لەسەر بانگهێشتی فەرمیی سەرکردایەتیی پارتی سۆشیالیستی گەلی دانمارکی، شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری کۆلدینگ لە دانیمارک لە ڕۆژانی نێوان 11 – 12سیپتەمبەری 2021 بەشدارییان لە کۆنگرەی ساڵانەی پارتی سۆشیالیستی گەلی دانیمارکیدا کرد و لەسەر ناوی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیمۆکراتی کوردستاندا پیرۆزبایینامەیەکیان ئاراستەی کۆنگرەکە کرد.
لە پیرۆزبایینامەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک)دا بە ناوی ڕیزدار سەرۆک مەسعوود بارزانی و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی لە کوردستانەوە هیوای سەرکەوتنیان بۆ کۆنگرەی ساڵانەی پارتی سۆشیالیستی گەلی دانمارک خواستووە و سەرکەوتنی بەرچاوی پارتی ناوبراو لە هەڵبژاردنەکانی پیشووی پەرلەمانی ئەم وڵاتە و بەشداریی کارای ژمارەیەک لە چالاکوانانی سیاسیی کورد لە ڕیزەکانی ئەم پارتەدا کە تا ئاستی سەرکردایەتی ڕۆڵیان هەیە، بەرز نرخاندووە و هیوای گەشەپێدانی بەردەوام بۆ پارتی ناوبراو خۆشگوزەرانی و پێشکەوتنیان بۆ کۆمەڵگای دیموکراسیی دانیمارک لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ئەورووپی و جیهانی لە بواری ئاشتی و سەقامگیری و دیموکراسی لەسەر ئاستی نیودەوڵەتی بە هیوا خواستووە.
لە بەشێکی تری پیرۆزبایینامەی پارتی دیموکراتی کوردستاندا بۆ کۆنگرەکەدا هاتووە: پارتی سۆشیالیستی گەلی دانمارک کە لە 15/2/1959 دامەزراوە، خاوەنی مێژوو و ئەزموونێکی سەرکەوتووە لە حوکمڕانی لە وڵاتی دانمارک و پەیوەندییەکی دۆستانەی بەهێز لە نێوان پارتی سۆشیالیستی گەل و (پ.د.ک) دا هەیە و ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامان و چالاکوانانی سیاسیی کورد لە ڕیزی پارتی ناوبراو دا چاڵاکن و ڕەوەندی کوردستانی لە دانمارک توانیویانە بە باشترین شێوە خۆیان لەگەڵ کۆمەڵگا و ژینگەی سیاسی وڵاتەکەیان دا بگونجێنن و سوودبەخش بن لە بوارە جیاجیاکان دا. لیژنەی ناوچەی (پ.د.ک) لە کۆپنهاگن هەروا پەیوەندییەکانی نێوای هەردوو پارتی بردۆتە ئاستێکی باشەوە. ئێمە لە کوردستانەوە هیوای سەرکەوتن بۆ کۆنگرەکەتان دەخوازین و داوا کراوە کە سەرکردایەتیی هەردوو پارتی دۆست بە هۆی بەهێزی پەیوەندییەکانی نێوانیانەوە هاوکار بن بۆ دروستکردنی پردێکی پەیوەندی بەهێزتر لە نێوان وڵاتی دانمارک و هەرێمی کوردستاندا و پارتی سۆشیالیستی گەل و پارتی دیموکراتی کوردستان هەوڵەکان چڕتر بکەینەوە بۆ ئاڵوگۆڕی شاند و برەودان بە دیدار و چاوپێکەوتنەکان بۆ خزمەتی پێشکەوتنی هەردوو گەلی دۆست.
لە کۆنگرەکەدا، زانا ئەحمەد بە نوێنەرایەتیی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) بەشداری کۆنگرەکە بوو و نوینەری پارتی سۆسیالیستی کوردستانی باکوور و چەند چالاکوانێکی سیاسیی کورد هەروا ئامادەی کۆنگرەکە بوون و چەندین دیدار و چاوپیکەوتنیان لە بەشی میوانانی نیودەوڵەتیدا لەگەڵ ئەندامانی سەرکردایەتیی پارتی سۆشیالیستی گەل و میوانانی بانگهێشتکراوی کۆنگرەکە ئەنجام دا و باسی پرسی سیاسیی گەلی کورد و پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان و دۆخی وڵاتانی ناوچەکە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.