Erbil 18°C پێنجشەممە 09 کانوونی دووەم 15:24

لە هەولێر بەردی بناغەی چاککردن و قیڕتاوکردنی سێ پڕۆژە دانرا

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزیری شارەوانی لەگەڵ پارێزگاری هەولێر بەردی بناغەی پڕۆژەی قیڕتاوکردنی چەند گەڕەکێکیان دانا و وەزیری شارەوانی وپارێزگاری هەولێر قسەیان بۆ ڕۆژنامەنووسان کرد.

لە لێدوانێکدا ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاند، ئەم پڕۆژەیە لە درێژەی ئەو پڕۆژانەیە کە لە 30 پڕۆژە پێکهاتوون، کە تێچووی گشتیان 3 ملیار دینارە.

ساسان عەونی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی، مەسڕور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو دامودەزگاکانی حکوومەتی ڕاسپاردووە تاوەکوو خزمەتگوزاری بگەیەنن بە هەموو شوێنێک، ئێمەش بەڵێن دەدەین هەر شوێنێک پێویستی بە خزمەتگوزاری بێت درێغێ نەکەین.

هاوکات ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێریش لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند، خۆشحاڵین ئەمڕۆ لێرەداین بۆ دانانی بەردی بناغەی چاککردن و قیڕتاوکردنی گەڕەکی نازناز، شەقامێکی 20 مەتری و گەڕەکی کوێستان، کە 700 ملیۆن دیناری تێچوویەتی لەسەر داهاتی سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر، ئومێد خۆشناو لە درێژەی قسەکانیدا گوتی، بەرنامەکانی پەرەپێدانی 131 پڕۆژە دەستیپێکردووە کە بەشێکیان لە تەواوبووندان و بەشێکیشیان کاری لەسەر دەکرێت.

ئومێد خۆشناو لە وەڵامی ڕۆژنامەنووساندا دەربارەی هێرشەکەی شەوی ڕابردووی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر دەڵێت، هێرشەکەی شەوی ڕابردوو حەوتەمین کاری تیرۆرستییە بۆ سەر هەولێر لەمساڵدا ئەنجام بدرێت، بە خۆشحاڵییەوە هێرشەکە پووچەڵکرایەوە و نەیتوانی ئامانجی خۆی بپێکێ.

پارێزگاری هەولێر گوتیشی، ئامانج لە ئاراستەکردنی دڕۆنەکان، هێزەکانی هاوپەیمانان بوو،  هەرچەندە دڕۆنەکان گەورەتربوون لە جارانی پێشوو، بەڵام دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان زۆر لەوە گەورەترن و توانیان هێرشەکە پووچەڵ بکەنەوە بێ ئەوەی هیچ زیانێکی ئەوتۆی لێ بکەوێتەوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئومێد خۆشناو دەربارەی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، بەشداریکردنمان لە کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزیران خستنەڕووی پلانی ئەمنی پارێزگاکان بوو بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، وتیشی وێڕای خستنەڕووی پلامنە ئەمنییەکان گلەیی خۆمان گەیاند، دەربارەی هاوکارینەکردن و نەبوونی بوودجەیەکی پێویست بە لقەکانی کۆمسیۆن لە هەرێمی کوردستان.

ڕاشیگەیاند، جگە لەو دیدارە لەگەڵ پارێزگارەکانی تر سێ دیداری دیکەمان ئەنجامدا لەگەڵ سەرۆککۆماری عێراق و وەزیری دەرەوەی عێراق، لەگەڵ هەر سێ لایەن باسمان لە بوودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان کرد، ئەوانیش ڕەوایەتیان بەو مافە دا.

ئومێد خۆشناو لە کۆتایی لێدوانەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، هەوڵێک هەبوو بۆ ڕێگە نەدان بە بەشداریکردنی پارێزگاری هەڵەبجە بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەڵام  مەسڕور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێی ڕاگەیاندن ئەگەر لە بڕیارەکەتان پاشگەز نەبنەوە و دان نەنێن بە هەڵەبجە وەکوو پارێزگا و بەشداری پێنەکەن لە کۆبوونەوەکەدا، ئەوا پارێزگارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانیش بەشداری ناکەن، بۆیە ڕەزامەندییان درەربڕی بە بەشداریکردنی پارێزگاری هەڵەبجە و لەسەرەتای کۆبوونەوەکەدا مستەفا کازمی گوتی، ئەوە بەشداری کۆبوونەوەکەتان کرد هەڵەبجە ئێمە دان دەنێین بە ئێوە بەڵام کۆمەڵێک ڕێکكاری ئیداری و یاسایی ماون بگیرێنە بەر، ڕاشیگەیاند هەڵەبجەش پارێزگایەکە لە پارێزگاکانی عێراق.

ئا. عەبدوڵڵا ئازاد

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.