ھاتووه‌. كاتێ گه‌لی ئێمه‌ جینۆساید، كیمیاباران، ئه‌نفال، ده‌ربه‌رده‌ر و زیندانی ده‌كراین، خاوه‌نی وڵاتی خۆمان نه‌بووین بۆیه‌ كه‌س به‌ ھانامانه‌وه‌ نه‌ده‌ھات. به‌ڵام ھه‌ركاتێ وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ بین، به‌پێی یاسای نێوده‌وڵه‌تی، ھه‌ر جۆره‌ ھه‌ڕه‌شه‌یه‌ك بۆ سه‌ر كوردستان په‌رچه‌كرداری نێوده‌وڵه‌تیی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌. له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌، كوردستانی سه‌ربه‌خۆ ده‌توانێت به‌پێی پێویستی و به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی، بڕیار له‌ سیسته‌می به‌رگری، ئابووری و په‌یوه‌ندییه‌ دیپلۆماسییه‌كانی خۆی بدات. كام وڵاتی سه‌ربه‌خۆ وازی له‌ سه‌ربه‌خۆیی ھێناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی موجازه‌فه‌ نه‌كات؟ ئه‌گه‌ر ھه‌وڵدان بۆ سه‌ربه‌خۆیی موجازه‌فه‌ بێت، به‌دڵنیاییه‌وه‌ ژێرده‌سته‌یی كاره‌ساته‌.


باس: ئه‌زموونی حوكمڕانیی ھه‌رێمی كوردستان و شێوازی ئیداره‌دانی له‌ ماوه‌ی بیست و شه‌ش ساڵی رابردوودا، زۆر جار ره‌خنه‌ و گله‌یی و ته‌نانه‌ت توڕه‌بوونیشی له‌ناو خه‌ڵكدا دروست كردووه‌، نه‌خاسمه‌ له‌ بواری دارایی و بوونی گه‌نده‌ڵی و ھه‌ندێ كه‌موكوڕیی تر له‌ بواری خزمه‌تگوزاریدا، چ دڵنیاییه‌ك ھه‌یه‌ كه‌ ئه‌زموونی حوكمڕانیی دوای سه‌ربه‌خۆیی، به‌ كه‌موكوڕییه‌كانی ھه‌مان ئه‌زموونی پێش ئه‌و قۆناخه‌ درێژه‌ی نابێت؟


مه‌سروور بارزانی: كه‌س ناتوانێت نكووڵی له‌وه‌ بكات كه‌ كه‌موكورتی له‌ حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستاندا ھه‌بووه‌، به‌ڵام ده‌ستكه‌وت و پێشڤه‌چوونیش ھه‌بووه‌. خۆیشمان زۆر جار ره‌خنه‌مان له‌ شێوازی ئیداره‌دان و به‌تایبه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی كه‌رتی ئابووری ھه‌بووه‌. ململانێی حزبییش كاریگه‌ریی خراپی به‌سه‌ر ئه‌دای حكوومه‌ته‌وه‌ ھه‌بووه‌. حكوومه‌تی ھه‌رێم له‌ ھه‌ندێك شوێن ته‌نانه‌ت بڕیاریشی به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌بووه‌. له‌ وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆدا، ئه‌ركی حكوومه‌ت پێویسته‌ پاراستنی وڵات و خۆشگوزه‌رانیی ھاووڵاتیان بێت. له‌ ھه‌مووی گرنگتر ده‌ستتێوه‌ردانی وڵاتانی تر له‌ كاروباری ناوخۆدا نامێنیت، كه‌ زۆر جار ھۆكاری سه‌ره‌كیی خراپبوونی بارودۆخی ناوخۆ بووه‌. ھه‌روه‌ھا له‌ ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆدا ده‌توانین بڕیار له‌سه‌ر ده‌ستوورێك بده‌ین، كه‌ تیایدا به‌رژه‌وه‌ندیی كوردستان له‌ سه‌روو ھه‌موو شتێكه‌وه‌ بێت و چیتر مه‌جبوور نه‌بین پابه‌ندی به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵكی تریش بین. پێم وایه‌ له‌ ده‌ستووری ھه‌میشه‌ییی ده‌وڵه‌تی كوردستاندا، ھه‌موو ریكارێك ده‌گرینه‌ به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م كه‌موكورتییانه‌ نه‌ھێڵین و وڵاتێكی پیشكه‌وتوو دابمه‌زرێنین. 


باس: له‌وباوه‌ڕه‌دان له‌ ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆییی كوردستاندا، له‌ سلێمانی ده‌نگی (نه‌خێر) زۆرتر بێت وه‌ك ھه‌ندێ له‌ میدیاكان وای بۆ ده‌چن؟


مه‌سروور بارزانی: له‌و بڕوایه‌دا نیم. پێم وایه‌ خه‌ڵكی دڵسۆز و نیشتمانپه‌روه‌ر له‌ سلێمانی، قه‌ت رێگه‌ ناده‌ن مێژووی شاره‌كه‌یان شه‌رمه‌زار بكه‌ن.


باس: وه‌ك به‌رپرسی باڵای ئه‌منیی كوردستان، له‌ به‌ڕێزتان ده‌پرسم: مه‌ترسییه‌كانی داعش له‌سه‌ر كوردستان كۆتاییان پێ ھاتووه‌ یان نزیكه‌ كۆتایین، یان ھه‌ر به‌رده‌وامن؟


مه‌سروور بارزانی: داعش له‌ ڕووی سه‌ربازییه‌وه‌ به‌ره‌و داڕمان ده‌ڕوات، به‌ڵام بیری توندڕۆییی داعش ئاسته‌مه‌ وا زوو بنبڕ بكرێت. له‌مه‌ودوایش مه‌ترسیی داعش یان ھاوشێوه‌كانی داعش، ھه‌ر ده‌مێنن، به‌ڵام له‌وانه‌یه‌ له‌ ئاستێكی كه‌متردا بن و شێوازی مه‌ترسییه‌كان ده‌گۆڕێن.


باس: ئاینده‌ی حه‌شدی شه‌عبی له‌ عێراقدا چۆن ده‌بینن؟


مه‌سروور بارزانی: ئه‌مه‌ بابه‌تێكی عێراقییه‌، پێم وایه‌ حكوومه‌تی عێراق په‌ره‌ به‌ حه‌شدی شه‌عبی ده‌دات، وه‌ك كۆڵه‌كه‌یه‌كی گرینگ بۆ پاراستنی سیسته‌می حوكمڕانیی عێراق.


باس: به‌ درێژاییی خه‌باتی ٥٠ ساڵی رابردوو، به‌ڕێز مه‌سعوود بارزانی وه‌ك ئایكۆنێك بۆ سه‌ربه‌خۆییی كوردستان ھه‌ڵكه‌وتووه‌، وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی، دۆزی كورد گرێدراوی بۆچوون و تێڕوانینی ئه‌و بووه‌، ھه‌ر ئه‌مه‌ش وای كردووه‌ كه‌ ھه‌ندێ جار ره‌خنه‌ له‌ پارتی بگیرێت كه‌ ئه‌و ئایكۆنه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ وه‌ك كاراكته‌رێكی حزبی پیشان ده‌دات، ئه‌م ره‌خنه‌یه‌ له‌ جێی خۆیدایه‌؟


مه‌سروور بارزانی: پارتی شانازی به‌ ھه‌بوونی سه‌رۆك بارزانی و مێژووی خه‌بات و ده‌ستكه‌وت و رێبه‌رایه‌تیی ده‌كات. باوه‌ڕ ناكه‌م وه‌ك ده‌گوترێت پارتی وای كردبێت بارزانی وه‌ك كاراكته‌رێكی حزبی پیشان بدات. نموونه‌ش ئه‌وه‌یه‌ له‌ناو زۆربه‌ی خه‌ڵكی كوردستان له‌ ھه‌موو به‌شه‌كانی كوردستاندا، سه‌رۆك بارزانی وه‌ك ره‌مز و رێبه‌ری نه‌ته‌وه‌یی قبووڵ كراوه‌.


باس: وه‌ك به‌رپرسێكی باڵای پارتی له‌ به‌ڕێزتان ده‌پرسم: گریمان پرۆسه‌ی ریفراندۆم به‌ ده‌نگی (به‌ڵێ) سه‌ركه‌وت و دواتر كوردستان ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی راگه‌یاند، ئه‌وكات پارتی ده‌بێته‌ حزبێكی چۆن؟ ئاخۆ به‌م ھه‌یكه‌لیه‌ته‌ و به‌م شێوازی حزبایه‌تیكردنه‌ی ئێستای و به‌م دروشم و مه‌نھه‌ج و په‌یڕه‌وه‌یه‌وه‌ ده‌مێنێ، یان گۆڕانكاری له‌ خۆیدا ده‌كات؟ یان ده‌كرێ بپرسم زورووره‌تی مانه‌وه‌ی حزبێكی وه‌كوو پارتی، دوای سه‌ربه‌خۆیی له‌ چیدا ده‌بێت؟


مه‌سروور بارزانی: پارتی له‌ ھه‌موو قۆناغ و سه‌رده‌مه‌كاندا خۆی ده‌گونجێنێت، تا ئێستا له‌ ھه‌موو ئه‌ركه‌كانیدا سه‌ركه‌وتوو بووه‌ و مامه‌ڵه‌ی بابه‌تییانه‌ی له‌گه‌ڵ رووداوه‌كاندا كردووه‌. له‌ ده‌وڵه‌تی كوردستانیشدا، پێویسته‌ له‌گه‌ڵ ھه‌لومه‌رجه‌ نوێیه‌كاندا خۆی بگونجێنێت، كه‌ دڵنیام وایش ده‌كات. ئه‌رك و ئه‌جێندای پارتی دوای ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ، به‌رھه‌مھێنانی سیسته‌مێكی پێشكه‌وتوو ده‌بێت بۆ ئاوه‌دانی و بونیاتنانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی پێشكه‌وتوو و دیموكرات و ئابوورییه‌كی به‌ھێز و وڵاتێكی سه‌قامگیر، كه‌ ئاشته‌واییی نیشتمانی و پێكه‌وه‌ژیانی ئایینی و نه‌ته‌وه‌یی تێدا به‌رجه‌سته‌ بێت و ده‌ستكه‌وته‌ نیشتمانییه‌كانی تێیدا پارێزراو بن.

كوردستان TV

دیدی رۆژنامه

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.