Erbil 33°C یەکشەممە 29 ئەیلوول 16:25

وەزیری پێشمەرگە: هەنگاوی باشمان بڕیوە و سبەی لە ئەمڕۆ باشتر دەبێت

کوردستان TV
100%


 شۆرش ئیسماعیل وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند: سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام لەهەوڵی چارەسەکردنی کەموکوڕی و گرفتەکانی پێشمه‌رگه‌ن و راشیگه‌یاند: هەنگاو بە هەنگاو دەچینە پێشەوەو سبەی لەئەمڕۆ باشتر دەبێت. 
له‌ راگه‌یاندراوێكدا، وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكرده‌وه‌:
ئەمڕۆ 12ی ئەیلولی 2021 شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە یاوەری فەریق جەمال محه‌مه‌د، سەرۆکی دەستەی ئەرکان و لیوا هیوا فەرماندەی میحوەری 4 ی کەرکوک ـ گەرمیان و  لیوا قارەمان شێخ کەمال، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئۆپەراسیۆنەکان، و به‌رپرسانی دیكه‌ی پێشمه‌رگه‌،  لەگەڵ فەرماندەی لیواکانی 1 و 9 و 16ی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە کۆبۆوە.
دەستپێکی کۆبونەوەکە، بەدەقیقەیەک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد، دواتر عەمید روکن رێبوار، فەرماندەی لیوای 16ی پیادە بەناوی هەرسێ لیواکە بەخێرهاتنی وەزیری پێشمەرگە و ستافی وەزارەتی کرد و راشیگەیاند: وەک هەمیشە هێزی پێشمەرگەی کوردستان سازو ئامادەیە بۆ رووبەڕوبونەوەی تیرۆریستان و پاراستنی خاکی کوردستان. 
دواتر لەوتەکیدا، لیوا هیوا، فەرماندەی میحوەری 4ی کەرکوک ـ گەرمیان، هیوای خواست تەواوی هێزەکان لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە کۆببنەوە، کە ئەمەش خواستی تاک بەتاکی پێشمەرگە و فەرماندەو هاوپەیمانی نێودەوڵەتیشە. 
 پاشان وەزیری پێشمەرگە لە وتارێکیدا بۆ فەرماندەو ئەفسەرانی هەر سێ لیواکە، جەختی کردەوە لەسەر پابەندبوونی زیاتری سەربازیانەو، راشیگەیاند: ئێوە هێزێکی قارەمان و کۆڵنەدەرن، شایەنی باشترن، سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام لەهەوڵی چارەسەکردنی کەموکوڕی و گرفتەکانتانن و دڵنیابن، هەنگاو بە هەنگاو دەچینە پێشەوەو سبەی لەئەمڕۆ باشتر دەبێت. 
پەیوەست بە پەیوەندییەکانی هێزی پێشمەرگەو سوپای عیراقی، وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند: پەیوەندیەکانمان لەگەڵ سوپای عێراقی بەرەو پێشچوونی باشی بەخۆوە بینیوەو دەخوازین ئەو پەیوەندیانە فراوانتر بکرێت و بەردەوامی پێبدرێت، لەپێناو ئەوەی بەیەکەوه سەقامگیری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەهەموو پێکهاتەو نەتەوەکانیەوە بپارێزین. 
لەسەر هاوکاری و هەماهەنگییەکانی هاوپەیمانان، وەزیری پێشمەرگە رونیکردەوە: هاوکاری و پشتیوانییە بەردەوامەکانی هاوپەیمانان جێگەی بایەخ و ستایشی زۆری وەزارەتی پێشمەرگەیە. 
لەکۆتایی ووتەکیدا، وەزیری پێشمەرگە دووپاتیکردەوە، کە هەمووان هێزی پێشمەرگەی کوردستان بن، بەر لەهەر شتێک، وتیشی: هەنگاوەکانمان بە ئاراستەی دروستکردنی هێزێکی بەتوانا و تۆکمەی یەکگرتوی سەردەمیانەیە، کەهاوتابێت لەگەڵ خواستی ئێمەو هاوپەیمانان. 
لەبەشێکی تری ئەو کۆبوونەوەیەدا، فەریق جەمال محمد، سەرۆکی دەستەی ئەرکانی وەزارەت، وتەیەکی پێشکەشکردو داوایکرد، لەئەرک و واجباتی سەربازیدا هەمووان سورتر و چاوەکراوەتر بن لە بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان و وتیشی: دۆخی ئێستای عێراق و ناوچەکەو مەترسیەکانی تیرۆریستان، دەخوازێت بەردەوام هێزەکانی پێشمەرگە سازو ئامادەبن.
لەسەر دواین هەنگاوەکان و کاری ناوەندی هەماهەنگی ئەمنی هاوبەش لەنێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە، سەرۆکی ئەرکان ئاشکرای کرد، کە لەگەڵ عێراق هەنگاوی باش چوونەتە پێشەوەو دوای پێکهێنانی دوو بنکەی سەرەکی هەولێر ـ بەغدا و چوار بنکەی ناوەندی هاوبەش، کاردەکەن بۆ لێنزیکبونەوەی زیاتر. 
لەکۆتایی مەراسیمەکەدا، فەرماندەو ئەفسەرانی باڵای لیواکانی پیادەی ئامادەبوو پابەندی خۆیان بەبڕیار و راسپاردەکانی وەزارەت دووپاتکردەوە.

11

 

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.