Erbil 15°C ھەینی 29 ئازار 09:22

شاخەوان عەبدوڵڵا: بەڵگەی تەواومان لایە کە کادیران و ئەندامی دەزگای ئەمنی لایەنێک پشێوی و ئاژاوەی لە کەرکووک دروستکردووە

کوردستان TV
100%

کاندیدی سەرکەوتووی پارتی لە کەرکووک ڕایگەیاند، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەسەر هێڵن بۆ چارەسەرکردنی ئەو پشێویەی کەرکووک.

ئەمڕۆ چوارشەممە 13ـی تشرینی یەکەمی 2021، شاخەوان عەبدوڵڵا کاندیدی سەرکەوتووی پارتی لە کەرکووک کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی سەبارەت بە دۆخی کەرکووک سازکرد و ئاشکرای کرد سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەت لەسەر هێڵن بۆ چارەسەرکردنی دۆخی کەرکووک.

شاخەوان عەبدوڵڵا لە کۆنگرەکەدا گوتی: لەکاتی ئاهەنگێڕانی ئەندام و لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک چەند گێرەشێوێنێک لەلایەن لایەنێکی دیکە کە بەرگەی دۆڕانییان نەکرد خۆیان خزاندە نێو ئاهەنگەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پشێوی دروستکردن و تێکدانی ئاهەنگەکە.

هەروەها شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی: هیچ کاتێک بێ بەڵگە قسەمان نەکردووە و بەڵگەی تەواومان لایە و ڕادەستی لایەنی پەیوەندیداری دەکەین کە بەشێک لە کادیر و ئەندامانی دەزگا ئەمنییەکانی لایەنێک خۆیان خزاندووەتە نێو ئاهەنگی ئەندامان و لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردستان، چەکییان بەرانبەر خەڵکی مەدەنی و هێزەکان بەکارهێناوە بۆ دروستکردنی پشێویی و تێکدانی دۆخی کەرکووک.

هەروەها گوتیشی:ئەو دۆخە چارەسەر دەکرێت و جارێکی دیکە ڕێگە نادرێت شتێکی لەم جۆرە دووبارەببێتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندیدان بۆ چارەسەرکردنی بارودۆخی کەرکووک.

شایەنی باسە، کەمێک بەر لە ئێستا سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەنجامدا و بڕیاردرا بە ئازادکردنی هەموو دەستگیرکراوان و ئارامکردنەوەی بارودۆخی کەرکووک.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.