Erbil 15°C یەکشەممە 05 ئایار 13:54

 تاڵیبان بەکارهێنانی دراوە بیانییەکانی له‌ ئەفغانستان قەدەغە کرد

کوردستان TV
100%

بیلال کەریمی ، یاریدەدەری گوتەبێژی تاڵیبان، لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان ئەوەی ئاشکرا کرد کە بەهۆی رەوشی ئابووری ئەفغانستان و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان داواکارن لە سەرجەم هاووڵاتییان کە تەنها بە دراوی ئەفغانی مامەڵە بکەن.

بیلال کەریمی ئەوەشی خستەڕوو کە داوایان کردەوە لە بازرگانیشدا دراوی بیانی بەکارنەیەت، چونکە ئەو دراوانە کاریگەری نەرێنییان لەسەر ئابووری هەبووە و زیانیان بە خەڵک گەیاندووە.

لە لایەکی دیکەشەوە بانکی ناوەندیی ئەفغانستان لە 15ی ئەیلوولدا، بانگەوازێکی ئاراستەی هاووڵاتییان کرد و داوای لێکردن دراوی ئەفغانی بەکاربهێنن.

دوای ئەوەی بزووتنەوەی تاڵیبان شاری کابول پایتەختی ئەفغانستانی کۆنترۆڵ کرد، بانکەکان بۆ ماوەی دوو هەفتە بەداخراوی مانەوە و ئەمەش بووە هۆی کەمی نەختینە.

دوای رووخانی حکوومەتی فەرمی ئەو وڵاتەش بەهای دۆلار بەرامبەر بە ئەفغانی سەدا 15 زیادی کرد و ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە نرخی شتومەک زیاد ببێت.

بەهۆی گرفتی نەختینە، هاووڵاتییان دەتوانن هەفتانە ئەوپەڕی 20 هەزار ئەفغانی (نزیکەی 200 دۆلار) لە بانک رابکێشن.

لە لایەکی دیکەشەوە بانکی جیهانیی، سندوقی دراوی نێودەوڵەتیی و بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە ماوەی رابردوودا پەیوەندی نێوان ئەفغانستان و بانکە نێودەوڵەتییەکانیان پچڕاند.

لە هەمان کاتدا زۆرێک لە وڵاتانی جیهان داننان بە حکوومەتی تاڵیبان رەتدەکەنەوەوچاودێرانیش هۆشداری لەوە دەدەن کە ئەفغانستان بەخێرایی بەرەو قەیرانێکی ئابووریی گەورە دەچێت.

پێشتریش حکوومەتی واشنتۆن، پارەی حکوومەتی ئەفغانستانی لە بانکەکانی ئەمریکادا بلۆک کرد بوو.

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.