پێش نیوەڕۆى ئەمڕۆ پێنجشەم، ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر لەسەر قەڵاى هەولێر پێشوازى لە خاتوو جێنیڤەر گاڤیتۆ یاریدەدەرى جێگرى وەزیرى دەرەوەى ئەمڕیکا بۆ کاروبارى عێراق و ڕۆبەرت پالەدینۆ کۆنسوڵى گشتیى ئەمریکا لە هەولێر و شاندێکى یاوەریان کرد.
لەسەرەتاى دیدارەکەدا یاریدەدەرى جێگرى وەزیرى دەرەوەى ئەمڕیکا بۆ کاروبارى عێراق، خۆشحاڵى خۆى بەسەردانیکردنى بۆ هەولێر و بەشداریکردنى لە نۆژەنکردنەوەى قەڵاى هەولێر ڕاگەیاندن و سەرسامى خۆشى بە جوانى هەولێرى پایتەخت نیشان دا.
لای خۆیەوە پارێزگارى هەولێر وێڕاى بە گەرمى بەخێرهێنانى یاریدەدەرى جێگرى وەزیرى دەرەوەى ئەمڕیکا بۆ کاروبارى عێراق و کۆنسوڵى گشتیى ئەمریکا لە هەولێر و شاندى یاوەریان، ئومێدى خواست لەو ماوەیەى کە لە هەولێرى پایتەختن کاتەکانیان بە خۆشی بەسەر ببەن و تەئکیدى لەوەش کردەوە وەکو حکوومەتى هەرێمى کوردستان و پارێزگاى هەولێر سوپاسى پاڵپشتى و هاوکاری حکوومەتى ئەمریکا دەکەن لە نۆژەنکردنەوەى بەشێک لە قەڵاى هەولێر، لە پڕۆژەکانى داهاتووشیاندا بە تایبەتى لە دامەزراندنى سەنتەرى وەرگێڕانى منداڵان، هەموو هاوکارى و هەماهەنگى و ئاسانکاریان پێشکەش دەکرێت.
پاشان پارێزگارى هەولێر و یاریدەدەرى جێگرى وەزیرى دەرەوەى ئەمڕیکا بۆ کاروبارى عێراق و کۆنسوڵى گشتیى ئەمریکا لە هەولێر و شاندى یاوەریان گەشتێکیان بەنێو قەڵاى هەولێر کرد.
دواتر لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانى هاوبەشدا بۆ کەناڵەکان، خاتوو جێنیڤەر گاڤیتۆ ڕایگەیاند: وەکو شاندى حکوومەتى ئەمریکا خۆشحاڵین کە ئەمڕۆ بەشێکى دیکە لە کۆمەکى ئەمریکا ڕادەگەێنین بەبڕى 370 هەزار دۆلار بۆ دامەزراندنى سەنتەرى وەرگێڕانى منداڵان کە دەبێتە مایەى ڕێزگرتن و پەروەردەکردنى گەشتیارانى هەولێر لەسەر شێوازى کەلتوورى قەڵاى هەولێر، هەروەها بڕى 370 هەزار دۆلارى تر کە ڕەزامەندى لەسەر دراوە بۆ نۆژەنکردنەوەى حەمامى قەڵاى هەولێر کە سیمبوڵێکە لە قەڵا و دەبێتە مایەی سەرنجڕاکێشانى گەشتیاران، بەو کۆمەکانەى ئەمڕۆش کە ڕامانگەیاند حکوومەتى ئەمریکا کۆى گشتى ئەو کۆمەکانەى پێشکەشى کردووە بۆ نۆژەنکردنەوەى قەڵاى هەولێر دەگاتە بڕى ملیۆن و نیوێک دۆلار.
ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر ڕایگەیاند: خۆشحاڵین بەسەردانى ئەم شاندە بۆ شوێنى مێژووى ئێمە و شوێنى دوێنێ و ئایندەى خەڵکى کوردستان کە ئەویش قەڵاى هەولێرە کە سیمبوڵى بەرگریى و ژیان و مانەوە و بەردەوامبوونە، بەناوى حکوومەتى هەرێمى کوردستان و پارێزگاى هەولێر وێڕاى سوپاسمان بۆ حکوومەتى ئەمریکا و کونسوڵخانەى وڵاتەکەیان لە هەولێرى پایتەخت کە لەچوارچێوەی پڕۆژەکانیان بە گوژمەى ملیۆنێک و نیو دۆلاریان بۆ نۆژەنکردنەوەى بەشێک لە قەڵاى هەولێرتەرخانکردووە، بەدڵنیاییەوە ئەو پشتیوانییەى ئەوان بۆ ئێمە لە بیرنەکراوه و ماییەى پێزانین و هەنگاوێکى گرینگە بۆ ئەوەى هەمیشە قەڵاى هەولێر بەزیندووى بمێنێتەوە، بۆیە دووبارە بەناوى حکوومەتى هەرێم و پارێزگاى هەولێر و خەڵکى شارى هەولێر سوپاس بۆ حکوومەتى ئەمریکا بۆ ئەو پشتیوانییە و هاوکارییەى پێشکەشی دەکەن بۆ قەڵاى هەولێر.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.