بە ئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر، ئەمڕۆ لە چەند شوێنێکی سەر بە قایمقامیەتی قەزای دەشتی هەولێر بەردی بناغەی چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری دانرا.
ئەمڕۆ یەکشەممە 19ـی ئەیلوولی 2021 بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر بەردی بناغەی قیڕتاوکاردن و چاککردنی چەند ڕێگایەک لە بنەسڵاوە، دارەتوو، قوشتەپە و ڕێگەی نێوان مورتکە و لاجان دانرا، هەروەها چەند پڕۆژەیەکی دیکەی چاککردن و لێدانی بیر کاری لەسەر دەکرێت.
ئومێد خۆشناو لەو بارەیەوە لێدوانی بۆ کوردستان تیڤی دا و گوتی، بڕی دوو ملیار و سەد و هەژدە ملیۆن دینار لەسەر بووجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان بۆ ئەو پڕۆژانە تەرخانکراوە.
ڕاشیگەیاند، هاووڵاتییان دڵنیادەکەینەوە کە پڕۆژەکان بە شێوەیەک نابێت کە بەردی بناغەی بۆ دانرێت جێ بهێڵدرێت، بەڵکوو پڕۆژەکان بووجەیان بۆ تەرخانکراوە و پێویستە بەر لە وەرزی باران بارین پڕۆژەکان تەواوبکرێن، لە ئەگەرى تەواو نەکردنی پڕۆژەکان لەو وادەیەی کە بۆ بەڵێندەرەکان دیاریکراوە ئەوا سزا دەدرێن.
هەروەها ئومێد خۆشناو دەربارەی پڕۆژەی تەواوکردنی شەقامی 150ـیی گوتی، ڕێگەکە زۆر بەخێرایی کاری بۆ دەکرێت، بەتایبەت ڕیگەی کەسنەزان- شەقڵاوە، پێویستە پڕۆژەکە لەو وادەیە تەواو بکرێت کە بۆی دیاریکراوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.