لە گەڕی یەكەمی قۆناغی كۆمەڵەكانی چامپیۆنس لیگ و لە گڕوپی یەكەم و لە یارییەكی پڕگۆڵدا، یانەی مانچستەرسیتی پاڵەوانی وەرزی ڕابردووی خولی ئینگلتەراو دووەمی وەرزی ڕابردووی چامپیۆنس لیگ سەركەوتنێكی گەورەی بەدەستهێناو بە شەش گۆڵ بەرامبەر بە سێ گۆڵ لە یانەی لایپزیگی میوانی بردەوە.
لە خولەكی شازدەدا، ناتان ئاكی هۆڵەندی گۆڵێكی بۆ مان سیتی بەدەستهێنا، پاشان نۆردی موكیلی فەڕەنسی و بەرگریكاری لایپزیگ گۆڵی دووەمی میواندارەكانی لە خولەكی بیستوهەشت بە هەڵە لە گۆڵی تیپەكەی خۆی تۆماركرد.
لەو لاشەوە كریستۆفێر نكونكوی فەڕەنسی گۆڵێكی بۆ لایپزیگ لە خولەكی چل ودوو بەدەستهێنا، دواتر ناوبژیوان لێدانێكی سزای بۆ مان سیتی هەژماركردو لە جێبەجێ كردنی لێدانەكەدا، ڕیاز موحریزی جەزائیری گۆڵی سێیەمی سیتیزێنزی لە خولەكی چل وپێنج تۆماركردو گێمی یەكەم بەم ئەنجامە تەواوبوو.
لە گێمی دووەم و لە خولەكی پەنجاویەكدا، كریستۆفێر نكونكو گۆڵی دووەمی خۆی و لایپزیگی بەدەستهێنا، لەو لاشەوە یاریزان جاك گریلیش مان سیتی لە خولەكی پەنجاوشەش كردە خاوەنی گۆڵی چوارەم، لە خولەكی حەفتاوسێشدا، كریستۆفێر نكونكو گۆڵی سێیەمی خۆی و تیپی میوانی تۆماركردو بووە هاتریكی یاری، دوای دوو خولەكی دیكەش، جواو كانسێلۆی پۆرتوگالی گۆڵی پێنجەمی مان سیتی بەدەستهێنا، ئینجا گابریێل خیسوسی بەڕازیلی گۆڵی شەشەمی تیپی میوانداری لە خولەكی هەشتاوپێنج تۆماركردو كۆتایی بە كەرنەڤالی گۆڵەكانی یاریەكە هێنا، بەم ئەنجامەش مان سیتی بە بردنەوەیەكی گەورە دەستی بە ڕكابەریەكانی وەرزی نوێی چامپیۆنس لیگ كرد.
مانچستهر سیتی سهرکهوتنێکی گهورهی بهسهر لایپزیگ تۆمارکرد
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.