ئێوارەی دوێنێ یەكشەممە ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار دروستكردنی فەرمانگەیەكی تایبەت بە تاپۆكردنی زەوییە كارتەكانی شاری هەولێری ڕاگەیاند و جەختیشی كردەوە بەمزووانە سەرجەم زەوییە كارتەكان دەكرێنە سەنەد. لەمبارەیەوە سەرۆكی شارەوانیی هەولێر وردەكاری لەبارەی ژمارە و تاپۆكردنی ئەو زەوییانە دەخاتەڕوو.
ئەندازیار عەبدولواحید ئەحمەد سەرۆكی شارەوانیی هەولێر، دەڵێ: لە هەولێر کۆی گشتیی کارتە دابەشکراوەکان 128 هەزارن و تاوەکو ئێستا 80 هەزاریان کراونەتە تاپۆ و ئێستا تەنیا 30 هەزار كارتمان ماون تاپۆ بكرێن.
لەبارەی قەرەبووی گوندی کۆری، دەڵێ: چوار هەزار و 200 تاپۆن و نزیکەی دوو ھەزار و 400 یان وەک قۆناغی یەکەم تەواو بوون. هەروەها 10 هەزار و 15 کارتی دیکەشمان هەیە کە لە تاپۆکانی یەک و دووی هەولێرن و چاوەڕێین تاپۆكانمان بۆ بگەڕێتەوە، سەبارەت بە گەڕەکی ژین، ڕاشیگەیاند: ژمارەیان سێ هەزار زەویی کارتن و چاوەڕێی تاپۆکردنین، كە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێرە. گوتیشی: لە باغەمرەی شەهاب، زیاتر لە 25 هەزار زەویی کارتمان هەبوو کە نزیکەی 20 هەزار کارتمان تەواو کردوون، ئێستا نزیکەی پێنج تا شەش هەزار کارتمان ماوەتەوە و ئەوانیش كاریان لەسەر دەكەین.
سەرۆكی شارەوانیی هەولێر گوتیشی: ئەو گەڕەکانەی كە لە سنووری ئێمەدان و کارمان لەسەرمان کردووە، ئەوانیش: گەڕەکەکانی بەختەوەری، باغەمرەی شەهاب، باخولمنارە، گردجووتیار، سێبەردان، کانی قڕژاڵە و چەندین شوێنی دیکەن، کاریان لەسەر دەکەین و پەیتا پەیتا کارەکانیان بەرەو دوایی دەڕوات، ئەو گەڕەکانەیشی خزمەتگوزارییان پێ نەگەیشتووە لە زووترین کاتدا ئاو و ئاوەڕۆ و شەقامیان پێدەگەیەنین.
دانانی ههواڵ - شوان عهزیز
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.